ئەنوەر عەباسی:ناسیونالیزم لە بەرانبەر ناسیونالیزم

ئەگەر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دین ماکی زاڵ و مەکینەی پێکهێنانی کۆمەڵگا و چەکی پاراستنی ”خۆ” لە ”ئەویتر” بووبێ لە سەدەی نۆزدە بەملاوە ئەم ئەرکە بە ناسیونالیزم سپێردراوە. راستی ئەوەیە کە ئەم دو چەمکە لە دوو قۆناغی باس کراودا کارکردێکی تەواو هاوشێوەیان هەبووە بەو جیاوازییەی کە ئێستا بە هۆی دوور کەوتنەوەمان لە چاخی دین سالاری ئەتوانین باشتر و وردبینانەتر و لە دەرەوەی بابەتەکە سەیری بکەین و هەڵیسەنگێنین و ئاکار و لێکەوتەکانی ببینین و دەستکەوت و خەسارەکانی دەستنیشان بکەین. ئێمە ناتوانین ئینکاری دەستکەوتە ژیارییەکانی سەردەمی دین سالاری بکەین هەروا کە نایشتوانین چاو لەسەر ئەو کارەساتانەش داپۆشین کە دین بەرهەمی هێناوە.

ئەم بابەتە لە بارەی ناسیۆنالیزمیشەوە راستە. بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا لەسەردەمی زێڕینی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت نەتەوەکاندا دەژین هەڵسەنگاندنمان بە نیسبەت ئەم بابەتەوە لە هەڵە و خراپ تێگەیشتن بەری نییە. بۆیە رەنگە بەراوردێکی سۆنگەیی و کورتییان بۆ باسەکەمان بە سوود بێت.

ناسیونالیزمی هێرشبەر – ئایینی هێرشبەر

ئەم دوانە لە کارکرددا راست هاوشێوەی یەک کارییان کردوە. هەر وەک چۆن ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست هەوڵی تواندنەوە و داگیر کردنی نەتەوەکانی دیکە دەدا، ئایینی ئاینپەروەرانی سەردەستیش هەوڵی سڕینەوە و لە نێو بردنی ئایین و لەگەڵ ئەوە فەرهەنگ و زمان و … ئەویدیکەی داوە. بۆ نمونە سەیری ئیسلامی شێعەی ئێرانی بکەن کە چۆن پێشتر بە ناوی ئایینی ئیسلام و ئایینزای شێعە هەوڵی داگیرکردن و وەک خۆ لێکردنی دەوربەری خۆی داوە و لە سەد ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا هەمان کار بە ناوی ناسیونالیزمی ئێرانی و پان ئیرانیزمەوە درێژە پێئەدا. (کە لەسەردەمی کۆماری ئیسلامییەوە ئیتر کەڵک لە هەردوو چەکی ئیسلام و ناسیۆنالیزم وەردەگرێ بۆ ئەم مەبەستە)

ناسیونالیزمی بەرخۆدەر – ئایینی بەرخۆدەر

لە بەرانبەر ئەوەدا ئەمجار باسی جۆرێکیتری ناسیۆنالیزم و ئایین پەروەری دێتە گۆڕێ کە بە هەمان چەک لە بەرانبەر داگیرکەردا هەوڵی خۆ پاراستن و درێژەدان بە ژیانی خۆی دەدا. لێرەدا ئیتر کارکردی ئایین و ناسیۆنالیزم لە چەمکێکی رەش و دزێوەوە ئەگۆڕێ بۆ واتای ”ماف”. واتە ئەمە مافی هەر گروپێکی مرۆڤییە کە لە بەرانبەر داگیرکاریدا خۆ بپارێزێ و بۆ هەر جۆرە خۆ پاراستنێکیش ئەبێ پێش هەموو شتێک چەمک و واتایەکییان پێبێ کە کۆیان بکاتەوە. لەسەردەمی زاڵ بوونی ئاییندا ئەو ”حبل المتین”ە ئایین بوو و لەسەردەمی نوێدا کە وەک پێشتر وترا سەردەمی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت نەتەوەکانە ئەو کارکردە بە ناسیۆنالیزم دراوە. رۆژهەڵاتی ناوین بە تێکڕا شەڕی ئاینییان بە ئیسلامی هێرشبەر دۆڕاند و بە زۆر هۆکار کە گرینگترینیان بە ڕای من سست بوونی ورە و نەزانینی کارکردی ئایین لە پاراستنی خۆیاندا و نەتوانینییان بۆ کۆ بوونەوە لە دەوری ئەم هێما گرینگەی خۆیان بوو، سەرەتا شەڕی ئایین و پاشان بە رێژەیەکی زۆر شەڕی فەرهەنگ و زمانیشییان دۆڕاند. بەڵام لە باسی ناسیونالیزمدا لەسەردەمی نوێ بابەتەکە نەیتوانی درێژە بکێشێ. واتە ئومەی ئیسلامی کە هەتا سەردەمی عوسمانی و سەفەوی لە دوو ئومە پێکدەهات لە ناکاو لە بەرانبەر شەپۆلی ناسیونالیزمدا خۆی پێنەگیرا و پارچە پارچە بوو و چەندین دەوڵەت نەتەوەی لێکەوتەوە کە هیچییان بە هیچ شێوەیەک تەنانەت بە هۆی ئایینی هاوبەشیشەوە ئامادە نین واز لە ناسنامەی خۆجێی خۆیان بهێنن و دیمان کە تەنانەت شەڕی ئیسرائیلیش نەیتوانی ببێتەوە هۆی یەکگرتوویی درێژ ماوەی ئومەی ئیسلامی پێشوو و وڵاتانی جۆر بە جۆری ئێستا.

لێرەوە بەهێزیی ئەم چەمکە بە نیسبەت نوێیەمان بۆ دەرئەکەوێ. رەگی ئایین لە ئاسمانەکان و خەیاڵدایە بەڵام رەگی ناسیونالیزم لە عەرزی ژێر پێی مرۆڤدایە و پێوەندی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەران و بیرەوەری و زمان و بوون و نەبوونی ئەوەوە هەیە. سڕینەوەی ئایین لە مێشکی مرۆڤ زۆر ئاسانترە لە سڕینەوەی بیری خۆشویستنی وڵات. کورد لە سەردەمی ئایینی زۆرڤانییەوە هەتا ئێستا چەندین جار ئایینی گۆڕیوە بەڵام قەت نەیانتوانیوە خۆشویستنی ولاتی لە مێشک بسڕنەوە. شایەتی ئەمە ئەو کوردانەن کە لە قەوقاز و خوراسان و لوبنان و ئیسرائیل و هتد لە خاکی دایک دابڕاون بەڵام هێشتا کورد بوون و ئاواتی کوردستانی ئازادییان لە بیر نەچوەتەوە.

هەر لەم بازنەیەدا ئەتوانین هۆکاری سەرنەکەوتنی کومونیزمی ئەنتەرناسیوناڵیزمیش ببینینەوە. کارکردی کۆمەلایەتی و سیاسی و ژیاری کومونیزم بە تەواوی هاوشێوەی ئایین بوو و هەیە. وێڕای هەموو دروشمە جوانەکانی دیتمان کە خۆی هەر لە نێو خۆیدا دەرەقەتی ناسیونالیزمی نەتەوەکان نەهات و لە کۆتاییشدا کەوتە خزمەت ناسیونالیزمی چینی و روسییەوە. ئێستاکە کومونیزم لە چیندا راست ئەو کارکردەی هەیە کە ئایینزای شێعە لە ئێران هەیەتی واتە پتەوکەری هەستی ناسیونالیستی لە وڵاتێکدا کە لە چەندین نەتەوە پێکهاتووە.

بیری سڕینەوەی ناسیونالیزمی سیاسی و لابردنی سنوورەکان لە نێوان وڵاتاندا بیرێکی جوانە بەڵام هەتا ئێستا لە خەونێک زیاتر تێنەپەڕیوە. لەم نێوانەدا ئەوەی کە لە هەمووی گرینگترە زانینی ئەوەیە کە ئەگەر بڕیارە کەسێک ناسیونالیست نەبێ، ئەگەر بڕیارە ناسیونالیزمی سیاسی لە دنیادا نەمێنێ سەرەتا ئەبێ لە ناسیونالیزمی هێرشبەرەوە دەست پێبکرێ. هەتا کاتێک کە ناسیونالیزمی ئێرانی بوونی هەیە زۆر بێ واتا و گەمژانەیە کە بە کوردێک بڵێی تۆ نابێ نیشتمان پەروەر بی. ناسیونالیزم بۆ کورد بەهێزترین چەکی بەرگری لە کەرامەت و فەرهەنگ و مێژوو و کەسایەتی خۆیەتی و بێگومان ئەبێ زۆر بوێرانە و بە بێ موجامەلە و ترس باسی لێوە بکات و خۆی لەگەڵ دنیای دەوروبەری یەکلا بکاتەوە.

مۆدێڕنترین بەرپەرچدانەوەی ناسیونالیزمی نەتەوەکانی ژێردەستە ئەو قەلە نەرمە بڕانەن کە پاساوییان بۆ دژایەتی ئەم ناسیونالیزمە ئەوەیە کە :ئەگەرچی مافی دیاری کردنی چارەنوس مافێکی سەرەتاییە بەڵام گەیشتن بەم مافە بە دەریای خوێندا تێئەپەڕێ کەواتە ئەبێ ئەو نەتەوانە واز لەم مافە بێنن و سەرەتا هەوڵ بدەن کە ئێران و پاشان ناوچەکە دیموکراتیزە بکەن و دوای هەموو ئەمانە ئیتر هەر پێویست بە مافی دیاری کردنی چارەنوس نامێنێ هەتا کەسێک داوای بکا.

بەڵام ئەم سەفسەتە کە بێگومان بیری پان ئێرانیزمی بە دەمامکی ئاشتیخوازی لە پشتە باس لەوە ناکا کە لە کاتێکدا کە مافێک لە کەسێک زەوت ئەکرێ بۆ سەندنەوەی ماف روو لەو کەسە ناکرێ کە مافی پێشێلکراوە و لە خوێن و شەڕ ناترسێنرێ بەڵکوو روو دەکرێتە داگیرکەر. ئەمە چ جۆرە ئاشتیخوازییەکە کە ناڕاستەوخۆ پشتگیری ناسیونالیزمی هێرشبەر و داگیرکار دەکا و ماف بە خاوەن ماف رەوا نابینێ و هەتا ئاستێک ئەڕواتە پێشەوە کە هەرچەشنە دەنگێکی ناسنامەخواز بە شەڕخواز لە قەڵەم دەدا و راستەوخۆ جێگای مافخۆر و مافخوراو دەگۆڕێ؟

بە پێچەوانەوە، هەروا کە لێنین ئاماژەی پێکردوە ”ناسیونالیزمی نەتەوە بندەستەکان هەڵگری ناوەرۆکی دیموکراتیکە” و هەرچەشنە بەرنگار بوونەوە و دژایەتییەکی ئەم ناوەرۆکە دیموکراتیکە لە کانگای ناسیونالیزمی هێرشبەرەوە سەرچاوە دەگرێ تەنانەت ئەگەر خاوەنەکەی خۆی بەو پێناسەیە نەناسێنێ.

ئەنوەر عەباسی……………………

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>