ئەنوەر عەباسی (هەرەس)..وردبوونەوە لەسەر چەند پرسێکی سەردەمیانەی کوردستان چیمان لە دەست دێت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیتتان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاپرسییەکم هێنایە ئاراوە کە پرسیاری لە خەڵک دەکرد: ئایا تۆی کورد، خۆت بە ئێرانی دەزانی یان کوردستانی؟ هەڵبەت گومانێک لەوەدا نییە کە ڕاپرسی لەم چەشنە کە نە کاری مەیدانی لەسەر کراوە و نە بەشێوەیەکی کۆنکرێت و زانستی و بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ڕەهەندەکان ئەنجاممان داوە،

بۆ ئەوە نابێ لەسەری حسابێکی ڕژد بکەین و نابێ لە بیریشمان بچێ کە ئەو کۆمەڵە کەسەی لەم ڕاپرسییەدا بەشدار بوون زۆربەیان کەسانێکی تا ڕادەیەک نزیک و هاوبیری خۆمان بوون. ئەگەرچی زیاد لە بیست – سی کەس لە هاوڕێیانی من ئەم ڕاپرسییەیان لە ئەکاونتەکانی خۆیان دانا و ئەوانیش هەمان پرسیاریان لە هاوڕێکانی خۆیان کرد و بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین لانیکەم دە تا بیست هەزار کەس بەر ئەم پرسیارە کەوتن کە ڕێژەیەکی زۆرە، بەڵام دیسانیش ئەم راپرسییە سەلمێنەری هیچ شتێک نییە. بەڵام، بەدەر لە هەموو ئەوانەی وتم، پێموایە کۆمەڵێک ئاماژەی بۆ خەڵک و حزب و لایەنەکان تێدا بوو کە ناکرێ نەبینرێ. ئەم ڕاپرسییە و فەزای گشتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەمان پێدەڵێ کە لانیکەم بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوە تێپەڕیون کە ئیتر خۆیان لە چوارچێوەی ئێراندا پێناسە بکەن و ئەمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ. ئەمە بابەتێکی کەم نییە و دەتوانین بڵێین لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا بێوێنەیە.

بۆچی ئەمە گرنگە؟

ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا، لەگەڵ پارچەکانی دیکە یەک جیاوازی سەرەتاییمان هەیە کە دەبێ زۆری لێ ورد بینەوە. لە ڕۆژهەڵات ئێمە هەمیشە فریوی ئەوەمان خواردووە کە ئێمە و فارسەکان ڕەگ و ڕیشەی هاوبەشمان هەیە و هەر ئەمە بووەتە گۆپاڵێک و هەم خۆمان لە خۆمانی دەوەشێنین و هەم داگیرکەر بەسەرمانیدا دەدا. دابڕان لەم چەمکە کە دەتوانین ناوی ئێرانیزمی لێ بنێین، دەستکەوتێکی بە نیسبەت تازەیە. ڕەنگە هەتا پازدە بیست ساڵ لەمەوپێش زۆر بە دەگمەن دەبیسترا چالاکێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لەوە بکات کە ئێمە ئێرانی نین و کوردستانین. تەنانەت چالاکترین و گەورەترین حزبەکانمان لە بەهێزترین سەردەمی خۆیاندا و بە بێ ئەوەی کە هیچ پێویستییەکی ئەوتۆ لە ئارادا بێت، لەسەر ئێرانی بوونی خۆیان پێداگرییان دەکرد. واتە ئەوپەڕی داخوازیی سیاسیی کورد ببوو بە فێدێڕالییەک کە بەڕاستی تۆزێک لەم سیستەمی ئوستان و پارێزگایەی کە ئێستا هەیە باشتر بوو. لە دە ساڵی ڕابردوودا و بە هاتنە ئارای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و نزیکتر بوونەوەی مەجازی خەڵک لە یەک و چالاکی کەس و لایەنە سەربەخۆخوازەکان، کەم کەم ئەم بیرە لە نێو گەلدا تەشەنەی سەند کە ئێمە هیچ پێویستمان بەوە نییە کە خۆمان بە قەوارەیەکی سیاسی بە ناوی ئێرانەوە گرێ بدەین. بەڵکوو تاکە حاڵەتێک کە دەتوانێ گەرەنتی مانەوەی ئێمە وەکوو نەتەوە (بە هەموو ڕەهەند و فاکتەرەکانییەوە) بکات، سەربەستی و سەربەخۆییە. تەنیا حاڵەتێک کە دەتوانێ گەرەنتی ئەوە بکات کە لەم دنیایەی ئەمڕۆدا درێژە بە ژیانی نەتەوەیی خۆت بدەی هەر ئەمەیە.

لەم یەک دوو مانگەدا کە من دیسانەوە تۆزێک چالاکی ئەدەبیم کەم کردووەتەوە و زیاتر پەرژاومەتە سەر سیاسەت و باس و خواسی سیاسیم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هێناوەتە ئاراوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار بوومەتەوە کە زۆربەیجاران هاوڕێیانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پەیام بۆمیان ناردووە و ئەوەندەی توانیومە یەک بە یەک کاتم بۆ داناوە بەڵام لەو ڕووەوە کە تاک بە تاک قسە کردن کات و وزەیەکی زۆر دەبا و کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە پێم باش بوو لێرە ئاماژەیان پێبکەم.

  • 1-زۆر جار لەسەر بابەتی زمان هاوڕێیانێک باس لەوە دەکەن کە زمان چ گرنگییەکی هەیە؟ خۆ زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندییە. فارسی بنووسین یان کوردی چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێ؟ یان دەڵێن ئێمە دەتوانین فارسی بنووسین و کوردیش بمێنینەوە و پاشان خێرا ئەو باسە دێننە ئاراوە کە کابرایەکی داعشیش هەبوو کە کوردی قسەی دەکرد یان فڵانە جاش کوردینووسینەکەی لە زۆرکەس باشترە و هەتا دوایی.

هەر سەرەتا بڵێم ئەم نموونانەی کە لە کۆتاییدا لە زمانی ئەم دۆستانەوە باسم لێوە کردن، تەنیا سەفسەتە و قسەی بێ بنەمایە. بۆش و بەتاڵ بوونی ئەم قسانە زۆر بە ئاسانی و بە نموونەی هاوشێوەی لە زمانەکانی دیکە دەردەکەوێ. مەگەر تیرۆریستێکی ئەمریکایی کە لە شەقامدا خەڵک دەداتە بەر گولە و دەیانکوژێ، بە ئینگلیزی قسە ناکات؟ کێ تا ئێستە بیستوویەتی بڵێن چونکا ئەو تیرۆریستە بە ئینگلیزی قسە دەکات با ئیتر زمانی ئینگلیزی بنێینە ئەولاوە؟ هێندەکجار گوێت لە شتی وا دەبێ کە سەرت سووڕ دەمێنێ. ئەم قسەی کە دەڵێ زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندییە، قسەیەکی ورد و دەقیق نییە. بەڵێ زمان ئامرازی پەیوەندییە بەڵام زمان هەڵگری شتی دیکەشە. وەک دەوترێ؛ زمان نزیکترین هاوسێی مێشکە. کاتێک بیر دەکەیەوە بە زمانێک بیر دەکەیەوە. کاتێک خەو دەبینی بە زمانێک خەو دەبینی. هەر زمانێک هەڵگری کۆمەڵێک کۆدی مێژوویی و ژیاریی و فەرهەنگییە کە تایبەتە بە خۆی. دوازدە سێزدە ساڵ لەمەوپێش لە فستیواڵێکی شێعر لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ خانمە شاعیرێکی کورد کە هەمیشه بە فارسی دەینووسی قسەم دەکرد. وتم کێشەم لەگەڵ جار جار فارسی نووسین نییە چون بەهەرحاڵ ئەویش زمانێکە و دەیزانی، بەڵام بۆ قەت بە کوردی نانووسی؟ یان لانیکەم بە قەد فارسی نووسینەکەت بە کوردیش بنووسە. وڵامێکی دامەوە کە هەتا ئەو کات بیرم لێی نەکردبووەوە. وتی من کە بیر دەکەمەوە بە فارسی بیر دەکەمەوە بۆیە هەر کات دەمەوێ شێعری کوردی بنووسم خۆی نادا بە دەستەوە. کە ئەو قسەیەی وت بیرم کردەوە. تێگەیشتم منیش پێشتر هەروا بووم. واتە پێش لەوەی کە دەست بە کوردینووسین بکەم هەروا بووم و تەنانەت ئەو کاتیش فارسی نووسینم بۆ ئاسانتر بوو هەتا کوردی نووسین. ئەو کاتە بوو کە لە قوڵایی کارەساتەکە تێگەیشتم. داگیرکەر لە ڕێگای زمانەوە یەکەم هەنگاوەکانی داگیرکردن هەڵدەگرێ. دێت زمانێک دەکات بە زمانی یاسایی و فەرمی (کەواتە باری یاساییش بە کارەکەی خۆی دەدا) پاشان هەرچی هەیە تێکەڵ بە زمانەی دەکا. هەر شتێک بخوێنیتەوە بەم زمانە دەبێ. هەر کات بە پێویستی زانی وشەی نێو زمانەکەی تۆ هەڵدەگرێ و دەیکا به هی خۆی. هەموو زانستەکان بە زمانی ئەو فێر دەبی، هەموو فیلم و کارتۆن و کتێب و تابلۆکان بەو زمانە دەخوێنیتەوە. زانستی تۆ بەو زمانە دەبێ. خەیاڵی تۆ بەو زمانە دەبێ و لا دەکەیتەوە و دەبینی کە تەواوی نوستالژییەکانت بەو زمانەیە. کاتێک دڵتەنگ دەبی گوێ لە گۆرانییەکی فارسی دەگری. کاتێک دڵخۆش دەبی بە گۆرانیی ئەو زمانە هەڵخەوداخە و سەما دەکەی. فێر دەکرێی کە هەرچی شتی باشە لەو زمانەدایە و هەرچی شتی کەم و بێ بەهایە لە زمانەکەی خۆتدایە. لە رێگەی زمانەوە تۆ شەیدای فەرهەنگی داگیرکەرەکەت دەبی و دوای چەن بەرەیەک دەبینی کە ئیتر شتێک بە ناوی کوردستان، هەر ئەو بەڵایەی بەسەردا هاتووە کە بەسەر نەتەوە لە نێوچووەکانی دیکەدا هاتووە. واتە دەچیتە مێژووەوە و هیچت لێ نامێنێتەوە. ئەم شتانە کە ئێستا باسی دەکەین شتگەلێکی زۆر دوور نین. پێتوانەبێ ئەگەر هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە ناومان بەرن، لەمە بەدواییش ناتوانن. ئەوەی کە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە قسەیەکی دەقیق نییە. ئەگەر سەیری نەخشە کۆنەکانی کوردستان بکەن دەبینن کە ئەو شتەی ئێستا پێی دەڵێین ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هێندەی ئێستە بووە بەڵام داگیرکەر ساڵ دوای ساڵ پاشەکشێی پێکردووین. پێویست ناکا زۆریش لە مێژوودا بگەڕێنە دواوە. هەر سەیری شارگەلێکی وەکوو میاندواو و ساینقەڵا و تیکاب و ئەوانە بکەن کە هەتا پەنجا ساڵ لەمەوپێش زۆرینەی کورد بوون. ئێستا ئەو شارانە ئەگەر کوردیشی تێدا مابێت زمانەکەی گۆڕیوە و بووە بە تورک. ئەو هەموو تورک و فارسەی ڕژاونەتە کرماشان و سنە و شارەکانی دیکە، بە تەما نین بڕۆن. ئەوانە هاتوون کە بمێننەوە و فێری کوردیش نابن، تۆ ناچاری زمانەکەت بگۆڕی بۆ ئەوان. کاتێکیش کە زمانەکەت گۆڕی ئیتر دەبی بەوان. زمان، گرنگترین بەشی فەرهەنگی هەر خەڵکێکە. بەشێکی زۆری ئەو خەڵکەی تورکیا کە خۆیان لەسەر تورکبوون بە کوشت دەدەن تورک نین، یان یۆنانین یان ئەرمەنن یان کوردن، بەڵام زمانەکەیان بووە بە تورکی و ئێستا لە هەر تورکێک تورکترن. پێتوانەبێ کاتێک برایم تاتلیس دەڵێ من تورکی کوڕی تورکم لە دڵەوە نایڵێ. بە دووریشی مەزانە منداڵەکەی تۆ بیست ساڵی تر بڵێ من فارسی کوڕی فارسم. هەروا کە ئێستا زۆر هونەرمەندی کوردمان هەیە لە هەرچی ئێرانییە پان ئێرانیستترە. مەبەستم خەتابار کردنی خەڵک نییە، خەریکە دەڵێم پڕۆسەکە چۆن دەچێتە پێشەوە و بۆچی زمان فاکتەرێکی ئەوەندە گرنگە. مەسەلەکە تەنیا تۆ نیت. ڕەنگە تۆ بتوانی فارسی بنووسی و فارسی قسە بکەیت و هەر بڵێی کوردیشم بەڵام ئیتر بۆ منداڵەکەت وا نابێ. نموونە هەرە بەرچاوەکەی منداڵی ئەو کوردانەیە کە هاتوونەتە ئوروپا. باوکیان بە فارسی دەنووسێ، دایکیان یان بە زمانە ئوروپاییەکە یان بە کوردییەکی نیوە فارسی نیوە کوردی قسەیان لەگەڵ دەکا، لە قوتابخانە بە زمانی ئەو وڵاتە دەخوێنن. ئەم منداڵە ئەگەر خۆشی بە کورد بزانێ، تەنیا وەکوو شتێکی لاوەکی دەیبینێ کە ئەگەر لە شوێنێک پرسیاری لێکرا دەڵێ باوک و دایکم کوردی ئێرانن. بەڵام ئیتر منداڵی ئەو منداڵە ئەوەش ناڵێ و بە تەواوی لەو وڵاتەدا دەتوێتەوە. هەر ئەمە لە ڕۆژهەڵاتیش بۆ زۆر بنەماڵە ڕوویداوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش زیاتر پەرە دەستێنێ. ئەگەر سەردەمانێک تۆ کەسێکی چیانشین بووی و پەیوەندییەکی ئەوتۆت لەگەڵ داگیرکەرەکەتدا نەبوو، ئێستا ئیتر لە ڕێگای تەلەفزیۆن و ئینتێرنێتەوە داگیرکەر هەموو ڕۆژێک لە ماڵەکەتدایە و قسە بۆ خۆت و بۆ منداڵەکەت دەکات.

 

  • 2-هێندەکجار ڕووبەڕووی ئەو قسەیە دەبمەوە کە پێم دەڵێن ئێمە پێمان خۆش نییە ناسیونالیست بین. ئەم قسەیە بە زۆری لە دوو لایەنەوە دەوترێ: یەکەم هێندەک لە ئیسلامییەکان و دووهەم هێندەک لە سوسیالیست و کۆمۆنیستەکان. لایەنی یەکەم لەبەر ئەوەی کە باوەڕی بە ئومەتی ئیسلامی هەیە و کوردایەتی پێ بیدعەت و شتی وایە و لایەنی دووهەم باس لەوە دەکات کە مرۆڤایەتی سنوور ناناسێت و ناسیونالیزم کۆنەپەرەستییە و لە خزمەتی کاپیتاڵیزمدایە و شتی لەم بابەتە.

من لێرەدا سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە ناسیونالیزم و نیشتمانپەروەرییەک کە کورد دەیکا زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ ناسیونالیزمی هیتلەری و هی ئێران و تورکیا و… . ناسیونالیزمەکەی ئەوان لەسەر بنەمای خۆ بە گرنگتر زانین و داگیرکردنی وڵاتانی دیکەیە و ناسیونالیزمی کورد و نەتەوەی دیکەی وەکوو کورد لەسەر بنەمای خۆپاراستنە لە لەنێو چوون. کەواتە تێکەڵکردنی ئەم دوانە ئەگەر لە ڕووی ئاگاییەوە نەیەت، بێگومان لە ڕووی غەرەز و مەرەزی دیکەوە دێت. بەهەرحاڵ ئەم بابەتە زۆر باس کراوە و لەمە زیاتر پێویست ناکات بڵێم جیاوازیی نێوان ناسیونالیزمی هێرشبەر و ناسیونالیزمی بەرگریکار چییە. شتێک کە ئەم هاوڕێیانە باسی دەکەن لەسەر گریمانەیەکی هەڵە دامەزراوە. بە هیچ مەنتقێک، هیچ بیرۆکەیەکی سیاسی لە بنەڕەتی خۆیدا لەگەڵ مەسەلەی کورد لە هاودژی و تەناقوزدا نییە. هەوڵدان بۆ پاراستنی کورد لە لەنێوچوون، نە خوات لێ ناڕازی دەکات و نە لێنینت لێ دەتۆرێنێ. من لێرەدا بەتەما نیم لەسەر درووست و هەڵە بوونی ئایدۆلۆژییە ئایینی و سیاسییەکان قسە بکەم. خەریکم پێت دەڵێم تۆ دەتوانی سەر بە هەر ڕێبازێکی ئایینی و سیاسی کە هەی ببی و هەوڵ بۆ ڕزگاری کوردستانیش بدەی و ئەمانە هیچ هاودژییەکیان پێکەوە نییە. لە داهاتووی کوردستانیشدا تۆ دەتوانی لە کایەی سیاسیدا بەشدار بی. وەکوو هەموو وڵاتانی دیکە. هەتا ئێستا بیستووتانە مەسیحییەکی نۆروێژی بێت بڵێ وەڵا من بیر لە ئۆمەی مەسیحی دەکەمەوە و پێویستە وڵاتی نۆروێژ نەبێ؟ یان چەپێکی ئاڵمانیت دیوە بڵێ با ئاڵمان نەبێ؟ لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا کە لە سەد سالی ڕابردوودا بە سەربەخۆیی گەیشتوون، هێزە ئایینی و چەپەکان ئەگەر خۆیان پێشەنگی سەربەخۆیی نەبووبێتن، لانیکەم یاوەر و هاوکار بوون. تەنیا لە کوردستان ئەم بابەتە ئاوایە. کە بە داخەوە ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هێژموونی گوتاری ئێرانی کە زۆر زیرەکانە تێزە تێزەی ئەم لایەنانە دەدا.

بەشێکی چەپی ئێمە لە چەپبوون تەنیا ئۆڤەرکۆت و تەتۆی چێ گڤارا و سمێڵیان پێگەیشتووە. دەستە و تاقمگەری و لەیبەڵ لە خەڵک دان تاکە هونەریانە. خەباتیان بە پێی مۆد و کلاسە. هەر ئەم مۆد و کلاسە وایان لێدەکا کە تووشی هاودژی بن و بۆ وێنە کاتێک باسی فەلەستین بێت، هەموو دەبن بە عەرەبێکی ناسیونالیست و بە کەمتر لە ڕەشەکوژ کردنی ئیسرائیلییەکان ڕازی نابن و ئامادە نین بستێک لە خاکی فەلەستین بدەنە دەست جوولەکەکان. بەڵام هەر ئەوانە کاتێک باسی کوردستان دێت دەڵێن ئەوە ناسیونالیزمە و عەشیرەگەرییە و دواکەوتووانەیە و پف پف بۆنی دێ. ئەم دەبڵ مۆڕاڵی و دوو ستانداردییە هی ئەوەیە کە بەشێک لە چەپی ئێمە خاوەن فکری خۆی نییە و تەنیا ئاراستە دەکرێ. لەوەتی چاوم کردووەتەوە خۆم بە چەپ زانیوە بەڵام هەرچی زیاتر لێی قوڵ بوومەتەوە زیاتر بەو ئاکامە گەیشتووم کە پاراستنی کوردستان دەبێ لە پلەی یەکەمی ئەولەوییەتەکانی کەسێکی چەپدا بێت. چەپ بوون بەر لە هەر شتێک بە واتای ئەوەیە کە لە سەنگەری ستەملێکراودا بیت نەک لە سەنگەری ستەمکاردا. لەوە زیاتر کە لێنین، خۆشناوترین کەسایەتیی مێژووی چەپ دەڵێ: ناسیونالیزمی نەتەوە بندەستەکان ناوەرۆکی دیموکراتیکی هەیە؟ بە خۆشحاڵییەوە بەشێک لە هێزە چەپەکانی ئێمە لەم ڕاستییانە گەیشتوون و ئێستاکە ئیتر لانیکەم بە ئاشکرا لە مەسئەلەی کورددا باس لە مافی چارەی خۆ نووسین دەکەن.

 

  • 3-هێندەکی دیکە لە دۆستان کە زیاتر هاوڕێیانی هونەرمەندی منن باس لەوە دەکەن کە باشترە کەسانی وەکوو من سەریان لە نێو کاری خۆیاندا بێت و شێعر و چیرۆک و ڕۆمانی خۆمان بنووسین و کارمان بە سیاسەتەوە نەبێ. یان ئەوەی کە دەڵێن شێعری سیاسی سەر لە کلیشە و درووشم دەدا و قسەی لەم بابەتە. ئەم قسانەیش زۆرتر ئەو کاتە دەکەن کە من باسی کورد بکەم دەنا ئەگەر باسی سیاسەتی شوێنی دیکە بکەم کێشەیان نییە گوایە.

پڕ بە دڵ ئاواتم دەخواست کە چالاکانی سیاسیمان ئەوەندە کارامە و زۆر و چالاک بوایەتن کە من بە خەیاڵی ئاسوودە پاڵم لێبدایەتەوە و لە نووسین زیاتر هیچم نەکردبا. بەڵام ئەمە دۆخەکەمانە کە دەیبینین. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیندانەکان کوردی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن. ساڵ لە دوای ساڵ نەتەوەی سەردەست زیاتر هەوڵی پاکتاو کردنی کورد دەدا. پاکتاو کردنێک کە هەمیشە جەستەیی نییە بەڵکوو فکریشە. پاکتاوێک کە وا دەکا تۆ لەودا بتوێیتەوە و ببی بە بەشێک لەو و خۆت لە بیر بکەی. ڕۆژانە خەڵکی ئێمە لە لایەن تەلەفزیۆن و کتێب و ڕۆژنامەکان و بە گشتی میدیاکانیانەوە بۆمباران دەکەن و ئێمە لە خۆمان و ئیرادەی خۆمان زیاتر هیچمان نییە. لەم دۆخەدا هەموومان بەرپرسیارین. لانیکەم وەکوو مرۆڤێک، هەر بەدەر لە کوردبوونیشمان. ئێمە بینەری کارەساتێکی مرۆڤی مێژوویین. کەمێک لێزی کامێراکەتان لە بەرپێی خۆتان بەرزتر بکەنەوە و ببینن کە لانیکەم سەد ساڵە بەشێوەی سیستماتیک، خەڵکانیک لە نێو دەبرێن تەنیا لەبەر ئەوەی کە دەیانەوێ کورد بمێننەوە. زۆربەتان فیلمی سینەمایی ستەم و ڕەشەکوژ کردنی خەڵکی بێتاوانتان دیوە و هەمیشە بە خۆتان وتووە ئەگەر من لەوێ بوایەتم هەوڵم دەدا ئەو خەڵکە بپارێزم. بە خۆتان دەوت نا من لەوێ بوایەتم بێدەنگ نەدەبووم. دەی خۆ ئێستا لێرەی و دەبینی کورد چی بەسەر دێت. ئەو هەموو پاساوە چییە دەیتاشی بۆ ئەوەی کە هیچ نەکەی؟ یەک دەڵێ من دەمەوێ پێشبکەوم بۆیە بە فارسی دەنووسم. یەک دەڵێ من موسوڵمانم و خوا لە قورئانا نەیوتووە کوردستان. یەک دەڵێ من چەپم و ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت کرێکارانی جیهان یەک ناگرن و یەک دەڵێ من هونەرمەندم و دڵم ناسکە و یەک دەڵێ کوردی چی ئێمە هەموو مرۆڤین… . وەک بڵێی کورد مرۆڤ نییە. مرۆڤبوون ئەوەیە کە تۆ بۆ وێنە لە ئێستاوە خەم لەوە بخۆی ئەگەر ڕۆژێک کوردستان ڕزگار بوو و بوو بە وڵات، دەبێ بەشێوەی فێدێڕاڵ بەڕێوە بچێ کە مافی هەموو زاراوە و شار و ئایین و وردەفەرهەنگەکان پارێزراو بێت نەک ئەوەی کە بە ناوی مرۆڤبوونەوە، ئەم بەشە لە مرۆڤایەتی لە نێو بچێ و متەقت لێوە نەیە.

  • 4-هاوڕێیانێک هەر کە باسی کوردستان دەکرێ بە لالوتێکە دەڵێن کوردستانی چی؟ ئەوە نییە باشوور نیمچە ئازادییەکی هەیە چی لێهاتووە؟

من نازانم سەرچاوەی زانیاری ئەم هاوڕێیانە کوێیە بەڵام باشووری کوردستان وێڕای هەموو کەمایەسییەکانی و هەڵە و گەندەڵی و خراپییەکانی، لە زۆر شتدا لە هەر چوار وڵاتەکەی دەوروپشتی باشترە. هەرێمێکی فێدێڕاڵی بچووک و سنووردار کە لە نێوان چوار گورگی وەکوو ئێران و تورکیا و ئێراق و سووریەدا گیری کردووە کە دوو دانە لەم چواردانە زلهێزی ناوچەیین و وەکوو شمشێری داموکلێس لەسەر سەری ڕاوەستاون. دەیهەوێ نەوت بفرۆشێ، دەبێ بە ورگی ئەواندا بینێرێتە دەرەوە. دەیەوێ سنوورەکانی بپارێزێ، دەرەقەتیان نایە. دەیهەوێ ئابووری ناوخۆ ببووژێنێتەوە، ئەوان چون لە قازانجیان نییە، تێکی دەدەن. دوو ئیدارەیی و ئەقڵییەتی سەقەتی حزبیی وای لێکردوون کە نەتوانن بەسەر ئەم کێشانەدا زاڵ بن. بەڵام هێشتایش زۆر لەو وڵاتانەی دەوروبەری خۆیان دیموکراتترن. وایدابنێین کە هەرچی لە باشوور خراپە خەتای پارتی و یەکێتییە بەڵام دەی ئەمە چ پەیوەندییەکی بەوەوە هەیە کە کورد نابێ سەربەخۆ بێت؟ بۆ مەگەر ئێرانییەک دێت بڵێ حکومەتی مەلاکان خراپە کەواتە ئێران با نەمێنێ؟ لە چ وڵاتێک شتی وا هەیە کە لە کوردستان هەیە؟ کێشەی ئەم هاوڕێیانە ئەوەیە کە بەرد لە ئاسمان بکەوێتە خوارەوە دەیبەستنەوە بە دۆزی کوردەوە. کێشەی ژن خەتای کوردایەتیە، کێشەی ئابووری خەتای کوردایەتیە… هەر ئەوەندەی ماوەتەوە بڵێن ئەگەر کوردایەتی نەبوایە کۆڕۆنایش نەدەهات. بەڕاستی دەڵێم، زۆرم پێ سەیر نابێ ئەگەر کەسێک شتی وا بڵێ… .

 

  • 5-هاورێیانی بێ هیوا… هاوڕێیانی بەپەلە

ئەم هاوڕێیانەش کە دەکرێ بێهیواییەکەیان وەرزی بێت و جار جار خۆشمان وامان لێدێ، زۆرجار لە ڕووی بێهیواییەوە لۆمەت دەکەن کە بابە واز بێنە با بفەوتێین، هیچ ناکرێ. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە. من بە جدی باوەڕم وایە کە تەسلیم بوون مردنە. دەبێ پشوومان درێژ بێت و پێمان وانەبێ کە ئەگەر چوار ساڵ پێشمەرگایەتیمان کردووە و دە ساڵ لە پشت لەبتاپ دانیشتووین و شتمان نووسیوە و هەوڵی ڕۆشنگەریمان داوە و چوار وتارمان نووسیوە و شتی ئاوا، شاکارمان کردووە و دەبێ خێرا دۆخەکە بگۆڕدرێ و شتێک بە شتێک ببێ. هێندەکجار هاوڕێیانێک دەبینم کە زۆر توندن و لە ناکاو دەست دەکەن بە کوردی نووسین و تیر و توانج گرتن لەم و لەو و ڕەخنە لە ئێمەمانان دەگرن کە بە قەد پێویست توند نین و هەڵبەز و دابەزێکی زۆر دەکەن و دوای یەک دوو ساڵ واز دێنن و دەچنەوە قاوغەکەی خۆیان. هەموو ئەم هەڵسووکەوتانەی خۆشیان لە کۆنتێکستی شۆڕشگێڕی ڕادیکاڵدا پێناسە دەکەن. ڕادیکاڵ ئەو کەسەیە کە ئەوەندە باوەڕەکەی بەهێزە کە دەتوانێ بەرگەی زەمان بگرێ. ئەو کەسە کە دەتوانێ ساڵەهای ساڵ بەردەوام بێت، ئاڵووگۆڕێک درووست دەکات نەک ئەو کەسەی کە وەک باهۆز دێت و تەنانەت لەوانەیە هێندەک زەرەریش بگەیەنێ و خێرا دەڕواتەوە ماڵەکەی خۆی. پێویستە ئەو هاوڕێیانەش تۆزێک ئاگاداری لێکەوتەی ئەم توندڕەویانە بن. تەنیا ئەوەی کە تۆ لەسەر حەقی بەو واتایە نییە کە خەڵکیتریش تۆی پێ لەسەر حەق بێ. دەبێ توانای موناقەشەی مەنتقیمان هەبێ و دەبێ پشوومان درێژ بێت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تووشی گومان بوون. بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان لەسەر سنووردان. لەسەر سنووری بوون بە فارسدان. هەڵسووکەوتتان لەگەڵ ئەمانە ئەگەر گونجاو و درووست نەبێ بە ئاسانی پاڵیان پێوە دەنێن کە زووتر ببن بە فارس. توندڕەوەی و جنێوفرۆشتن و خەڵک بە جاش کردنی بێبنەما، ئاو لە ئاشی داگیرکەر دەکات. لە هەموو دنیادا خەڵکانێک هەن کە قوڵ بیر ناکەنەوە و ئەمانە زۆرینەی مرۆڤەکانی سەر عەرز پێکدێنن. لە کوردستانیش هەروایە. ناتوانی لەگەڵ کەسێک کە هەموو تەمەنی خەریکی خوێندن و خوێندنەوە بووە هەروا قسە بکەی کە لەگەڵ کابرایەکی بازاڕیدا دەیکەی و پێچەوانەکەشی.

ئێستا خۆ شەڕی چەکداری بەوشێوەیە لە ئارادا نییە، کەواتە بەشێوەیەکیتر پێشمەرگە بە. کەسانێک هەن کە پرسیاریان هەیە و دەیانەوێ ڕوون ببنەوە، کاتیان بۆ دابنێن و وڵامیان بدەنەوە. سایتێکی کوردی دانراوە، کاتی بۆ دابنێ و هاوکاریان بکە. کتێبێکی کوردی دەنووسرێ، بیکڕە و بیخوێنەوە. پشتیوانی ئەو کەسانەش بکە کە کاتی خۆیان بۆ ئەم بابەتانە بەخت دەکەن. کێشە تاکەکەسی و ئایدۆلۆژیکەکانتان مەهێننە سەر باسی کوردستان. باسی کوردستان نابێ بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ سەنگەربەندی لە نێو لایەنە کوردەکاندا. کومونیستێک هەر ئەوەندە مافی بەسەر کوردستانەوە هەیە کە لیبڕاڵێک و موسوڵمانێک و ئاتەئیستێک. هەمووشیان بە قەد یەک لەمەڕ دۆزی کورد بەرپرسیارن. هەوڵ بدەن ئەگەر بە فارسی و تورکیش لەگەڵ فارس و تورک موناقەشە دەکەن، بە بێ ئەوەی کە لە ویستی سەربەخۆیی کوردستان بێنە خوارترەوە، هاودڵی ساز بکەن. ئێمە بە ڕژدی پێویستە کەسانی ئازادیخوازی نێو نەتەوەی داگیرکەر لەگەڵ خۆمان هاودڵ بکەین. ئەگەر بە جێگای یەک دانە شادی سەدر، سەد دانە شادی سەدر درووست ببن گورزێکی گورچکبڕ لە زێهنییەتی داگیرکەرانە دەدرێ. ئێمە دەتوانین ڕوون و ئاشکرا و بە بێ منگەمنگ لەگەڵ ئەوان قسە بکەین و دەبێ کۆمەڵگای ئێران لەگەڵ چەمکی استقلال کردستان ڕابێنین. ئەمە ئاسان نییە و بە ساڵێک و دوو ساڵ ناکرێ بەڵکوو وەک وتم ئەمە کاری بەردەوام و بێهیوا نەبوونی دەوێ. هەر کەسێک بتوانێ یەک موجاهدی بالقوە لە هاتن بۆ کوردستان سارد بکاتەوە ئێمە نیوەی ڕێگاکە ڕۆیشتووین. ئەم قسەیە ڕاستییەکیشی تێدایە کە دەڵێ ئێمە بە جێگای ڕازی کردنی فارسێک بەوەی کە دان بە مافماندا بنێ دەبێ کار لەسەر کورد بکەین کە ئاگاداری مافەکانی خۆی بێتەوە. بەڵام پێموایە دەکرێ لە هەردوو بواردا کار بکرێ. ئەو هاوڕێیانەی بەشداریی بەرنامەکانی تەلەفزیۆنە فارسییەکان دەکەن لانیکەم هەوڵ بدەن گوتاری زاڵ دەستکاری بکەن. زۆربەی ئێوە هەر لە نێو گوتاری ئەواندا کایە دەکەن. ئێوە دەبێ ئەو سامە بشکێنن و بە ئاشکرا باس لەوە بکەن کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە. یان ئەگەر لە کێشە مەنتقییەکانی ئەو گوزارەیە دەترسن، باس لەوە بکەن کە کوردستان وەکوو جوگرافیایەکی دیاری کراو، دەیهەوێ سەربەخۆ بێت. لەوە مەترسن کە جێگە و پێگەتان دەکەوێتە مەترسییەوە و کارەکەتان لە دەست دەدەن و هاوڕێ فارسەکانتان لێتان دەڕەنجن. کەسانێک هەن کە گیانیان لەسەر ئەم ویستە داناوە. دەبێ هەوڵ بدرێ کە ئەم بنەمایە بگۆڕدرێ کە ڕێگای هەر دەستکەوتێک بۆ کوردستان تەنیا لە تارانەوە تێدەپەڕێ. هەم ئەوانەی کە دڵیان تەنیا لە لای تارانە و هەم ئەو کەسانەی پێیان وایە ئەم مەسئەلە وڵامەکەی تەنیا لە لای کوردانە و هەم ئەو کەسانەی کە دڵیان بە چاکەی زلهێزانی جیهان خۆش کردووە، تەنیا هەوڵی سادە کردنەوەی بابەتەکە دەدەن. دۆزی کورد دۆزێکی فرەڕەهەند و ئاڵۆزە و بە سادەکردنەوەی هیچ یارمەتییەکی دۆزەکەمان نەکردووە. لە ئاڵۆزبوونی مەسەلەکە مەترسن. ئێمە زۆرین و ئەگەر کەمێک تۆلۆڕانس و یەکتر قبوڵکردنمان تێدا بێت و هێندە یەکتری بە دوژمن نەزانین و بە مەرجی بنەمای کوردستانی بوون، دەتوانین زۆر شت بگۆڕین.

لەم بابەتەدا پێویست ناکا حەتمەن دابنیشین و حزبێک یان سازی و ناوەندێکی تازە ساز بکەین. خۆ ئەگەر کرابا خراپ نەدەبوو. بەڵام پێموایە لە سەردەمێکدا دەژین کە ئیتر ساز کردنی هەر گرووپ و ڕێکخراوەیەکی تازە، تەنیا بابەتەکان ئاڵۆزتر دەکاتەوە. من بە تەما نیم حزب دابنێم یان گروپ و سازی درووست بکەم. تەنیا هەوڵم ئەوەیە کە تێگەیشتنێکی هاوبەش، لە بابەتێکی هاوبەش تەشەنە بستێنێ و بەمشێوە هەر کوردێک لە جێگای خۆیدا هەوڵی بۆ بدا. بۆ گەیشتن بەم شوێنە خاڵی دەستپێکمان دەبێ کوردستانی بوون بێت. مادام کە تۆ کوردستانی بوون دەکەی بە بەیسی هەر کار و چالاکییەکەت، کارەکەت دەچێتە خزمەت ئەم ئاواتە لە مێژینەی کوردان. تەنیا گشتگیر بوونەوەی ئەم بابەتە هەنگاوێکی گەورەیە.

قسەی کۆتاییم بۆ ئەو هاوڕێیانە کە پرسیاری لەم چەشنەیان بۆ ساز دەبێ ئەوەیە کە هانا ئارێنت لە بارەی جولەکەکانەوە دەیڵێ. بەڵام ئێمە دەتوانین بۆ کوردیش ڕاست هەمان شت بڵێینەوە؛ تۆ کاتێک کە پاکتاو دەکرێی بە ناوی کوردەوە پاکتاو دەکرێی، کەواتە بە ناوی کوردەوە بەرگری لە خۆت بکە. تۆ هیچ پێویستت بەوە نییە کە پاشگری نەگریسی ئێرانی بە خۆتەوە ببەستی. هیچ یارمەتییەکت ناکا.

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

تێبینی: کەڵکوەرگرتن لە ئەم وتاره تەنیا بە ئاماژە بە سەرچاوەکەی ئازادە.https://pak-eu.com/

 

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *