به‌یاننامه‌ی پارتی ئازادیی کوردستانPAK به‌ بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز، رۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان

رۆڵەکانی نەتەوەی گه‌وره‌ی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

کوردستانیانی وڵاتپارێز!

داگرتنی ئاڵای ده‌وڵه‌تی ئێران وەک نیشانەی سەروەریی داگیرکەرانەی تاران له‌ سه‌ر كوردستان و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان وەک سیمبۆلی ناسنامە و هێمای ئازادیی و سەربەستیی نەتەوەیی ،

لە 26ی سەرماوەز( 17دیسامبر)ی 73 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ بەرهەمی بیر و ئیرادەی سەرکردە و نەتەوەیەک بوو کە لێبڕاوبوون تەوقی حاكمییه‌تی دەوڵەتی ئێران لە سەر خاک و خەڵکی کوردستان هەڵگرن و سەروەریی سیاسیی کوردی لە جێ دابنێن. هەربۆیە پاش 36 رۆژ لە هەڵکردنی ئاڵا، دەوڵەتی جمهووریی کوردستان راگەیەندرا.
بۆ پارتی ئازادیی کوردستان و خەباتگێڕانی ریزەکانی، شانازییەکی گەورەیە کە پاش 48 ساڵ لە هەرەسی کۆمار و وه‌لانان و نه‌هێشتنی ئاڵا لە بزووتنەوەی کورددا؛ بۆ یه‌كه‌مجار، 25 ساڵ لەمەوبەر بەدەستی رێبەرایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان هەڵکرایەوە .
ئەگەر 73 ساڵ لەمەوبەر ئاڵای کوردستان لە لایان پێشەوای مەزنی کوردەوە هەڵکرا و پاش 12 مانگ ، راست لە یەکەمین ساڵوەگەڕیدا ، بە داگیرکردنەوەی پێتەختی کۆمار لە لایان تارانەوە، کۆتایی به‌ شەکانەوەی هات؛ ئه‌گه‌ر پارتی ئازادیی کوردستانیش تا ساڵیانێک لە هەڵکردن وشەکاندنەوەی ئاڵای کوردستاند،ا تاقه‌سواری مه‌یدان بوو؛ ئەمڕۆ ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتی داگیركراودا مەدالیای سەر سینگی کوڕان و کچان و رازێنەرەوەی ماڵ و ماڵباتی به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان و بەیداخی خەباتی تێکۆشەران و ئۆگرانی رێگای ئازادیی و سەربەخۆیی نیشتمانە. هاوکات ئاڵای کوردستان، ئاڵای فه‌رمیی حكومه‌تی باشووری كوردستانه‌و لە ئاستی جیهانیی و هەرێمیدا، چووەتە ناو پڕۆتۆکۆلی دیدار و سەردانە دیپلۆماسییەکانی نێوان حکومەتی کوردستان و دەوڵەتان.
پارتی ئازادیی کوردستان دڵنیا و هیوادارە كه‌ به‌ كۆڵنه‌دان و خه‌باتی لێبڕاوانه‌ له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆییدا، شەوی بندەستی و بێدەوڵەتیی کورد سەرەنجام بەسەر دەچێ و خەبات و خوێنی میربەدرخان و شێخی نەهری و شێخ عەبدولسەلام و مەلیکی کوردستان و سمکۆی قارەمان و شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزای دەرسیم و هەڵۆکەی ئارارات و پێشەوا قازی محەمەد و ژێنێڕال بارزانی و رێفراندۆمی غەدر لێکراوی باشووری کوردستان و سەدان هەزار شەهیدی ئەم نەتەوەیە دێتەبەر و ئاڵاکەمان وەک ئاڵای دەوڵەتی کوردستان لە ئاسمانی نیشتمانێکی خاوەن سەروەرییدا، دێتە شەکانەوە.
فەرماندە و پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان،وه‌ك درێژەدەرانی رێگای ئه‌و سه‌ركردانه‌ و قوتابیانی رێبەری شەهیدسەعید یەزدانپەنا، لەم رۆژەدا لە بەرەکانی پاراستنی خاک و خه‌ڵك و کیانی سیاسیی کورد و پایتەختەکەی، پاش تێكشكاندنی ئه‌فسانه‌ی داعش و خوڵقاندنی حەماسەی مێژوویی” پردێ”، شانبەشانی رۆڵەکانی باشوور و باکوور و رۆژاوای نیشتمان بەدەم سروودی ئەی رەقیبەوە بە سەر سوپا هاوبەشە شکستخواردووەکەی بەغدا و تارانەوە، ئاڵا دەشەکێننەوە . هاوکات خەباتگێڕانی PAK لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی داگیرکراو و کارەساتبار، ئه‌م بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌كه‌نه‌ ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ بۆ به‌هێزكردنی گوتاری سه‌ربه‌خۆییخوازیی و خۆسازدان بۆ تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی.
له‌ رۆژی ئاڵای كوردستاندا، پارتی ئازادیی كوردستان هه‌میسان له‌ سه‌ر په‌یامی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای موقه‌ده‌سی كوردستان پێداده‌گرێته‌وه‌ كه‌: كورد له‌ ناو هیچ فۆرمێك له‌ ده‌وڵه‌تی ئێراندا به‌ ماف و ئازادییه‌كانی ناگات؛ ستراتیژی خودموختاری و فیدڕالیزم و دێموكراتیزه‌كردنی ده‌وڵه‌تی ئێران، هێز و وزه‌ی كورد به‌هه‌ده‌ر ده‌دا و ته‌نیا رێگای به‌خته‌وه‌ریی كورد، ئه‌ستاندنی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌.
پارتی ئازادیی كوردستان، بانگی هه‌موو حیزب و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كا كه‌، تێكڕا پێكه‌وه‌ ئاڵای موقه‌دسی كوردستان بكه‌ینه‌ ره‌شماڵی پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌ستاندنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خه‌ڵكی کوردستان له‌ رێگای رێفراندۆمێكی گشتیی ئازاده‌وه‌.
هه‌ر شه‌کاوه‌ بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان
سه‌ركه‌وێ خه‌باتی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تبوونی كوردستاندا

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

24ی سه‌رماوه‌زی 2718
15ی دیسامبری 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *