ئاگاداریی سپای میللیی كوردستان بۆ به‌درۆ خستنه‌وه‌ی هه‌واڵی جووڵه‌ و دامه‌زرانی هێزه‌كانی له‌ هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ بۆ جاری دووهه‌م له‌ سێ مانگی رابردوودا، هێندێك كه‌س و ئاكاونت و ماڵپه‌ڕ، له‌ ته‌ك چه‌ن وێنه‌یه‌كدا، هه‌واڵێكیان له‌ سه‌ر هێزه‌كانی سپای میللیی كوردستان، بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ گۆیا هێزه‌كانی سپای میللیی كوردستان له‌ به‌ر فه‌رمانی رێزدار كاك حسین یه‌زدانپه‌نادا، به‌ مه‌به‌ستی “سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌رانی شاری هه‌ولێر”، جووڵه‌یان پێكراوه‌ و له‌ هه‌ولێر دامه‌زراون. هاوكات خێڵی درۆ و چه‌واشه‌، وه‌ك زۆر جاری دیكه‌، پرسی وه‌رگرتنی مووچه‌ به‌ چاوی ئێمه‌دا ده‌ده‌نه‌وه‌.

سپای میللیی كوردستان، له‌ كاتێكدا سه‌رله‌به‌ری ئه‌م هه‌واڵ و زانیارییانه‌‌ ناڕاست وچه‌واشه‌كاریی ده‌زانێ و به‌ درۆیان ده‌خاته‌وه‌، لێی روونه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پلانه‌كانی شه‌ڕی نه‌رمی تاران و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان و سپای میللیی كوردستان و پارتی ئازادیی كوردستان.
بۆیه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر، ئه‌م خاڵانه‌ راده‌گه‌یه‌نین:

1- هیچ یه‌كه‌یه‌كی سپای میللیی كوردستان به‌ره‌و هیچ شار و ده‌ڤه‌رێكی باشووری كوردستان، نه‌جووڵاوه‌. ئه‌و وێنانه‌ی له‌ ته‌نیشت ئه‌و هه‌واڵه‌ دانراون، وێنه‌ی هێزه‌كانی فه‌رمانده‌یی هه‌ولێرن كه‌ له‌ سه‌ر پردی سیده‌كان، راوه‌ستاون و هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌.
2- سپای میللیی كوردستان، هیچ ده‌خاڵه‌تێك له‌ سیسته‌می سیاسیی- له‌شكریی هه‌رێمی كوردستان ناكات.به‌ڵكوو پشتیوانیی لێبڕاوانه‌ و بێ دوو دڵیی له‌ كیانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئاواتی به‌خته‌وه‌ریی خه‌ڵك و سه‌ركه‌وتنی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی هه‌یه‌.
3- سپای میللیی كوردستان، پێكهاتووی ئه‌و هێزه‌ قاره‌مانه‌نه‌یه‌ كه‌ وه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان، شه‌ره‌فی به‌شداریی و ده‌وری كارایان له‌ جه‌نگی تێكشكاندنی داعش و به‌ره‌نگارییه‌ مێژووییه‌كه‌ی پردێ دا هه‌بووه‌ كه‌ په‌لاماری هاوبه‌شی سپاكانی به‌رفه‌رمانی تاران و به‌غدایان بۆ داگیركردنی هه‌ولێر و كۆتایی هێنان به‌ هه‌رێمی كوردستان، تێكشكاند. خۆ ئه‌گه‌ر ئێستا و هه‌ر كاتێك، جارێك نا و ده‌یان جار، هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێری پایته‌ختی بكه‌وێته‌وه‌ به‌ر مه‌ترسی داعش، حه‌شد و پاسداری ئێرانی یان هه‌ر دوژمنێكی دیكه‌ی كورد، ئه‌وه‌ دیسانیش سینگمان قه‌ڵغانی پاراستنی ئه‌م نیشتمان و كیانه‌ سیاسییه‌ ده‌بێ. بۆ ئه‌م هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ش، نه‌ شه‌رم له‌ كه‌س ده‌كه‌ین و نه‌ مۆڵه‌تیش له‌ كه‌س ده‌خوازین.
4- هه‌رچی پێوه‌ندیی به‌ بابه‌تی مووچه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ خه‌م و خولیای ئه‌وانه‌، سپای میللیی كوردستان، شانازی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ به‌ بێ مووچه‌و به‌ بێ به‌رانبه‌ر، وه‌ك شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یی،شه‌ڕی داعش و حه‌شد و پاسداری كردوه‌ و نه‌ مووچه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێێشمه‌رگه‌ وه‌رده‌گرێ و نه‌ له‌ زیره‌ڤانی و نه‌ له‌ هیچ هێزێك.ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، مه‌به‌ستیان گه‌یاندنی زانیاریی به‌ تارانه‌، ئه‌وه‌، قه‌یناكه‌ با له‌ سه‌رحیسابی ئێمه‌مانان، نانێكی سیخووڕییان ده‌سكه‌وێ. ئه‌گه‌ریش به‌رچاوته‌نگییه و پاره‌ و ماڵی دنیا گشت مۆڕاڵی ئه‌وانی داگیركردوه‌‌، ئه‌وه‌ حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ت و زێره‌ڤانی؛ با برۆن له‌و راستییه‌ بگه‌ن كه‌ كاتێ پای شه‌ره‌ف و ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و جوامێرایی‌ له‌ گۆڕێدا بێ، پاره‌ و ماڵی دنیا بۆ ئێمه‌مانان بایه‌خی نییه‌.

سپای میللیی كورستان

2ی خه‌رمانانی 2720 كوردی
23ی ئووتی 2020 زایینی

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *