بانگه‌وازێك له‌ سه‌رۆكی PAKه‌وه‌ بۆ رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی داگیراو

رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو!
له‌م كاته‌دا كه‌ رۆژاوای كوردستان كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تركیاو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی هیچ هه‌نگاوێكی به‌كرده‌وه‌ی بۆ راگرتنی هێرشی ده‌وڵه‌تێكی پڕچه‌كی ئه‌ندامی ناتۆ بۆ سه‌ر گه‌لێكی بێده‌وڵه‌تی بێ پشتیوان، هه‌ڵنه‌گرتووه‌ته‌وه‌، پشت به‌ خۆ به‌ستنمان گرینگترین ئه‌رك و فاكته‌ری‌ راگرتنی ئه‌و هێڕشه‌ و تێكشكاندنی پیلان و په‌لاماری داگیركه‌رانه‌.

بێچگه‌ له‌و به‌ره‌نگارییه‌ مێژووییه‌ی كه‌ ده‌بێ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، له‌ سه‌ر خاكی رۆژاوا و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ بیخوڵقێنن، خۆپیشاندان و ده‌نگ هه‌ڵبڕینی كوردستانیان له‌ پار‌چه‌كانی دیكه‌ی نیشتمان،هه‌نگاوێكی گرینگ و ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانیانه‌.
بۆیه‌، داوا له‌ رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو ده‌كه‌م چاكی مه‌ردایه‌تی بكه‌ن به‌ لادا و له‌ گشت شاره‌كانی رۆژهه‌ڵات هه‌ستن، بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ دوژمنان رابگه‌یه‌نن كه‌ “كورد زیندووه‌، زیندووه‌ قه‌ت نانه‌وێ ئاڵاكه‌مان”.
خۆپیشاندان و ده‌نگی “ئه‌ی ره‌قیب “ی ئێوه‌، ده‌بێته‌ هێز و وزه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلای كورد له‌و جه‌نگه‌ نابه‌رابه‌ره و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌تی تركیا… به‌رخۆدان ژیانه‌.

پێشمه‌رگه‌ی خه‌ڵك و خاكی كوردستانی مه‌زن

حسین یه‌زدانپه‌نا
18ی ره‌زبه‌ری 2719ك
10ی ئۆكتۆبری2019ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *