بەشداریی PAK لە جێژنی 73 ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ستۆکۆڵم

رۆژی شەممە 29ی بەفرانباری ساڵی 2718ی کوردی (19ی 1ی ساڵی2019ی زایینی)، بەبۆنەی 73 هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان، رێورسمێک لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوئێد لە لایان حدک بەڕێوەچوو.

لەسەر باگهێشتی حدک، شاندێکی کۆمیتەی رێکخستنی سوئێدی پارتی ئازادیی کوردستان، پێکهاتوو لە هەڤاڵان کامران قازی. ھێدی خزری،ئەنوەر عەباسی و ھیوا خزری، بەشداریی لە رێورەسمەکەدا کرد.
و پەیامی کۆمیتەی رێکخستنی سوئێدی PAK بەوبۆنەیەوە پێشکەش بەڕێوەبەرانی رێورسمێک کرا.دەقی پیرۆزبایی کومیتەی سوێدی PAK
پەیامی کۆمیتەی ڕێکخستنی سوێد PAK به‌ بۆنه‌ی73 هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جهموری کوردستان
کوردستانییانی خۆشەویست
خه‌باتگێڕانی رێگای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان!
کۆڕ و کۆمەڵ و حزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان
پێش هەموو شتێک بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆماری پێشەوای نەمر، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی کوردستان و باسکی بەهێزی گەل، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەین و لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نیشتمان و سەرکردەی هەموویان پێشەوای شەهید، نەمر قازی محەمەد پەیمان نوێ دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازییان سوور بین و هەتا گەیشتن بە ڕۆژی مەزن، رۆژی ڕزگاری گەل و نیشتمان لە چنگ داگیرکەران دەمێک لە هەوڵ و تێکۆشان ڕانەوەستین.
دووی ڕێبەندان بۆ کوردستانییان تەنها ساڵوەگەڕی رۆژێکی پیرۆز نییە. دووی ڕێبەندان رۆژی شکاندنی ڕچەی سەدان ساڵ ژێردەستەیی و شکاندنی تەلیسمی ئاسایی بوونەوەی ئەم ژێر دەستەییە بۆ مرۆڤی کورد بوو و هەیە.
گرنگی کۆمار لە بەرانبەر بزوتنەوەکانی پێش خۆی لە ڕوخساری سیاسییانە و هەڵسوکەوت بە پێی بنەماکانی شارستانییەتی مۆدێڕنی ئەودا بوو کە وێڕای تەمەنی کەمی خۆی بوو بە پاشخانێکی بەهێزی سیاسەت کردنی کورد لەسەر دۆزی کوردستان. بوو بە سەرچاوەیەک بۆ ژیانەوەی چەمکێک بە ناوی کوردایەتی. کوردایەتییەکی دەوڵەت تەوەر. کوردایەتییەکی شوناسخواز و لە هەمان کاتدا ئاشتیخواز و شارستانیانە و لەبەرانبەر گەلدا بەرپرس.
ئەگەر لە دوای پتر لە حەوت دەیە یەکەم کۆماری کوردستان، دواهەمین کۆماری کورد بووە و هەتا ئێستا نەمانتوانیوە ئاواتە مەزنەکەی پێشەوا بەدی بێنین دەبێ لە خۆمان بپرسین ئایا بەڕاستی ئێمە توانیومانە وەکوو قوتابی ڕێبازی کۆماری کوردستان هەڵسووکەوت بکەین؟ ئایا پەراوێزەکانی گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازانەمان پتر لە ناوەرۆکی سەرەکی، ئێمەی بە خۆیەوە سەرقاڵ نەکردوە؟ ئایا ئەوەندەی کە پەرژاوینەتە سەر ڕکابەریی نێوخۆیی بە نیو هێندە مشورمان لە ”ڕەقیبی” داگیرکەر خواردوە؟ ئەو داگیرکەرەی کە هەر دەمەو بە دیمەنێک بەدی دەبێ. هەر چاخ و سەردەم جارێک ڕواڵەتەکەی دەگۆڕدرێ. جارێک سەفەوییە، جارێک قاجاڕە، جارێک شایە جارێک مەلا دەوڵەت لە دوای دەوڵەت و حکومەت لە دوای حکومەت دێن و دەڕۆن بەڵام هیچییان بۆ یەک جاریش لە سەرکوت و کورد کوشتن سڵییان نەکردەوە و لە داهاتوشدا و لە ئەگەڕی گۆڕانی رژێمی ئێستایشدا و تەنانەت لە ئەگەری هاتنە سەرکاری رژێمێکی دیموکراتیشدا، بێگومان سیاسەتی ئێرانی بە نیسبەت کوردەوە توشی ئاڵوگۆڕ نایە. کەواتە و بە زانینی ئەم ڕاستیە تاکەڕێگا کە بۆ کورد دەمێنێتەوە پشت بەستن بە خۆیەتی و یەک گوتاری و هاوهەڵویستی هەموو هێزەکانی کوردستان تاکە هیوایە کە بتوانێ ڕێگا لە دووبارە بوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوومان بگرێ.
لەم کاتەیا کە کۆماری ئیسلامی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە تووشی هەموو جۆرە داڕمان و کێشەی سیاسی و ئابوری و نێودەوڵەتی بووە و پتر لە هەموو ساڵەکانی تەمەنی شومی خۆی نیشانەکانی ڕوخان بە ڕوخسارییەوە دەبینرێ، ‌هێزە کوردستانییەکان سەرەڕای هەوڵەکان هێشتا هەر پەرتەوازە و ناسەقامگیر و بۆ بەربەرەکانێی دوژمنی ئێستا و داهاتوو نائامادەن. با ئەم دووی ڕێبەندانە بکەین بە دووی ڕێبەندانی یەکڕیزی و هاوهەڵویستی هەموو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە قەد تەمەنی کۆمار، واتە یازدە مانگی داهاتوو هەوڵ بدەین ئەم ئاواتی یەکڕیزی و هاو‌هەڵویستییە بەدی بێنین کە خەون و ئاواتی لە مێژینەی گەل و هەموو خەمخۆرانی نیشتمانمانە.
پارتی ئازادیی کوردستان PAK وەکوو پێشتریش ئامادەیی خۆی بۆ هەرچەشنە هەوڵێک لە ئاراستەی تەبایی و یەکڕیزی و هاوهەڵویستی دەربڕیوە ئێستاش و لە ساڵوەگەڕی دووی ڕێبەنداندا دووپاتی دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی بوون و پاراستنی گەل و خاکی کوردستان ئامادەیە بە بێ شەرت و مەرج لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە مەبەستی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی گفتوگۆ بکات و هەوڵی بۆ بدا.
جارێکیتریش دووی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکەین.
سەرکەوتن لە یەکگرتندایە
بژی کورد و کوردستان
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیتەی ڕێکخستنی سوێد
29ی بەفرانباری ساڵی 2718ی کوردی
19ی 1ی ساڵی2019ی زایینی
—————————
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیتەی رێکخستنی سوئێد
30ی بەفرانباری ساڵی 2718ی کوردی
20ی 1ی ساڵی2019ی زایینی
pak.sweden@yahoo.se

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *