به‌یاننامه‌ی سپای میللیی كوردستان به‌ بۆنه‌ی سێهه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی نه‌به‌ردی مێژوویی پردێ

سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پاش ئه‌وه‌ی شاری كه‌ركووكی خۆشه‌ویست، له‌ پیلانگێڕییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و گه‌له‌كۆمه‌ی شوومی تاران و ئانكارا و به‌غدا، له‌ لایان سپاكانی به‌رفه‌رمانی تاران و به‌غداوه‌ داگیر كرا؛ كاسیی و تاسان و بێ هیوایی باڵی به‌سه‌ر كوردستانیان و نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كێشاو چاره‌نووسی باشووری كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی ته‌م و مژی له‌ سه‌ر نیشت. هاوكات سه‌رانی تاران و سه‌ركرده‌ سیاسی و له‌شكرییه‌ به‌رفه‌رمانه‌ عێڕاقییه‌كانیان له‌ به‌غدا، بۆنی نه‌فتی كه‌ركووك و خوێنی مرۆڤی كورد، مه‌ست و هاری كردبوون.

لەوەها دۆخێکی سیاسی و له‌شكریی و سایکۆلۆژیی دا بوو کە بەرەبەیانی رۆژی 20ی ئۆکتوبر، فەرماندەکانی ئەو هێزە داگیرکەر و په‌لامارده‌رانه‌، بە ئامانجی داگیرکردنی پێتەختی کوردستان و كۆتایی هێنان به‌ قه‌واره‌ی سیاسیی و یاسایی هه‌رێمی كوردستان، بۆ تێپەڕین لە شارۆچکەی ” پردێ” به‌ره‌و هه‌ولێر، فەرمانی جووڵەیان دەرکرد.
ریز بوونی لەشکرێکی هەزاران کەسیی له‌ سپای پاسداران و حه‌شدی شه‌عبی و حیزبووڵای لوبنان، تەیار بە سەدان چەک و كه‌ره‌سته‌ی جەنگیی پێشکەوتووی وەک: دەبابەی ئابرامز و هامەر و باجەر و دۆشکە و زره‌پۆشی ئەمریکایی و تۆپی دوورهاوێژ و کاتیۆشا و رۆكێتی کۆرنێت لە بەرەی دوژمن و لەبەرانبەریشدا، دامەزرانی هێزێکی کەمی پێشمەرگە کە بۆ رێگرتن لە داگیركرانی هەولێر و تێکشکاندنی هێرشی دوژمن، پەیمانی مردنیان بەستبوو؛ دیمه‌نی جه‌نگێكی سه‌ختی مان و نه‌مانیان پیشان ده‌دا.
سپای پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و سپای داگیرکەرانی به‌رفه‌رمانی تاران و به‌غدا، بە توندی بە یەکدا هەڵشاخان.گرمەی تۆپ و شریخەی گوللە و بڵێسەی ئاگر و دووکەڵی بارووت، ئاسمانی پردێ و ناوچەکەی داگرت. پێشمەرگە وەک چیاکان و داربه‌ڕووه‌كانی نیشتمانه‌ غه‌درلێكراوه‌كه‌مان چەقیوو قایم راوه‌ستابوون.
سەرەنجام بە هەموو ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە رووی سیاسی و له‌شكریی و دیپلۆماسییەوە لە نێوان بەرەی وڵاتپارێزانی كوردستان و دوژمنانی داگیرکەر لە ئارادا بوون؛ پاش 10 سەعات شه‌ڕ و په‌لامار و به‌رگریی سه‌خت، له‌شكری زه‌به‌لاح و پۆشته‌وپه‌رداخی هاوبه‌شی دوژمنانی كورد و كوردستان، به‌ ده‌ست وچه‌كی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، پێشمه‌رگه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی كوردستان، تێكشكا.
گرینگی و جێگای نەبەردی پردێ له‌ مێژووی سیاسیی و له‌شكریی كوردستاندا تەنیا بەو دیو و دیمه‌نانه‌دا دیاریی ناكرێت. به‌ڵكوو وه‌ك هەر جەنگێكی گه‌وره، بە ئاکام و ده‌سكه‌وت و دۆڕانه‌ سیاسیی و دیپلۆماسی وله‌شكرییه‌كانی، ده‌پێورێ.
به‌ره‌نگاریی مێژوویی پردێ، نەبەردی پاراستن و مانەوەی هەولێر و قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و حوکمڕانی کوردستان و هه‌روه‌ها راگرتنی سه‌نگ وپێگه‌ی كورد و خه‌باته‌ رزگارییخوازییه‌كه‌ی له‌ گشت رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. شكاندنی لووت و هه‌یبه‌ت و غرووری داگیركه‌ران به‌ گشتی و تاران به‌ تایبه‌تی بوو. کۆتایی پاشەکشە و سه‌ره‌تای هەستانەوەیه‌كی سیاسی و له‌شكریی و دیپلۆماسیی هه‌رێمی كوردستان بوو.
ئەو نەبەردە پڕ شانازییه‌ شوێنه‌واره‌ سایكۆلۆژییه‌كانی داگیركرانی كه‌ركووكی له‌ سه‌ر مێشك و دڵی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان و تاراوگه‌، به‌ راده‌یه‌كی زۆر سڕییه‌وه‌و شکۆ و گیانی به‌ره‌نگاریی و پشت به‌خۆبه‌ستنی به‌به‌ر پێشمه‌رگه‌ وکوردستانیان و خه‌باتگێڕانی رێبازی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا کردەوە.
بۆ رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو هۆگران و تێكۆشه‌رانی كوردستانی ، شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانی سپای میللیی كوردستان، له‌و نه‌به‌رده‌ مێژووییه‌دا، شانبه‌شانی هێزه‌كانی پارتی دێموكراتی كوردستان، ده‌ورێكی گرینگ و كارایان دیت و فاكته‌رێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌و سه‌ركه‌وتن و وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌ و گرانه‌ بوون.
لە یادی ئەو حەماسە مێژووییەدا کە بە خوێنی پۆلێک لە رۆڵەکانی نیشتمان تۆمار کرا، هەزاران سڵاو پێشکەشی شەهیدانی ئەو نەبەردە دەکەین و سەری رێز لە بەرانبەر شکۆ و گەورەییاندا دادەنەوێنین. سڵاوی ئەمەگ و وەفاداریی پێشکەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە دەکەین کە ئامادە بوون بمرن بەڵام، شکۆی نەتەوە ونیشتمان و كیانه‌كه‌یان پارێزراو بێت.
سپای میللیی كوردستان
فه‌رمانده‌یی گشتیی
29ی رەزبەری 2720 کوردیی
20ی ئۆکتۆبری 2020 زایینی
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *