
بە پێی بەیاننامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە دوێنێ ڕێکەوتی 23/5/2022 ، دەرچووە «گرووپێکی تێرۆریستیی لە یاسا بەدەر بە ناوی هەیئەی تەنسیقی مقاوەمەی عێڕاقی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن».ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەو بەیاننامەیەدا لە حاست هەڕەشەکانی ئەو گرووپەدا ڕایگەیاندووە کە: «هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان،باجێکی قورسی دەبێت».
فەرماندەیی گشتیی سپای میللیی کوردستان، لەشکری لێهاتووی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شانازیی بەشداریی کارای لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش و پەلاماری هاوبەشی سپاکانی بەر فەرمانی بەغدا و تارانی لە بیستی ئۆکتۆبری 2017دا هەیە؛ وەک بەردەوام بوون لە هەڵوێستی پاڵپشتیی لە هەرێمی کوردستان، ڕادەگەیەنێ کە بە هەموو تواناوە، شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بەرپەرچی هەر جۆرە پەلامارێکی ئەو گرووپانە و هەر گرووپێکی تێرۆریستیی دیکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دەداتەوە.
هەرێمی کوردستان دەستکەوتی یەک سەدە خەباتی نەتەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پاراستنی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموو کوردستانییەکە.
سپای میللیی کوردستان
فەرماندەیی گشتیی
3ی جۆزەردانی 2722 ک
24 مای 2022 ز
وەڵامێک بنووسە