ئەنوەر عەباسی:خالید عەزیزی لە نیوان خەبات و ئەدرەسدا

لە رۆژانی رابردوودا کاک خالید عەزیزی سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە نوێترین دەرکەوتنی خۆیدا لە وڵاتی فینلەند لە سمینارێکدا وتارێکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و لە پانتایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بڵاو بووەوە و بە هۆی چەن خاڵێکی تایبەتەوە بووە جێگای سەرنج و رەخنە و تێبینی چالاکانی سیاسی دەرەوەی ولات. بە هۆی ئەوەی کە ئەو بابەتانەی کاک خالید هێنایە گۆڕێ و پەردەی لەسەر لادان بابەتگەلێکی هەستیارن و ئەگەرچی پێشتریش کەم تا کورتێک خراونەتە بەر باس بەڵام کەم جاری وا هەبووە کە کەسێک لە ئاست و قەوارەی کاک خالید دا کە هەتا ئەم دواییانە سکرتێری یەکێک لە دوو دیموکراتەکە بووە و ئێستایش لە نێو بەدەنەی حدک دا زۆرترین لایەنگری هەیە، ئەم بابەتانە بەوشێوەیە باس بکات بە پێویستم زانی لەسەر ئەو خاڵانەی باس کراون راوەستەیەک بکەم. شایانی باسە سەرەڕای هەموو رەخنە و تێبینییەک رێزی هەر کەسێک لەسەر جێگای خۆیەتی.

کاک خالید لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ”ئاوڕ لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە کە بەرچاو روونی دروست بکەین بۆ داهاتووی خۆمان. ئێمە دەبێ بە بەرنامەیەکی فرەڕەهەندی بەرانبەر کۆماری ئیسلامی بینەوە. ئێعتراف بە واقعیات تاڵە. زۆر خۆشە دروشم بدرێ و باسی ئارەزوەکان بکرێ بەڵام بۆ ئێمە کە بە تەمای پڕۆژەیەکی گەورەی سیاسین لە داهاتووی ئێراندا ئاماژە کردن بە واقعییەتەکان گرینگە.” لێرەدا مەبەست لە فرەڕەهەندی دەبێ چی بێ؟ ئایا ئاماژە بە هەمان دروشمی هاوئاهەنگی شار و شاخە یان ڕەهەندی دیکەیش هەن؟ خۆ ئەگەر ئەوە بێت شتێکی تازە نییە و سالانێکە بەڕێوە دەچێ یان هەوڵ بۆ بەڕێوەچوونی دراوە (وەکوو کورد بە هەموو حزبەکانەوە) بەڵام کاتێک درێژەی قسەکانی بەوە دەگا کە ئێمە بە تەمای پڕۆژەی گەورەی سیاسین لە ئێراندا مەبەستەکەی کەمێک روونتر دەبێتەوە و لە کۆتاییدا بە باس کردن لەوەی کە ”خۆشە باسی ئارەزوەکان بکرێ بەڵام واقعییەت شتێکی دیکەیە” بەردێک لەسەر هەموو شت دادەنێ و پێمان دەڵی کە ئەم سمینارە بۆچی رێکخراوە و هەتا کۆتایی سمینارەکە هەوڵ دەدا ئەم دوو سی ڕستەی سەرەتای تیۆریزە بکات و پاساوی بۆ بێنێتەوە.

کاک خالید ئاوا درێژە بە قسەکانی دەدا کە ”زۆر جار رەخنە لە خۆم گیراوە هەرچەن ئێمە فرەڕەهەندی بۆی چووین بەڵام قبوڵی واقعیات کۆمەک دەکا بە بازخانی ئێمە بۆ چۆنایەتی تەعامولمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی” لێرەدا پرسیارێکم بۆ ساز بوو کە چۆن زۆر جار رەخنە گیراوە و هیچ کاریگەرییەکیشیان لەسەر بەڕێزییان نەبووە؟ یەک دوو هاوڕێم بیر هاتەوە کە لەسەر رەخنە گرتن و نوسینی وتاری ڕەخنەیی لەو حزبە دەرکراون. راستی ئەوەیە کە خەتی فکری کاک خالید زیاتر لەوەی کە بەرهەمی زەرورەتەکان بێت، بەرهەمی لزومی جیاواز بوون لەوانی دیکە بە تایبەت حدکایە. بۆیە ئەوەندەی من لە دەرەوەی ئەو حزبە ئاگادار بووبم هیچ ڕەخنەیەکی بنەمایی لەسەر شێوازی تەعامولی سەرکردایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ حزبەکانی دیکەیش و لەگەڵ بەدەنەیش نەک بە هەند وەرنەگیراوە بەڵکوو هێندەکجار تووشی سزادانیش بووەتەوە. ئەم بازخانییە کە کاک خالید باسی دەکا لە کوێی مێژووی چەن ساڵی ڕابردووی حدکدا جێگا دەگرێ؟

”کۆماری ئیسلامی چل ساڵە تێدەکۆشێ کە مەیدانی شەڕ بۆ ئێمە خۆی هەڵیبژێرێ. کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە مەیدانی نیزامی بۆ ئێمە هەڵبژێرێ. ” کاک خالید یان ئەم قسانە بۆ مەسرەفی نێوخۆیی حزبی دەکات یان تەنیا بۆ خۆ قوتار کردنە لە ڕەخنە و لێپرسینەوەیەک کە ڕەنگە توشی ببێ دەنا کۆماری ئیسلامی ئێستایش مەیدانی شەڕی بۆ هەموو هێزە کوردییەکان دیاری کردوە. تۆ وەکوو کورد نە هێزی ئەوەت هەیە نە ئیرادەی ئەوەت لە خۆت نیشان داوە هەتا مەیدانی شەڕ بگۆڕی. بەو واتایە کە چل ساڵە تۆ لە سەر زەمینی خۆت شەڕ دەکەی و ئەمە کۆماری ئیسلامی پی تەحمیل کردوی. هەتا ئێستا کورد نەیتوانیوە شەڕ لە کوردستان بباتە دەرەوە. ئەمە لە باری جوگرافییەوە، لە باری چۆنایەتیشەوە دیسان تا ڕادەیەکی زۆر هەر کۆماری ئیسلامی بۆی دیاری کردوی. مەگەر خەباتی مەدەنی پێشتر بوونی نەبووە؟ ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە ئێوەی لە شاخەکانەوە هێنایە خوارەوە و لە دەشتی کۆیە لە کەمپی کردن. ئەگەر بڕیارە واقعیاتێک بوونی هەبی ئەمانە واقعیاتێکن هەتا قبوڵییان نەکەن ناتوانن وەکوو خۆتان دەڵێن شتێک بازخانی بکەن. ئێوە هەتا ئێستایش ئەو ئەفسانە بە گوێی ئەندامانی خۆتاندا دەدەنەوە کە لەبەر بەرژەوەندی دەسەڵاتی باشوری کوردستان شاختان چۆڵ کرد. نا، کۆماری ئیسلامی شەڕی نیزامی هەڵنەبژاردوە بەڵکوو شەڕی نیزامی بۆ نزیک بە سێ دەیە لە خی دوور خستەوە و چەکەکانتانی لە دەشتی کۆیە ڕزاند. ولاتێک پێویستی بە شەڕی نیزامی بەردەوام لەگەڵ دوژمنی ناوخۆیی هەیە کە هێندەک دیموکراتیک بێت و پێویستی بە بیانویەک بێت بۆ میلیتاریزە کردن و تالان. کۆماری ئیسلامی بۆ ملیتاریزە کردنی کوردستان هیچ پێویستی بەوە نییە کە ئێوە حزورتان هەبێ. کۆماری ئیسلامی زەندەقی لەوە چووە کە شەڕی بەردەوام بتوانێ بایەخەکانی شۆڕشی کوردستان بپارێزێ. بە پێچەوانەوە، هەر ئەوەی کە ئیزنی کۆمەڵێک ئیسڵاحتەڵەبی کورد دراوە کە بە ئازادی کار بکەن واتە کۆماری ئیسلامی حەز دەکا کە تۆ بخاتە ئەو بوارەوە. کە بە ئاسانی گەندەڵت بکا، کە بە ئاسانی بێدەنگت بکا، کە بە ئاسانی بتکڕێ، کە بە ئاسانی شۆڕش لە واتاکەی خۆی بەتاڵ بکاتەوە.

”گوفتمانی حزبی دیموکراتی کوردستان مەیدانی شەڕێکی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کرد کە لەوێ ئاوا بە ئاسانی ناتوانێ دەرەقەتمان بێ.” (مەبەست ناوخۆیە) دیار نییە لێرەدا مەبەستی کاک خالید کام گوفتمانە بەلام وێدەچێ هەر باسی ئەو شێوازە چالاکییە مەدەنییە ئێن جی ئۆ و رێکخراوەییە بێ کە لە شارەکانی کوردستاندا پێشتریش هەبوون و بەم دواییانە پتر پەرەیان سەندووە و نازانم ئەوە بۆچی و بە چ مەنتقێک گوفتمانی حزبی دیموکراتی کوردستانە؟ ئەو جموجوڵانە لە کۆتاییەکانی سەردەمی سەرۆکایەتی کۆماری رەفسەنجانی و سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری خاتەمی بە مەبەستی کردنەوەی فەزای سیاسی کۆمەڵایەتی داخراوی ئەو کاتی ئێران سەریان هەڵدا و لە ڕاستیدا لە یەک دوو ساڵی پێش گیرانی عەبدوڵا ئوجالان هەتا یەک دوو ساڵی دوای ئەوە زیاتر لە ژێر کاریگەریی تەشکیلاتیی پەکەکەدا بوون هەتا حزبی دیکە و لەو ساڵانەدا کە ئاماژەی پێکرا واتە لە ١٩٩٧ هەتا ٢٠٠٢ بە بێ ئەوەی ئاگادار بن زۆرتر ڕۆڵی ”سوپاپی ئیتمینان” یان هەبوو بۆ حکومەتی دیکتاتۆری ئاخوندی هەرچەن لە سالانی دواتردا بە هۆی بەهێز بوونی بنەما و زاتی شوناسخوازی کورد هەموو لە بەرژەوەندی زیندوو بوونەوەی شەقامی کوردستان شکانەوە.

”ئێران موشەکی لە ئێمەدا.” کاک خالید بە دانستە ئەو شتانەی کە دەبێتە هۆی رەخنە موسادەرە بە مەتلوب دەکا. بە جێگای ئەوەی وڵامدەر بێت کە بۆچی وڵامی ئەو هەموو راهاتن و هەوڵ بۆ گفتوگۆیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووە بە موشەک لێدان و کوژرانی چەندین ئەندامی سەرکردایەتی و ژن و منداڵی کورد، دێت و ئەو موشەک لێدانە وەکوو نیشانەی سەرکەوتوو بوونی خۆیان لە کارەکانییاندا پیشان دەدا.  ئەگەر بەوانە بێ دەبوو ئێستا موجاهدینی خەلق کە هەتا ئەم دواییانەش هەموو ساڵێک هێرشییان دەکرایە سەر و هەتا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریان نەپەڕاندن وازییان لێنەهێنان لە هەموومان بە کاریگەرتر بزانین. ئێوە هێشتا ولامی ئەوەتان نەداوەتەوە کە چۆن پێشمەرگەتان لە شاخ جێگیرن و لەگەڵ پاسداران وەشەڕ هاتوون و ئێوە وەکوو ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو پێشمەرگانە ئاوا بە بی هیچ تێبینییەکی ئەمنییەتی لە بن گوێی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و لە نێو ماڵی یەکێتی نیشتمانی کە پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەوە تێپەڕیوە ناوی پێوەندی لێ بنری، کۆنگرە و کۆنفڕانس دەبەستن. چ سەرکەوتنێک لەمەدایە کە بە یەک چرکە نیوەی ئەندامانی رێبەری حزبێک لە خوێنی خۆیاندا بگەوزێن؟ ئەمە بابەتێک نییە کە تەنیا گورزی لە حزبەکەی ئێوە دابێ، ئەمە زەرپێک بوو کە لە ئیتوار و سومعە و متمانەبەخۆیی کورد درا و بە هیچیش قەرەبوو ناکرێتەوە.

”دەبێ لەوەدوا دەبێ مەیدانی خەباتی ئێمە نێوخۆی وڵات بێ.” پرسیار لێرەدایە بۆ مەگەر بڕیار وایە کوێ بێ؟ مەگەر هەتا ئێستا لە نێۆخۆ نەبووە؟ بۆ ئەو هەموو رێکخستنە نهێنییەی هەموو حزبەکان ئەم هەموو ساڵە لە نێوخۆ کار دەکەن بە حساب نایەن؟ بۆ مەگەر پێشمەرگە کە دەچێتەوە ناچێ بۆ نێوخۆ؟ مەگەر ئەو کادرەی لە تەلەفزیۆن قسە دەکا بۆ نێوخۆ قسە ناکات؟ خۆ ئەوەندەتان لە دەرەوە لۆبی نەکردوە پێتان بڵێین بەسە ئیتر ئەو هەموو لۆبییە چی لێبکەین کەمێکیش لەگەڵ نێوخۆ کار بکەن… ئەم قسانە بە گشتی ئیرادی مەنتقییان هەیە.

پرسیارێکیشم بۆ ساز بوو نەمویست زۆر لێ بکۆڵمەوە چونکا هەستم کرد بەلاڕێماندا دەبا بەڵام هەر دەیپرسم با بەردەنگ خۆی ولامی بداتەوە: پێداگری کردن لەسەر گوندیی بوونی خۆی و حدک لە لایەن کاک خالیدەوە، وەکوو موجامەلە سەیر بکەین یان وەکوو وەبیرهێنانەوەیەک؟

”کێشەی واشینگتۆن لەگەڵ تاران کێشەی مەنفەعەتە”. دەی خۆ ئەگەر کاک خالید نەیوتایە رەنگە ئێمە نەمانزانیایە. ئەمە بابەتێکی زۆر ئاشکرایە. مەسئەلە ئەوەیە کە ئێمە دەبێ مەنفەعەتی خۆمان لەگەڵ ئەمریکا یەک بخەین و لە لایەکی دیکەشەوە ئەبێ ئەمریکا و رۆژئاوا و هەموو دنیا لەوە تێگەیەنین کە ئێمە چیمان دەوێ. هەتا ئێستایش گەلی کورد بە دەست حزبی سیاسییەوە سەری لێشێواوە. هەتا ئێستا کورد نەیزانیوە چی دەوێ. ئێوە کە ناتوانن لەگەڵ حزبەکانیتر بە خاڵێکی هاوبەش بگەن چۆن باس لەوە دەکەن کە وەدوای مافی گەلی کورد کەوتوون؟ لە لایەکی دیکەوە کاتێک ئاماژە بەم نهێنییە گەورەیە دەکەن کە ئەمریکا وەدوای بەرژەوەندی خۆی کەوتووە ئایا مەبەستتان ئەوەیە شێوازی خەبات و جۆری ویستی حیزبەکەتان دەتوانێ شتێک لەم ڕاستییە بگۆڕێ؟ ئەگەر وڵام بەڵێیە، چۆن؟

”پێـشەرگەی کوردستانی ئێراق.” کاک خالید بە تەئکید کردنەوە لەسەر ئێراقی و ئێرانی بوونی کوردستان دەیەوێ ئەو وەهمە بۆ بەردەنگ ساز بکات کە خۆی و حزبەکەی زۆر واقعبینن. لە راستیدا واقعبینی بە ئێراقی و ئێرانی زانینی کوردستان ناکرێ، ئەمە تەنیا شەرعییەت دانە بە گوتاری ئێراقی و ئێرانی. بڕیار نییە حزبی شۆڕشگێڕ هەرچی لەسەر عەرزی واقع بۆی ڕۆکرا بیچنێتەوە و مرتقی لێوە نەیە. خۆ لە کرداردا پێشکەوتنێکی ئەوتۆمان نەبووە لانیکەم لە کێشانەوەی نەخشەڕێگادا بە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانە قسە بکەن کە هیچ نەبێ گەلی کورد لە هەست کردن بە پێناسەی خۆیدا تووشی کەمایەسی لەوە زیاتر نەبێ. خۆ هیچ نەبێ ئەوە دەزانن بزوتنەوەی کوردیی، بزوتنەوەیەکی شوناسخوازە. شوناس واتە خاک، زمان، ئاڵا و گەل. تازە بە تازە دوای چەندین دەیە خەباتی بێوچان گەلی کورد خەریکە فێر دەبێ بە جێگای ئێران و ئێراق بڵێ رۆژهەڵات و باشور، چ مەنتقێکی شۆڕشگێڕانە دەڵێ جەنابت بیکەیتەوە بە ئێران و ئێراق؟ واقعبینی سیاسی ئەوە نییە. واقعبینی سیاسی واتە بە پێی زەرورەتی تاریخی و هەنوکەیی شۆڕشی کوردستان لە هەنگاوی یەکەمدا حدک و حدکا یەک بگرنەوە و لە هەنگاوی دووهەمدا هیچ نەبێ کۆنگرەیەک بۆ هەموو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگیرێ و تێیدا کۆمەڵێک بڕیاری چارەنوس ساز بدرێ. لە راستیدا ئێران تەنیا شتێک کە نایهەوێ ئەمەیە، نەک شتی دیکە.

”گیرانی پەنجا و یەک لەسەدی خاکی کوردستانی ئێراق و هیچ نەوتنی ئەمریکا.” کاک خالید دیسان بە سڕینەوەی راستییەکان بابەتەکە موسادەرە بە مەتڵوب دەکا بە بێ ئەوەی کە ئاماژە بەوە بکا ئەمریکا هیچی بۆ نەدەوترا کاتێک ئیرادەی بەرنگاری نەمابوو. هەر ئەو ئەمریکایە ناچار بوو بۆ کۆبانێ فڕۆکە هەستێنێ. هەڵەی دەسەڵاتی باشوری کوردستان و خەیانەتی تاقمێک گوێ لە مشتی ئێران (تورمەی ئەو کەسانەی کە ئەوانیش پێیان وابوو- وایە دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە) نەبوایە، دەکرا چارەنوسی ئەو شەڕە بەشێوەیەکی دیکە با.

لە درێژەی ئەو بابەتەدا کاک خالید لە لایەکەوە ئاماژە بەوە دەکا کە دەنگی خەڵکی کوردستانی ئێراق بە هیچ دانرا و ولاتانی رۆژئاوایی لەسەریان وەجواب نەهاتن لە لایەکی دیکەوە دەڵێ ئێمە دەبێ لەسەر زەرفییەتەکانی خەڵکی ناوخۆ کار بکەین. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە دەبێ لەسەر زەرفییەتەکانی خەڵکی ناوخۆ کار بکرێ بەڵام ئەم تەناقوزەی کاک خالید بۆخۆی ساز دەکا چۆن ئەیەوێ لێی دەرباز بێ؟ لە لایەکەوە دەنگی خەڵک بە هیچ ناشێ و لە لایەکەوە دەبێ حەسابی لەسەر بکرێ.

دیسانەوە دەڵێ: ”حزبی دیموکراتی کوردستان باشی عەمەل کردوە و گوفتمانی ئێمە! توانیویە بچەسپێ.” کام گوفتمان؟ ئەگەر مەبەست رووکردن لە ئیسڵاح تەڵەبییە خۆ ئەوە زۆر پێش ئێوە کراوە. لە پێش هاتنە سەر کاری خاتەمیشەوە گوتاری ئیسڵاح تەڵەبی بە تامی کوردی لە ئێران هەبوو و دوای هاتنە سەر کاری خاتەمی پەرەی زیاتری سەند. ئەوەندەی کە پەکەکە بە هۆی ئازاد بوونی چالاکیەکانی لە نیو خۆی ئێران لەو کاتەدا کاریگەری لەسەر ئەم بابەتە هەبووە هیچ حزبێکیتر نەیتوانیوە کاریگەری هەبێ. چۆن و بە چ پێوەرێک ئێوە ئەم شتانە دەکەن بە هی خۆتان و لە لایەکی دیکەشەوە چۆن هەموو ئەم بابەتە جیاوازانە پێکەوە گرێ دەدەن؟ بۆ نمونە کاری ئێن جی ئۆکان کە هەر کامە و دەیان ئەندامییان هەیە کە هەر کامەیان لە حزبێکی جیاوازەوە نزیکن یان سەربەخۆن و یان لەوانەشە لە حکومەتەوە نزیک بن و چۆنییەتی هەر کام لەم ئێن جی ئۆ و ناوەند و گروپانە زۆر لە یەکتر جیاوازە و یەک کاسە کردنی ئەمانە بەم ئەدەبیاتە گشتییەی جەنابتانەوە ئایا تەنیا جۆرێک خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن نییە؟

”میلەت سازی.” کاک خالید باس لەوە دەکات کە لە ڕابردوودا ئێمە مەجالمان پێنەدراوە میلەت سازی بکەین. لە باری زانستییەوە زۆر پێناسە بۆ میلەت کراون کە لە هێندەکییاندا بۆ ئەوەی کە میلەتت هەبێ پێویستە دەوڵەتت هەبێ و خەڵکی بێ دەوڵەت ناتوانن میلەت بن. ئەگەر پێناسەی کاک خالید بۆ میلەت سازی لەم پێناسانەوە نزیک بن کەواتە بەشی یەکەمی قسەکانی خۆی نەقز دەکات کە پیوایە داوای دەوڵەت کردن خەون و خەیاڵە و ناواقعییە (دیارە ئەو بە وردی ناڵێ دەوڵەتی کوردی بەڵام بە روونی مەبەستی بیری سەبەخۆییخوازییە کە خەون و خەیاڵە) و ئەگەر باوەڕی بەو پێناسانەی دیکە هەبێ کە پێیان وایە بە بێ دەوڵەتیش گەلان دەتوانن بە میلەت بێنە ئەژمار (دیارە بە هۆی کۆمەڵێک نیشانە و فاکتەرەوە) کەواتە ئەم پاشگری ”سازی”یە کە داری دەستی فارسانە و بەسەر هەر بزوتنەوەیەکی شوناسخوازانەیدا دەدەن بۆ بەکار دەهێنێ؟ ئەویش وەکوو ئەوەی کە تازە بە تازە خۆی کەشفی کردبێ. نەتەوەسازی لە پانتایی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە واتای جەعلی میلەت دێت. واتە میلەتێک کە بوونی نییە و تۆ بۆ مەرامی سیاسی تاقم/دەوڵەت/ زلهێزێکی دیکە ئەمکارە دەکەی. ئایا کاک خالید دەیەوێ تا کوێ لەم پەنا بردنە بەر ئەدەبیاتی فارسیستییە واز نەهێنێ؟ ئینجا بە خێشکە و بە ئارامی!! دەی بۆ یەکسەر ناڵێی ”بەشیوە خزندە” با یەکسەر ببێتە ئەدەبیاتی حکومەتی؟ ئینجا کاک خالید بەراستی پیوایە حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئاگایان لەم شتانە نییە کە دەیڵێ؟ لەگەڵ ئەقڵ یەک ناگرێتەوە بە دەنگی بەرز هاوار بکەی: ئێمە بە خشکە نەتەوەمان ساز کردوە…

دوای ئینقلاب کوردایەتیمان گەیاندە نزیک کرماشان و ئیستا لە ئیلامەوە خەڵک بە ئیفتخارەوە باسی کورد بوونی خۆیان دەکەن. (چونکا مەرجەعی ئەو ”ئێمە”یە دیار نییە مەبەستی کێیە واز لەم بەشەی دێنم.)

کاک خالید دوای ئاماژەدان بەوەی کە یەک ولات و یەک زمان و یەک… دەبێ هەبن، ئاماژە بە ئەڵمانیا دەکا کە بۆ ئەوەی کە ببن بە میلەتێکی موقتەدر تەنەوعاتی زمان و لەهجەیان خڕ! کردەوە و پاشان فەڕانەسە و ئێرانیش بە نمونە دێنێتەوە. هەر بەڕاستی ئێرانی رەزاشایی ئێستا بووە بە ئولگوی بە سابقەترین حزبی کوردستان؟ ئەی بۆ یەکسەر نافەرمون با هەورامی و کەڵهوری و لەکی قەدەغە بکرێن و ئەگەر وازییان نەهێنا پاکتاوی نەژادییان بکەین؟ سەیر لەوەدایە کە بۆ پاساوی ئەم قسە باس لە دوو پارچەیی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات. لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان ئەو شتەی بووە بە هۆی دوو ئیدارەییەوە جیاوازی زاراوە نییە. دەی خۆ ئێستا بمانەوێ و نەمانەوێ زمانێک وەکوو زمانی ستاندارد مان هەیە و کوردی هەر دوو پارچەی باشور و رۆژهەڵات هەتا ئاستێکی زۆر لەسەر یەک زاراوە ساخ بوونەتەوە. چ پێویست بەوە دەکا ئێوە بتانەوێ زاراوەکانی دیکە خڕ بکەنەوە؟ یان تەنانەت باسیشی لێوە بکەن. خۆ زاراوەکانی دیکە زۆر بە خاکەڕایی و لە پێناو یەکگرتوویی زمانی کوردیدا خۆیان لە ناوچەی خۆیان قەتیس کردوەتەوە و هەیانە شاعیران و نوسەرانێک کە بە زاراوەی فەرمی کوردی دەنوسن. ئەم قسانەی ئێوە چەندە دەچێتە خانەی خزمەت بە یەکگرتوییەوە؟ لە کاتێکدا کە ئێوە خۆتان بە زاراوەیەک قسە دەکەن کە زۆر لە زمانی ستانداردەوە دوورە و بێجگە لەوەی کە نیوەی وشەکانت فارسی و عەرەبین وشە کوردییەکانیشت وەها بە زاراوەیەکی توندی ناوچەی لە دایکبوونی خۆت دەردەبڕی کە بە دووری ئەزانم مەریوانییەک و سەقزییەک لێتان حاڵی بێ چ بگا بە دانیشتوانی باشوری رۆژهەڵاتی کوردستان. سیاسەتەکانی ئێران و وڵاتانی وەکوو ئێران بوونەتە هۆی سڕینەوەی زۆر زمان لەسەر عەرز، ئایا ئێوەیش دەتانەوێ زاراوە و زمانی دیکە لە کوردستان خڕ بکەنەوە؟ ئەدی ئەو خەڵکە بۆ خۆی لەسەر کوردایەتی بە کوشت بدا ئەگەر ناسنامەی باوک و باپیرانی تێیدا بە هیچ بگیرێ؟ ئینجا یەک شتی گرینگ هەیە کە لە بابەتی ئێراندا کاک خالید لە بیری کردوە. ئەوەیش ئەوەیە کە زمانی فارسی لە ئێراندا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە زەبری شمشێر بووە بە زمانی فەرمی. ئایا تۆی کورد کە هیچ دەسەلاتێکت نییە چۆن دەتەوێ زمانی یەکگرتوو دروست بکەی ئەگەر بەم ئەدەبیاتەوە باسی زاراوەکانی دیکە بکەی؟ راستی ئەوەیە کە زاراوەکانی دیکەی کوردی دەبی لە خۆ بوردوویی بکەن و ئێمە دەبێ زۆر سپاسی ئەوان بکەین کە لە پێناو ئەم لە خۆبوردوییەدا زاراوەکەیان لە گەشەسەندن دەکەوێ. لە راستیدا ئەوان خەریکن گەورەترین قوربانی دەدەن لە پێناو کوردایەتیدا و کاک خالید بە بەرز کردنەوەی قامکی ئاماژەی و شێوازی ئاخافتنی، زەرەر لەو یەکگرتوییەی کورد دەدا کە زۆر بەشێوەیەکی دڵخوازانە خەریکە ساز دەبێ.

لە شوێنێکی دیکەی قسەکانیدا کاک خالید ئاماژە بەوە دەکات کە کاری کوردی ناوخۆ هەوڵ بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە و دوو خولەک نابا خێرا لە قسەکەی پاشگەز دەبێتەوە و دەڵێ ئێمە لە دەرەوە و لە ناوەوە دەبێ دژی کۆماری ئیسلامی بین (نەک دژی تورکیا و …) . وشەی دژ لە لای کاک خالید هەڵبەت ئاماژە بە شتێکی دیکە دەکات یان ئەوەی کە بیرگەی کاک خالید هێندەک لاوازە و بیری چووەتەوە دوو خولەک لەوە پێش چی وتووە.

کاک خالید لە شوێنێکی دیکەدا ئاماژە بەو پرسە دەکات کە دیارە لە نێوخۆی حزبەکەی خۆشیدا بووە بە رۆژەڤ کە ئایا ئێمە چیمان دەوێ؟ ئایا ئێمە نەتەوەیین یان ئێرانین؟ ولامی کاک خالید وڵامێکی نە نێر نە مێوە. ئەڵێ ئێمە نەتەوەیین بەڵام سیاسیشین. واتە بە روونی مەبەستی ئەوەیە کە ناوێرین باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەین چونکا بڤەیە. یەک مەسئەلە لێرەدا سەرنجڕاکێشە ئەویش ئەوەیە کە رێبەرانی کورد هەتا ئێستا بنەمایان لەسەر ئەوە داناوە کە فارس/ دەوڵەت/ حکومەت/ئوپوزسیۆنی ئێرانی گەژمە و ساویلکەن. حزبی کوردی لە نیوخۆیدا بە ئەندامەکانی دەڵێ ئێمە زۆر نەتەوەیین بەلام بە کەس نەڵێن با نەزانن فریویان دەدەین. (دڵنیاتان دەکەمەوە هەر بەم ئەدەبیاتە ساویلکانەوە وتراوە). بەڵام لەوەتی هێزی کوردی داوای خودموختاری و فێدرالیزم دەکا ولامی حکومەت و ئوپوزسیۆنی ئێرانی یەک شت بووە: ئێوە ئەگەر فدراڵیتان پێبدرێ سبەی داوای سەربەخۆیی دەکەن. وە ڕاستیش دەکەن. بەلام هێزی کوردی بە گشتی و کاک خالید بە تایبەتی دەبوو هەتا ئیستا ئەوەی زانیبا کە بژاردەیەک وەکوو فیدرالیزم دەبوو ئۆفەرێک بوایە کە لایەنی بەرانبەر بە کوردی پێشنیار بکا کە بەشکەم کورد رازی بکا لێی جیا نەبیتەوە. ئەگەر بڕیارە گفتوگۆ و سیاسەت کردنێک لە ئارادا بی ئەبی لەسەر بنەمایەکی ئاوا بێت و هیوادارم کاک خالیدەکان زیاتر گوێ بۆ گەلی خۆیان رادێرن.

کاک خالید لە وتارەکەیدا وەک بڵێی ئەم وشەی زۆر بەلاوە جوانە چەندین جار ئاماژە بە ئەدرەس دەکات. ئەدرەسی بە قوەت. ئاماژە بەوە دەکات کە فرەحزبی ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەدرەسی بە قوەتمان نەبێ. راستی ئەوەیە کە منیش لە بابەتی فرە حزبیدا هاوڕای بەڕێزییانم بەڵام پێموایە کەسێک کە ئەم قسە دەکات یەکەم بەرپرسی هەوڵدانە بۆ ساز بوونی ئەدرەسی بە قوەت. کورد تازە حزبەکانی ناسڕدرێنەوە کەواتە با مێشک و بیرکردنەوەیەکی کراوەی هەبێ بۆ ساز کردنی یەکدەنگی و یەکگرتوویی کە کورد هەموو بە یەک ئەدرەسەوە بەشداری کاری سیاسی بکات. ئەدرەسی بە قوەت پێوەندی بەو واقعبینییەوە هەیە کە باس کرا. واقبینی ئەوەیە کە بزانی تۆ یەک دوژمنی بەهێزت هەیە و یەکگرتووە و تۆ چەندین حزبی نایەکگرتووی لاوازی. هەر قسەیەکیتر بەدەر لەمە بێمانا و پوچە.

بە گشتی لەم سمینارەدا کاک خالید ئاماژەی بە هەر خاڵێک کردوە کێشەی لەسەرە و دەکرێ زۆری لێبکۆڵینەوە بەلام هەر ئەوەندە بەسە و ئیتر ناپەرژمە سەر ئەو چەن خالەی دیکە کە لە خوارەوە ئاماژەیەکییان پێدەکەم:

”من لەگەڵ زۆریان پێوەندیم هەیە (فەعالینی مەدەنی) حزبەکەی ئێمە کار لەگەڵ فەعالینی مەدەنی دەکا.” ئایا هەر ئەم قسە نابێتە هۆی لە مەترسی کەوتنی چالاکانی مەدەنی نێوخۆ؟

”سکۆلاریزم نابێ دروشمی ئێمە بێت چونکا لەوانەیە سبەی حزبی ئایینی زۆرینەی دەنگی پێبدرێ و…” پاشان ” بەلام ئایین دەبی لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە”… چۆن دەبێ؟

 

بەو هیوایە کاک خالید و کاک خالیدەکان هێندەک بەرپرسانەتر بپەرژێنە سەر باس و خواسە نەتەوەییەکانەوە و هەروەها وەکوو کاراکتەرێکی سیاسی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەرکەون نەک کەسایەتییەکی نابەرپرس.

.

تێبینی:
وشەی فارسیم زۆر بەکار هێناوە ویستم لەگەڵ قسەکانی کاک خالیددا یەکدەست بێت و نەبێتە هۆی گۆڕانی قسەیەک و بەلارێداچوونی باسەکە.

(ئەنوەر عەباسی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *