ئومێد دانەر (عەبدوڵاھی)‎سەردەشتەكەم نازانم چیت بۆ بنووسم،زۆر ھیلاكم چاوەكانم ماندووی خەون ،

لە منداڵیمەوە ئەوەندەت گریاندووم كە ھێشتا ئاو نایە لە چاوم ،ئیتر گەورەت كردم لە گریاندا و ئەوڕۆ ھەر دەتوانم بیرت لێبكەمەوە و خەوم لێ بزڕێنی و چاوم سوور بكەی. لە چیت كەمە سەردەشتم، مەگەر تۆ نەبووی خودات بە من ناساند و لەباوەشی ئەھورەمەزدات كردم ، چاوگی ئاگرت دامە دەست و ویستت بۆ ھەمیشە دژ بم بە ڕەشی و تاریكی، ئەی تۆ نەبووی لە سینەی خەڵك دا زمانمت پاراست و خاكی تۆ نەبوو دار بەڕووی كردە ھێمای كوردایەتی، چۆن نازانم،

قەندیل پشتی بە تۆوە نەبەستبوو و گیاڕەنگ و دووپەزە و چۆمی كەڵوێ پشتێندی تۆ نین’ ئەتۆ نەبووی مێژووی وڵاتێكت بۆ نووسیمەوە و تابلۆیەكەت خستە بەدردەستم كە نووسیبوت; تۆ نەوەی میتان و لۆلۆ و گۆتی و ھیتی و ئێرە جوگرافیای تۆیە و ئەو زێدەیە كە ژیان تێیدا سەری ھەڵداوە ‘وادەزانی چاوگ و ئاورگە و مووساسیرم نەدیتوون لە سەر سینگت ‘چیت بۆ بگێڕمەوە سەردەشت كە دەزانی من نازانم… ئەدی كێ بوو تۆی گەیاندە ئەو ئەستەمە.،!؟ تۆ كە جەرگە و ناخی كوردستانی ، كێ تۆی كردووە بە سنوور !؟ كێ داری لە ڕسقی تۆ داوە و كێ سیخناخی كۆڵەواری كردووی؟ ئەتۆ كە سووری خوێنی دڵی ئەوینداران بووی ، خاكت بەرووبوومی ترێ ڕەش بوو ، چۆنە لەوەتای چاوم ھەڵێنا بۆنی سـێـــــــــــــــــوم لێكردی !؟ داگیركەران لێت تێر نەبوون، ئەوەندەی خوێنیان مشتگی !؟ ٨٠٠٠ گوڵ و پەپوولەی بە بۆنی سێو لێتیان خنكاند بەسیان نەبوو ، خۆ چەند ھەزار بێتاوانیش ھەموو گیانی پۆرگ و پۆیە و دەناڵێنێت ، ئاواتی نەمان دەخوازێت لە سەرجێیی لەگەڵ خەردەل .’ ئەوڕۆ بۆچی ڕۆڵەكانت ڕاوەڕاویانە بۆ نانێك، تۆ ژیانت فێری مرۆڤ كرد، ھۆی چیە خۆت بۆ بژێوی ، گیانت لەسەر دەستت داناوە ، سینگت بەرۆكی گوللەیە و بەفریش لێت بووە بە دووژمن ! …. نازانم چۆن ناوت بێنم،شاری شیمیایی، شاری زیندانی، شاری لەداردراو، شاری بەسنوور كراو ، شاری كۆڵبەر ، شاری مواد، شاری …. سەردەشتەكەم ، ئەوانە ھەمووی سیاسەتی قیزەوەنی داگیركەرن ، خۆ من زۆر چاك دەزانم كە تۆ لانكەی شۆڕشی كوردایەتی و خەباتت ڕاژاندووە، جێگای پیرەھەڵۆ و ھەڵۆكانی ، ئەتۆ زەردەشتی ، ئەتۆ سرووشت و جوانی ، ئەتۆ پڕی لە ئاشتی و ئاشتەوایی، ئەتۆ سنووری دەستكرد نەناسی،ئەتۆی ئازادی دەستێنی، بەڵام ئاخ كەی دەبێ كاتی .. لەوڕۆوە من دوژمنێكی تریشم بۆ درووست بووە، لەوەبەدوا ڕقمە لە ھەر چی سپی و ساردی و تەڕیە ، لە ھەر وێنەیەكیش كە بۆنی بەفر بدات ، ! ئەوڕۆ بەفر سنووری بەزاند و دەستدرێژی كردە سەر شاخ و شار و خەڵكی شارەكەم، درۆ دەكات بەفریش ئەگەر نەزانێت، ئەوان تەنھا بۆ لەتێك نان پێیان بەسەر ڕووخساری دادەكێشا .
#سەردەشت #كۆڵبەر
#serdešt #kolber

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>