به‌یاننامه‌یPAK به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكار (کرێکاری کورد ته‌نیا له كوردستانێكی خاوه‌ن ده‌وڵه‌تدا ده‌توانێ‌‌ بە پلە و پایەی شیاوی ئینسانیی خۆی بگا.)

کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان لە ژێر باری بێده‌وڵه‌تیی و داگیركراوییدا، نە وەک مرۆڤ ژیانیان پارێزراوە و نە وەک کرێکار مافەکانیان دابین کراوە. ره‌نج و ده‌رد و كوشتاری کۆڵبەرانی کوردستان و ئه‌و چه‌وسانده‌وه‌و پێشێیلكارییه‌ی له‌گه‌ڵ‌كرێكارانی كورد له‌ شاره‌ مێترۆپۆله‌‌كانی ئێران ده‌كرێن، 

ئاوێنه‌ی دۆخ و ژیانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردە لە ژێر سەروەریی سیاسیی تاران دا.
حاکمیەتی داگیرکەرانەی تاران، دزین و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی کورد و رێگریی لە پێشکەوتن و په‌رسه‌ندنی ئابووریی كوردستان، هۆكاری سه‌ره‌كیی ژیانی سه‌خت و پڕ مه‌ینه‌تی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كورد و و له‌مپه‌ڕی ئه‌سڵی ئاسایش و به‌خته‌وه‌رییانه‌.
کرێکاری کورد ته‌نیا له كوردستانێكی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌ره‌وه‌ریی(Sovereignty) دا ده‌توانێ‌‌ وەک مرۆڤی ئازاد بە پلە و پایەی شیاوی ئینسانیی خۆی بگا و لە بندەستی نەتەوەیی و چەوسانەوە چینایەتی رزگار ببێ.
بەم پێیە ‌ئامانجی رزگاریی نەتەوەیی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و دادپەروه‌ر، کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و باقی چین و توێژه‌کانی کوردستان له‌یه‌ک سه‌نگه‌ری هاوبه‌ش و له‌ژێر یه‌ک ئاڵادا، یه‌کگرتووانه‌ دژ به‌یه‌ک دوژمن کۆده‌کاته‌وه ‌که‌ بریتیە لە: سه‌نگه‌ری راماڵینی داگیرکەران و هەڵگرتنی حاکمیەتی تاران لە سەر کوردستان ‌و ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئامانجی سه‌روه‌ریی و سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان.
هه‌ر بۆیه‌ له‌ روانگه‌ی ناسیۆنالیزمی ئازادییبه‌خشی كورده‌وه‌،قووڵکردنەوەی دەسکردی کەلێنی نێوان رۆڵەکانی نەتەوەیەکی بندەست و بێدەوڵەت بۆ وەدیهێنانی ئایدیا زێهنییەکان و ئایدۆلۆژیا نامۆکان بە پرسی نەتەوە و نەتەوایەتی لە ژێر ناوی “خەبات و ململانێی چینایەتی” لە قۆناغی رزگاریی نیشتمانیدا، تەنیا ریزەکانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان پڕش و بڵاو دەکا و دەرفەتی خۆ رێکخستن و یەکێتی نەتەوەیی بۆ رزگاریی و سەربەخۆیی كوردستان خه‌سار ده‌كا. هاوكات له‌ روانگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستانه‌وه‌، ناسیۆنالیزمی كورد، ده‌بێ چ له‌ قۆناغی بزووتنه‌وه‌دا و چ له‌ قۆناغی سه‌روه‌ریی و ده‌وڵه‌تدا، هه‌ڵگر و پارێزه‌ری به‌هاكانی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی و دژی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی‌ بێت. پارتی ئازادیی کوردستان پیرۆزبایی پێشكەشی هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشانی مێشك و بازووی کوردستان بە ژن و پیاوەوە دەکا. تێده‌كۆشین و هیوادارین جەژنەکانی داهاتووی یەکی ئایار لە کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد دا بکەینەوە. کوردستانێک کە تێیدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێ و چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ کۆتایی پێبێ.

پارتی ئازادیی کوردستان_PAK
11 گوڵانی2720ک
30 ئاپریلی 2020ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *