
28 ساڵ لهمهوبهر له ههنگاوێکی ئازایانهدا شههیدسهعید یهزدانپهنا ڕۆڵهی ههڵکهوتووی کورد و کوردستان، ئهرکی دامهزراندن و رێبەرایەتی کردنی پارتی ئازادیی کوردستانی گرته ئهستۆ و ئامانج و سیاسەتە سەرەتاییەکانی گەڵاڵە کرد.
ئێستا پاش 28 ساڵە کە لەو هەنگاوە مەزنە دەڕوانم و ئاوڕ بۆ دواوە ئەدەمەوە، زۆر خۆم بە بەختەوەر ئەزانم یەکێک بووم لەوانەی لەو رۆژانەدا شانازیی ئەوە بووە، لە کۆڕی ئەو هاورێ و هاوسەنگارانەدا بم ک سەعید یەزدانپەنا سەرکردایەتی کردوون. چۆن شانازیی نەکەم کە هاورێی رێگا و خەباتێک بووم کوردایەتی و کوردستانیی بوونی لە بەرانبەر ئێرانچیەتی و خۆ بە کەم زانین داهێنا؟ چۆن شانازی نەکەم کە قوتابیی گەورە سەرکردەیەک بم کە زۆر لە پێش زەمانەوە بوو و ئەوەی ئەو وتی و دایهێنا ئەمڕۆ پێشبڕکێی لە سەر ئەکرێ کە کێ لە پێشدا باسی کردوە. ئێستاش کاتێ ئەو رستە بە ناوبانگەی شەهید سەعید لە نامیلەکەکەیدا ئەخوێنمەوە، وەک رۆژی یەکەم گوڕ و تینی خەباتم بۆ ئەگەڕێتەوە: ” ئێمە دەمانەوێ ئەو سامە بشکێنین و بە ڕاشکاوی بڵێێن کوردین و خەڵکی وەڵاتی داگیرکراوی کوردستانین، بە بێ ترس و لەرزی سیاسی لەوەی پێمان بڵێن تەجزیە تەڵەتب”.
چەند ساڵێکە باس کردن لە فیدرالیزم و مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوونی کوردستان ئاسانە، زۆر کەس و لایەن باسی ئەکەن. ئەمڕۆ ئەگەر شەرمێونانەش بوو بێ، پارچەکانی کوردستان، لە جیاتی بە کوردستانی ئێران و عێراق و ترکیا و سووریا بە ” رۆژهەڵاتی کوردستان”و ” باشووری کوردستان” و ” باکووری کوردستان” و “رۆژاوای کوردستان” ناو ئەبەن. ئەمڕۆ قسە لە” نەتەوە” و “نەتەوایەتی” ئاسان بووە، ئاڵای کوردستان لە بنکە و بارەگا دانان و لە بەرۆک دان و لە پشت سەری خۆدانان و وێنە پێوەگرتن بووەتە باو. ئەمڕۆ گاڵتە کردن بە دروشمی” نەمان بۆ ئەمپڕیالیزم” و” خاشەبڕ کردنی نفوزی ئەمپڕیالیزم” و دیپلۆماسی کردن لە گەڵ ئەمپریالیزم، زانایی دێتە حیساب. بەڵام خۆ دوێنێ وا نەبوو، ئەو کاتەی سەعید یەزدانپەنا، بووە پێشەنگی گۆڕانکارییە سیاسی و فکرییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، ئەوانەی بە پۆستی کەمتر لە” حیزبی تاقانە” و ” رێبەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەلکی کوردستان” رازی نابن، لە بناخەوە لە گەڵ ئەو چەمک و دەستەواژانە بێگانە بوون، گاڵتەیان بە باسی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کورد دەهات و لە بینینی ئاڵای کوردستان دەسڵەمینیەوە و دەیان پرسی” ناسیۆنالیزم و لە کۆتایی سەدەی ٢٠ دا؟”. بەڵێ لەو رۆژگارەدا کە عەقڵی سیاسیی نوخبە سیاسیەکانی کورد” پێکهێنانی بەرەی دژە ئەمپریالیستی” و ” کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو” ، سەرکردەی لاوی ئێمە گوتاری نەتەوەیی هەڵگرت و کوردستانی بوون و رێگای سەربەخۆیی گرتە بەر و باس و دروشمی بەرەی کوردستانی ودیپلۆماسی نەتەوەیی داهێنا. بۆیە ئێمە بەوپەڕی شانازییەوە بە سەعید یەزدانپەنا، سەرکردەی داهێنەری خەباتی نەتەوایەتی ئەنازین.بەڵام داخەکەم بۆ ئەو لاوە زانا و بلیمەتەی کە ئەگەر مابا ئەمرۆ لە گۆڕەپانی سیاسی رۆژهەڵات رکەبەری نەبوو، زۆر زوو کەوتە بەر سیاسەتی تێرۆری دەوڵەتیی ئێران و لە کیس ئێمە و نەتەوەکەمان و حیزبەکان چوو.
قسە کردن لە کاک سەعید و خەسارەتی شەهید بوونی هەتا بڵێی زۆر و بێ پایانە. کاک سەعید” ئەستێرەیەک بوو، تاوێ هەڵات، رووناکیی دا و رۆیی”. بەڵام کاک سەعید بۆ من وخێزانە ٣ کەسیەکەی ئەو دەممان، هەر رێبەری سیاسی نەبوو. ئەو ئەرکی برا گەورەیی ئێمە و خاڵ و مامیی تاکە کوڕەکەشمانی هەڵگرتبوو. هەر ئەویش ناوی نێچیروانی کوڕمانی نا. بوونی ئەو ئاسوودەیی و هێمنی بوو بۆ ئێمە. بۆیە مەرگیشی کارەسات بوو بۆمان. لە کەشووهەوای ماڵی ئێمەدا سێبەری کاک سەعید هێشتا بە سەرمانەوە دیارە و هەر دەم لامان حازرە.
بە هەموو تاڵی و ئازارێک کە شەهید بوونی کا سەعید خستیە سەرد دڵی ئێمە، بەڵام، سەربەرزین بەوەی رێگاکەی ون نەبوو و ئاڵاکەی هەر شکاوە راگیراوە. وەک خۆم سەربەرزم بەوەی ئەو رێگایەی ئەو گرتیە بەر،ونم نەکردوە وهەتا ئێستاش بە شانازیەوە پێیدا ئەڕۆم. ویژدانم ئاسودەیە کە لە رێگایەکدا خەبات ئەکەم کە رێگای راستەقینەی کوردایەتیە. رێگای داهێنان و باوەڕ بە خۆ بوون و خۆ بە کەم نەزانینە بەرانبەر نەتەوەی سەردەست.
کاک سەعید هەزاران سڵاو لە گیانی پاکت، سڵاو لەو رێگای و رێباز و میراتە فکری و سیاسیەی بۆت بە جێ هێشتین.
(ئەفشار ئەقدەسی)
وەڵامێک بنووسە