ئاگاداریی سپای میللیی کوردستان، سەبارەت بە ھێرشی مووشەکیی دوژمن بۆ سەر ھەولێر

سەعات ٢١:٣٠ دەقیقەی دوێشەو، ھێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر ھەولێری پایتەختی کوردستان. بە پێی دوا زانیارییەکان ئەو پەلامارە لە لایان گرووپێک لە بەکرێگیراوانی عێراقیی بەرفەرمانی تاران ئەنجام دراوە کە ئامانجەکەیان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و بنکەکانی ھێزەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانان بوو.

سپای میللیی کوردستان، لە پێناو پاراستنی خەڵک و خاک و کیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی خۆی بۆ خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دەردەبڕێتەوەو یەکەکانی بە ورەی بەرز و ئامادەیی تەواوەوە، ھەروەک ساڵان و رۆژانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و نەبەردی مێژوویی پردێ، بۆ بەرپەرچدانەوەو ھەڵمەت دژی ھەر ھێز و لایەنێکی تێرۆریست کە دەسدرێژیی بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان و پایتەختەکەی و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، لەسەنگەرەکانیاندا لەسەر ھەست و لەسەر پێن.
خەڵکی ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانی ھەولێری پایتەخت بە تایبەتیی دڵنیا دەکەین کە رۆڵەکانی رۆژھەڵاتی نیشتمان لە ریزەکانی سپای میللیی کوردستان دا، شانبەشانی رۆڵەکانی باشووری نیشتمان لە ریزی یەکەکانی پێشمەرگەی حکوومەتی کوردستان، لە توانایاندایە ئەمجاریش لووتی ھەر ھێزێک بشکێنن کە خەیاڵی بەتاڵ، بەرەو ھەولێر ھەڵیانبگرێ.

سپای میللیی کوردستان
فەرماندەیی گشتیی

٢٨ی رێبەندانی٢٧٢٠ کوردیی
١٦ی فێورییەی٢٠٢١عیسایی

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *