به‌یاننامه‌ی PAK سه‌باره‌ت به‌ حوكمی بێدادگای ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر له‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ی دیل، هۆشمه‌ند عه‌لیپوور

پاش17 مانگ به‌ندكران، ئه‌شكه‌نجه‌دران و چه‌ند جارێك دادگاییكردنی فه‌رمایشیی؛ سه‌ره‌نجام لقی یه‌كی بێدادگای شۆرشی ئیسلامی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر له‌ سنه‌، حوكمی ئێعدامی بۆ هۆشمه‌ند عه‌لیپوور و پێنج ساڵ زیندانی بۆ محه‌مه‌د وه‌ستا قادر ده‌ركردوه‌‌.

هه‌ڤاڵانی هه‌میشه‌ له‌یادمان هۆشمه‌ند عه‌لیپوور( سمكۆ) و محه‌مه‌د وه‌ستاقادر(ئاواره‌) 17مانگ له‌ومه‌وبه‌ر له‌ ناوچه‌ی كه‌لیخانی بانه‌، له‌ كاتێكدا به‌هانای پێشمه‌رگه‌یه‌كی برینداره‌وه‌ چوو بوون، كه‌وتنه‌ كه‌مینی پاسدارانی داگیركه‌ره‌وه‌ و ده‌سگیر كران. ئه‌وان تا چه‌ند مانگێك، بێسه‌ر و شوێنكران؛ نه‌ رێگای چاوپێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیان ده‌درا و نه‌ زانیارییه‌كیان به‌ كه‌سوكاره‌كانیان ده‌‌گه‌یاند. له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا بۆ وه‌ئه‌ستۆ گرتنی كاری نه‌كردوو، و هێنانیان بۆ‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆن، له‌ ژێر هه‌موو جۆره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و رۆحیی دا بوون و ئه‌م شار و ئه‌و شاریان پێده‌كرا. له‌و ماوه‌یه‌دا، چه‌ن جارێك كاتی به‌ ناو دادگا، دیاریی ده‌كرا، به‌ڵام دواتر، ‌دوایان ده‌خست.
دوژمنی داگیركه‌رله‌ كۆتاییه‌كانی خه‌زڵوه‌ره‌وه‌ هه‌تا ئێستا، هاوكات له‌ گه‌ڵ درێژه‌دان به‌ گرتن و كوشتن و بێسه‌روشوێن كردنی رۆڵه‌كانی كوردستان و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵانی شه‌وانه‌و ومیلیتاریزه‌ كردنی شه‌قام و شاره‌كانی كوردستان، راست له‌م كاته‌دا به‌ ده‌ركردنی حوكمی ئێعدام بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دیله‌، له‌ لایه‌ك ده‌یهه‌وێ كه‌شوهه‌وای زه‌بروزه‌نگ توندتر بكات و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، تۆڵه‌ له‌ خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی كوردستان بكاته‌وه‌. له‌ حاڵێكدا هۆشمه‌ند و محه‌مه‌دی هاوڕێی ، دوو پێشمه‌رگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كن كه‌ له‌لایان چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ره‌وه‌ ده‌سگیركراون و ده‌بوو وه‌ك دیلی جه‌نگ ره‌فتار و بڕیاریان له‌ سه‌ر بدرێت.
پارتی ئازادیی كوردستان هه‌ر وه‌ك له‌ كاتی گیرانی ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌وه‌ هه‌تا ئێستا بێ پسانه‌وه‌ په‌یجووری دۆخیان بووه‌، هه‌موو توانای خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر رێگا و لایه‌كی موومكینه‌وه‌، گوشار بخرێته‌ سه‌ر تاران بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوكمی ئێعدامی هۆشمه‌ند.
كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی به‌ هه‌موو پێكهاته‌ فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانییه‌وه‌،و هه‌موو ویژدانێكی ئازاد و ده‌ربه‌ست، له‌ سه‌ریه‌تی به‌هانای ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دیلانه‌وه‌، پچێ؛ چونكه‌ ئه‌وان 3 ساڵی ته‌واو له‌ باشووری كوردستان له به‌ره‌كانی‌ كه‌ركووك و باشیك، ده‌وری قاره‌مانانه‌یان هه‌بوو له‌ جه‌نگ له‌ گه‌ڵ تێرۆریستانی داعش دا. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانیمان له‌ كوردستانیان له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان وله‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ كه‌ ده‌نگی نا بۆ ئێعدامی ئه‌و رۆڵه‌ قاره‌مانه‌ی كورد، هه‌ڵبڕن. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌روه‌ك، پێشتر رامانگه‌یاند بوو، ئه‌گه‌ر تاران ئه‌و حوكمه‌ ناڕه‌وایه‌، په‌سند و جێبه‌جێ بكات، له‌ تۆڵه‌ی هۆشمه‌ند عه‌لیپووردا، له‌ هیچ كارێكی تۆڵه‌ ئه‌ستێنانه‌ له‌ هه‌ر ئاستێكداو به‌ هه‌ر راده‌یه‌ك نزیك له‌ بڕیارده‌ران و به‌ڕێوه‌به‌ران و هاوكاران و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان ، ده‌ست ناپارێزین.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی راگه‌یاندن

13ی به‌فرانباری 2719ك
3ی ژانویه‌ی 2020ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *