ئاگادارییه‌ك له‌ وته‌بێژی له‌شكریی پارتی ئازادیی كوردستانه‌وه‌ بۆ رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵات، هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌ و بنه‌ماڵه‌كانیان و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان

به‌ سڵاوێكی گه‌رم و ئاواتی سڵامه‌تیی بۆ كوردستان و رۆڵه‌ خۆڕاگره‌كانی؛ له‌ پێوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كڕۆنا له‌ ئێران و، له‌ پێناو پاراستنی هێزه‌كانمان و هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌ ، ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ ئاگاداریی رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو، هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌، بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌، راده‌گه‌یه‌نین:

1- له‌ ده‌رچوونی ئه‌م ئاگادارییه‌وه‌ هه‌تا ره‌وینه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كڕۆنا، یه‌كه‌كانی وه‌رگرتنی پێشمه‌رگه‌ی PAK، وه‌رگرتنی پێشمه‌رگه‌، راده‌گرن. ئه‌و كوڕو كچانه‌ی بۆ گه‌یشتن به‌ ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان، پێوه‌ندییان كردوه‌، یان له‌ حاڵی هاتندان، ده‌بێ جارێ دان به‌ خۆدا بگرن و له‌ شوێنی خۆیان بمێننه‌وه‌.

2- هه‌روه‌ك هه‌تا ئێستا به‌كرده‌وه‌ له‌ سێ ساڵی رابردوودا ره‌چاو كراوه‌، لێره‌وه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی گشتیی، له‌شكری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، چه‌كدار وپێشمه‌رگه‌ی هیچ حیزب و لایه‌نێكی دیكه‌ له‌ ریزه‌كانیدا وه‌رناگرێت.

4- هه‌تا تێپه‌ڕینی ئه‌م دۆخه‌ و ئاگادار كردنه‌وه‌ی دوایی، تكا له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین، خۆ له‌ سه‌ردان و ناردنی هه‌ر جۆره‌ كه‌لووپه‌لێك ببوێرن.
بنه‌ماڵه‌ی هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌ ده‌توانن وه‌ك هه‌میشه‌، له‌ رێگاكانی دیكه‌وه‌ به‌ پێی سیسته‌م و پرۆگرامی دیاریكراوی پێوه‌ندیی، ده‌نگ و ره‌نگی رۆڵه‌ پێشمه‌رگه‌كانیان ببیستن و ببینن.

فه‌رمانده‌ و سه‌ربازانی له‌شكری ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، وێڕای ره‌چاوكردن و به‌هێند گرتنی بنه‌ما و رێكاره‌ پزیشكییه‌كان، به‌ وره‌ی جه‌نگاوه‌رانه‌ی پێشمه‌رگانه‌وه‌، هه‌ڵسووكه‌وت له‌ گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌كه‌ن و رێگا ناده‌ن،كڕۆنا كه‌ به‌خۆشییه‌وه‌ هه‌تا ئێستا له‌ كوردستان دووره‌، ئیراده‌ و توانایان لاواز بكات.
سڵامه‌تی و به‌ڵادووریی بۆ كوردستان، رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و له‌شكری ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین.

ئه‌رده‌ڵان خه‌سره‌وی
وته‌بێژی له‌شكریی پارتی ئازادیی كوردستان

5ی ره‌شه‌مه‌ی 2719 ك
24ی فێورییه‌ی2020

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *