به‌یاننامه‌یPAK به‌ بۆنه‌ی 120هه‌مین ساڵی له‌ دایكبوونی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د

رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی گەورەی کورد!
کوردستانییه‌ وڵاتپارێزەکان!
ئه‌مڕۆ یازدەی گوڵانی 2720ی كوردیی، سەت و بیسته‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی له‌ دایکبوونی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د سەرۆکی شه‌هیدی دەوڵەتی جمهووریی کوردستانە.

پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، له‌ ژیانی سیاسیی خۆیدا، گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی بە کەمترین تێچوو بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد تۆمار کرد: پێشەوا بە هاوکاری و پشتگیریی ژێنێڕاڵ مستەفا بارزانی، رۆژی 2ی رێبەندان، سەربەخۆیی کوردستانی راگەیاند و “بە خودا و بە کەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتی میللی کورد، بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان” سوێندی خوارد کە “تا ئاخر هەناسەی ژیان و رژاندنی ئاخر تنۆکی خوێن”، “بە گیان و بە ماڵ لە رێی راگرتنی سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان” تێبکۆشێ.
پێشه‌وا به‌و هه‌نگاوه‌ مێژووییه،‌ شکۆ و سەربەرزیی بۆ کورد گەڕاندەوە.بە گوتاری ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو كوردی یه‌كخست و به‌و پێوەندییەی لە گەڵ سەرکردە و تێکۆشەرانی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان پێکیهێنا، دەوڵەتە کوردستانییەکەی کرده‌ سیمبۆلی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی نەتەوەی دابەشکراوی کورد.
شەهید کرانی پێشەوا قازی محەمەد، زەبرێکی قورس و ستڕاتیژی لە ناسیۆنالیزمی کورد دا. بەو کۆستە بزووتنەوەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بێسەر و سەرکردەی نەتەوەیی مایەوە و سەرانی حیزبی توودە بوونە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی فکر و داڕشتنی هێڵی سیاسی بۆ کورد. لە ئاکامی ئه‌و دۆخەدا، بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان له‌ رێگای راسته‌قینه‌ی خۆی ترازا و ئامانجی روونی “استقلال و آزادی” لێ لێڵ کرا؛ ئێرانچێتی و ئایدۆلۆژیای بێگانه‌ هێنرایە‌ نێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد؛ ئه‌و بنه‌ما فکرییانه‌ی کۆماریان له‌سه‌ر بنیات نرا، کرچ و کاڵ بوونه‌وه‌‌ و بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد له‌ رۆژ‌هه‌ڵاتی کوردستان، به‌ “ئێرانی” کرا. لەو ساوە رێڕەوی خەبات لە پێناو سەربەخۆیی و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، گۆڕا بە حەولی بێئاکامی پڕ خەرج و قوربانیی “دێموکراتیزە کردنی ئێران” و لە جێی “استقلال و آزادی”یەکەی قازی محەمەد، “دێموکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” بۆ کوردی بندەستی وڵات داگیرکراو، وەرگیرا.
قازی محه‌مه‌د، وه‌ك له‌ ژیاندا بۆ کورد، پێشه‌وا و داهێنه‌ر بوو، له‌ مه‌رگیشدا هه‌ر به‌و ته‌رزه‌ بوو. ئه‌و رێگای مه‌رگی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی به‌ سڵامه‌ت ده‌رچێ. مه‌رگی قازی محه‌مه‌د لێوا و لێو پڕ بوو له‌ ژیان. جۆرێکی دیکه‌ی سوور بوون بوو له‌ سه‌ر په‌یمان و به‌ڵێنی نه‌ته‌وه‌یی . قازی محه‌مه‌د سوقراتی زه‌مان بوو.
پارتی ئازادیی کوردستان درێژه‌ده‌ری راسته‌قینه‌ی رێبازی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌ده‌. خوێنی قازی محەمەد لە دەمارەکانی پارتی ئازادیی کوردستان و رێبه‌رایه‌تییه‌كه‌یدا دەگەڕێ و بیر و ئامانج و ئاكار و سیاسەتەکانی پێشه‌وای شه‌هید لە پارتی ئازادیی کوردستاندا زیندووە.
سڵاو له‌ پێشه‌وای شه‌هید له‌ 120 هه‌مین ساڵی له‌ دایکبوونیدا.
بژی خه‌بات له‌ پێناو دامه‌زراندنه‌وه‌ی دەوڵەتی جمهووریی کوردستاندا

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
11 گوڵانی 2720ك
30ئاپریلی2020ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *