به‌یاننامه‌ی PAK، به‌ بۆنه‌ی بیست و هه‌شته‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی راپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌ی باشووری نیشتمان

بیست و هه‌شت ساڵ لەمەوبەر، نەتەوە ئازارچێشتووه‌کەمان لە باشووری كوردستان، لە راپه‌ڕینێكی گشتیی و سه‌رانسه‌رییدا، هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی دەوڵەتی عێراقی لە شار و ده‌ڤه‌ر‌ه‌کانی وڵات راماڵی.
ئەو راپەڕینە مێژووییه‌، رێگایەکی لە بەردەم کوردا کردەوە کە سه‌ره‌ڕای کۆسپ و تەگەرەکان، سەرەنجام قەوارەیەکی سیاسیی كوردستانی لێکەوتەوە کە ئەمڕۆ وەک ئەکتەرێکی سیاسەتی نێودەوڵەتی رۆڵ دەگێڕێ. هەروەها، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرسی کورد له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان دانا و بووه‌ چرای هیوای سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورد.

رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
ئەزموونی 28 ساڵ حوکمڕانیی باشووری کوردستان به‌ ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتن و قه‌یران و ته‌نگووچه‌ڵه‌مه‌كانییه‌وه‌، هەوراز و نشێوەکانی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا به‌ گشتی و رووداوه‌كانی 16 تا26ی ئۆكتۆبه‌ری2017به‌ تایبه‌تی؛ هەروەها ئەزموونی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ دەوڵەت و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوە سەردەستەکانی ئەو وڵاتانه‌، لە تەنیشت سەرهەڵدانی داعش و حەشدی شەعبی، وانەی رێ پیشاندەرن بۆ ئەوەی کورد له‌ سه‌ر ستراتیژیی سه‌ربه‌خۆیی و وەدیهێنانی سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەت سوور بێت و سه‌ره‌ڕای هه‌ر ئاسته‌نگ و كه‌ندوكۆسپێكی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی، بۆ ئه‌م ئامانجه‌ ده‌رفه‌تسازیی بكات و ده‌رفه‌ته‌ خوڵقاوه‌كان به‌كار بهێنێ.

دامەزراندنی دێموکراسیی لەم دەوڵەتانە و گەیشتنی نەتەوەکەمان بە مافەکانی، بە بێ گۆڕانکاریی ژێئۆپۆلیتیکی بە ئاڕاستەی گونجانی سنوورە سیاسییەکان لەگەڵ باری نەتەوایەتی دانیشتوان، وەدیی نایەت. هه‌روه‌ها هیچ راده‌ له‌ دێموكراسیی له‌و وڵاتانه‌، توانای دابینكردنی مافه‌ ره‌واكانی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ی نییه‌.

بۆیە پارتی ئازادیی کوردستان، به‌رده‌وام بێباوەڕیی خۆی بە ستراتیژیی دێموکڕاتیزە کردن و فیدراتیو کردنی ئێران و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێوان گرووپ و نوخبەکانی نەتەوەی سەردەستی فارس، راگەیاندووە و له‌ سه‌ر خه‌باتی راماڵینی هێزه‌داگیركه‌ره‌كانی به‌رفه‌رمانی تاران له‌ كوردستان و پڕۆژه‌ی رێفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خه‌ڵكی كوردستان پێداده‌گرێ.

شەكاوه‌ بێ ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان

پیرۆز بێ، یادی راپه‌ڕین و رادانی داگیركه‌ر له‌ باشووری نیشتمان

پارتی ئازادیی کوردستان PAK
کومیتەی راگەیاندن

14ی ره‌شه‌مه‌ی 2718ك
5ی مارسی 2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *