بۆچی داعش هێرشی نه‌کرده‌ سه‌ر ئێران؟!

ئه‌مەریکا نهێنییه‌کانی په‌یوه‌ندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ داعشه‌وه‌ ئاشکراده‌کات

تاکو ئێستا مشتومڕ و پرسیاری زۆر هه‌ن که‌ کێ ڕاسته‌وخۆ له‌پشت درووستکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه‌یه‌ و چ لایه‌نێک هاوکاریده‌کات، به‌پێی ڕاگه‌یاندنه‌ ئه‌مریکییه‌کان ئه‌و نهێنییه‌ ئاشکراده‌کرێت.

ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌مریکا بڵاویانکردۆته‌وه‌ به‌م نزیکانه‌ فیلمێکی به‌ڵگه‌نامه‌یی به‌ناوی “مه‌ترسی بێزراو” له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ ڕێکخراوی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام بڵاوده‌بێته‌وه‌ که‌ تێیدا چه‌ندین نهێنی و زانیاریی گرنگی له‌باره‌ی به‌هێزی په‌یوه‌ندیی و هاوکاری ئێران بۆ داعش ئاشکراده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی پێگه‌ی (ئۆرێنت نێت)ی عه‌ره‌بی له‌و ڕاپۆرته‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ی نهێنییه‌کانی تێدا ئاشکراده‌کات چه‌ندین گه‌وره‌به‌رپرسی سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌که‌ قسه‌ده‌که‌ن و به‌ڕاشکاوی باس له‌ جۆری په‌یوه‌ندی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ داعشه‌وه‌ ده‌که‌ن.

فیلمه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌که‌ نزیکه‌ی “٦٠” خوله‌ک ده‌بێت که‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی تایبه‌ت به‌ فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی “مارجن سکوب” به‌رهه‌مهێنراوه‌ که‌ وابڕیاره‌ له‌ چوار که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌مریکادا په‌خشبکرێت.

گرنگیی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ چه‌ندین گه‌وره‌ به‌رپرسی سیاسی و سه‌ربازی قسه‌یان تێیداکردووه‌ و له‌ نێویشیاندا ڕاوێژکاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی تره‌مپ “ماکیل فلین” قسه‌یکردووه‌ و چه‌ندین ڕاستی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی ئێران به‌ داعشه‌وه‌ ئاشکراکردووه‌. جگه‌ له‌ به‌شداری “ماکیل لیدین” ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا.

جگه‌ له‌ ئاشکراکردنی په‌یوه‌ندیی نهێنی ئێران به‌ داعشه‌وه‌، فیلمه‌که‌ باسی ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران به‌ ڕێکخراوه‌ تیرۆریستی و توندڕه‌وه‌کان له‌ جیهاندا ده‌کات.

به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ به‌ پشتگیری سیاسه‌تمه‌دار و پسپۆرانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا له‌کاتێکدایه‌ که‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکا به‌ سه‌رکردایه‌تی “دۆنالد تره‌مپ” به‌ ڕاشکاوی باس له‌وه‌ ده‌کات ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی جیهانی و هه‌رێمی و پێویسته‌ سنوورێکی بۆ دابندرێت و سزای نوێی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.

کورته‌یه‌ک له‌و فیلمه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ڕووی ته‌کنیک و جۆری پیشاندانه‌وه‌ سه‌رانی ڕژێمی ئێران وه‌کو تیرۆریستی مه‌ترسیدار پیشانده‌دات و ئه‌و وڵاته‌ به‌گه‌وره‌ترین پشتیوانی تیرۆر له‌ جیهاندا ناوده‌بات. جگه‌ له‌وه‌ی پرسیاری ئه‌وه‌ده‌کات که‌ بۆچی داعش ته‌نیا هێرشی نه‌کرده‌ سه‌رئێران؟

هه‌ر له‌و کورته‌یه‌دا که‌ وه‌کو ڕێکلامی فیلمه‌که‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکای ئێستا “جه‌یمیس ماتیس” به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت و ده‌ڵێت: کاتێک به‌یانیان له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستم ته‌نیا سێ شتم له‌بیره‌ : ئێران! ئێران! ئێران!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *