با پیلانگێڕی و گه‌له‌كۆمه‌ی داگیركه‌ران به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی تێكبشكێنین

رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی كورد!
كوردستانیانی وڵاتپارێز!
حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان!
دوژمنانی كورد و كوردستان، ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی فارس و ترك و عه‌ره‌ب، جارێكی دیكه‌ له‌ پیلانگێڕیی و گه‌له‌كۆمه‌یه‌كدا، باشووری نیشتمانیان خستووه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری فڕۆكه‌ و تۆپخانه‌كانیان. به‌غدا ئه‌گه‌رچی له‌رواڵه‌تدا له‌ سه‌ر په‌لاماره‌كانی دوێنێی تركیا هاته‌‌ ده‌نگ، به‌ڵام له‌ راستییدا، خۆی به‌شێكه‌ له‌و گه‌له‌كۆمه‌یه‌.

ده‌وڵه‌تانی فارس و ترك و عه‌ره‌ب كه‌ هه‌میشه‌ دژ به‌ كورد ده‌چنه‌وه‌ ‌سه‌ر خوانی خوێناویی هاوبه‌شیان، هه‌رێمی كوردستان و كوردی باشووریان كردوه‌ته‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌و پیلانگێڕی و گه‌له‌كۆمه‌یه‌. ئه‌وان ته‌نگانه‌و‌ قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ره‌فتاره‌كانی به‌غدا له‌ گه‌ڵ هه‌ولێریان كردوه‌ته‌ هه‌لی له‌بار بۆ ئه‌و په‌لامارانه‌و قه‌یرانخوڵقێنی و قووڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی.
به‌داخێكی زۆره‌وه‌، ناكۆكییه‌ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناكۆكییه‌كانی نێوان پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان و ئه‌و كه‌شوهه‌وا گرژه‌ی پێكهێنراوه‌، ده‌رفه‌تی له‌باری بۆ تاران و ئه‌نكارا و به‌غدا، ره‌خساندووه‌ تا پێكه‌وه‌ پیلان بهۆننه‌وه‌ و به‌ هاوبه‌شی و هاوده‌ستیی، ده‌سدرێژیی بكه‌نه‌ سه‌ر خاك و خه‌ڵكی باشووری كوردستان.
به‌ سه‌رنجدان به‌م بارودۆخه‌و بۆ شكستدانی ئه‌م پیلانگێرییانه‌ی تاران و ئه‌نكارا و به‌غدا، پارتی ئازادیی كوردستان، ئه‌م رێكارانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خاته‌ روو:
1- حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان، چ ئه‌وانه‌ی له‌ حكوومه‌تدان و چه‌ ئه‌وانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنن له هه‌ستیاریی دۆخه‌كه‌و‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان بگه‌ن و ده‌سبه‌جێ هه‌موو ناكۆكیی و ململانێ سیاسییه‌كانیان به‌ قازانجی ئێستا و داهاتووی كیانه‌ سیاسییه‌كه‌ رابگرن.
2- سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان، لانیكه‌م هه‌تا ره‌وینه‌وه‌ی مه‌ترسیی و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، پشتیوان و هاوكاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان بن بۆ تێپه‌ڕ كردنی ئه‌م قۆناغه‌ی كه‌ قه‌یرانی كۆرۆنا، قه‌یرانی ئابووری، پیلانگێڕییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و پێوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ به‌غدا، باری حكوومه‌ت و هاووڵاتیانی قورس كردوه‌.
3- حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان پاڵپشت و یاریده‌ده‌ری سه‌قامگیریی و ده‌رچوونی حكومه‌ت و خه‌ڵكی باشووری نیشتمان له‌ قه‌یران و ته‌نگانه‌ بن.
4- رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵات و رۆژاوای كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ خه‌بات و تێكۆشانیان مه‌كینه‌ی شه‌ڕ و ده‌سدرێژیی داگیركه‌ران بۆ سه‌ر باشووری كوردستان په‌كبخه‌ن.
5- سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ پێناو ته‌بایی و یه‌كڕیزی و دوور خستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كاندا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رجه‌م پارت و هێزه‌ سیاسییه‌كانی چوارپارچه‌ی كوردستان، رێكبخات.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK

27ی جۆزه‌ردانی 2720 ك
16 ی ژووئه‌نی 2020 ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *