بەیاننامەی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بە بۆنەی چواره‌مین ساڵی دامه‌زران له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دژی داعش و حه‌شدی ئێرانیی

رۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی كورد!
پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان!
چوار ساڵ لەمەوبەر، پاش ئەوەی بە پلان و پیلانی تاران، داعش ئاراستەی هێرشەکانی بەرەو باشوری کوردستان گۆڕی و تاوانی ژێنۆسایدی دانیشتوانی شنگالی خوڵقاند؛ هێزێک لە رۆڵەکانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان ، گیان لەسەر دەست و تەژیی لە حەماسە، ملی بەرەو بەرەکانی جەنگی پاراستنی نیشتمان و نەتەوە و بەهاکانی نا. بە گەیشتنی ئه‌و هێزه‌ به‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، ئازایانە ئاوقای هێزە پەلاماردەرەکانی داعش بوو و له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌كاندا زه‌بری توندی له‌ دوژمن سره‌واند. ئەو هێزە، سەرکردە و کادر و پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی كوردستان بوون.

ملپێوەنان بەرەو بەرەکانی جەنگ و ئەو دەورەی کە پارتی ئازادیی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی داعش و یه‌كساڵ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی حه‌شدی ئێرانیی گێڕاویەتی، تەنیا فۆنكسیۆنێكی سەربازیی رووت نەبوو، بەڵکوو ئاوێنەی ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسەتی کوردستانیی و ئامانجی سەربەخۆییخوازیی پارتی ئازادیی كوردستان بوو.
له‌ كارنامه‌ی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە تەواوی نەبەردەکانی سێ ساڵەی شه‌ڕ دژی داعش، چ لە هێرشه‌كان و چ له‌بەرگرییەکاندا، شتێ بێجگە لە سەرکەوتن و شکستدانی دوژمن تۆمار نەکراوە. هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی فه‌رمانده‌یی پارتی ئازادیی کوردستان و هێزەکانی، ناو و ناوبانگی جیهانیی بەدەست بێنن و جێگای سەرنج و رێزی کوردستانیانی هەر چوارپارچەی نیشتمان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و میدیا جیهانییەکان بن. رۆڵی قاره‌مانانه و شوێندانه‌ری هێزه‌كانی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ پاراستنی خاك و خه‌ڵك و كیانی سیاسیی باشووری كوردستاندا ته‌نیا به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی داعش نه‌بوو. به‌ڵكوو ئه‌و ده‌وره‌ی كه‌ پارتی ئازادیی كوردستان له‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و شكستدانی هێرشی هاوبه‌شی سوپاكانی تاران و به‌غدا له‌ نه‌به‌ردی مێژوویی و چاره‌نووسسازی پردێ دا گێڕای، بووه‌ تاجی سه‌ربه‌رزیی و لووتكه‌ی شانازیی و ده‌سكه‌وتی مێژووی خه‌باتی پارتی ئازادیی كوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان لەم چوار ساڵەدا تەنیا لە شەڕ و ململانێی داعش و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی هێڕشی راسته‌وخۆی سوپاكانی تاران و به‌غدا دا، نەبووه‌ ، بەڵکوو هاوکات وزەیەکی زۆری بۆ بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی تاران تەرخان کردوە. تاران کە بەشی شێری لە دژایەتی یەکێتی ویەکگرتوویی نەتەوەی کورد و پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پێدەبڕێ، هەر لە رۆژەکانی یەکەمی چوونی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ بەرەکانی جەنگ تا ئێستا، بە هەموو رێگاو ئامرازێکەوە تێکۆشاوە رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی نیشتمان ئەو دەورە نەگێڕن. لەم پێناوەشدا، حەولێکی بێ پسانەوەی بۆ تێرۆر، پێشگرتن لە هاتنی لاوانی وڵات بۆ ریزەکانی پێشمەرگە ، گرتن و زیندانی کردنی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی PAK ، وەڕێخستنی شەڕی دەروونی و بڵاو کردنەوەی دەنگۆ و دروستکردنی سیناریۆی فێڵبازانە لە دژی PAK، حەولی بێدەنگ و رەنگ کردنی PAK لە میدیاکانی باشووری کوردستان و هتد… ئەنجام داوە.
بێجگە لە پیلانەکانی تاران، لەم چوار ساڵەدا و لە کاتێکدا پارتی ئازادیی کوردستان لە جەنگی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستاندا بوو و دەیان شەهید و برینداری لێکەوتبوو، هێندێک لایان کە لە گۆڕەپانی سیاسەت و حیزبایەتیدا لە پای PAK دەرناچن و بوونەتە بار بە سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، رۆڵی تابووری پێنجەمیان لە دژیPAK گێڕاوە و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆیان كرابێ حەولیانداوە، رۆڵه‌ فیداکارەکانی بەرەکانی جەنگ دڵسارد بکەنەوە و لە سەنگەرەکانی شەرەف و شانازیی هەڵیانکەنن. كاری ئه‌م تاقمه‌ نانخۆر و جێگرانه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ جێگایه‌ك كه‌ له‌ دژایه‌تی پارتی ئازادیی كوردستاندا به‌ كرده‌وه‌ له‌ ته‌ك دام و ده‌زگا سیخوڕی و تێرۆریستییه‌كانی به‌ر فه‌رمانی تاران، كه‌وتوونه‌ته‌‌ یه‌ك به‌ره‌وه‌.
لە گەڵ ئەوەدا کە پانتایی گەورەی هەڵسووڕانی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا بەرەکانی جەنگ له‌ باشووری كوردستان بوو، بەڵام ئەم گۆڕەپانە ئاڵترناتیوی خەبات دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە خۆرهه‌ڵاتی کوردستان نەبووە . هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا و هاوكات له‌ گه‌ڵ سه‌روه‌رییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زنجیرەیەک زەبریان لە هێزە داگیرکەرەکانی ئێران سرەواند. بێجگه‌ له‌وانه‌ش ئەو هێزەی کە لە هەناوی جەنگ دژی داعش و سوپاكانی تاران و به‌غدا پێگەیشتووە و خەوی داگیرکەرانی دەوڵەتی فارسی ئاڵۆز کردوە، سەرمایەی سەربازیی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە هەلوومەرجی خۆیدا، ئەرکی سەرەکیی راماڵینی هێزەکانی بەرفەرمانی تاران لە کوردستان دەبێت.
شانازی و ده‌سكه‌وتی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد لە نەبەرده‌كانی چوار ساڵ دیفاع و پاراستنی باشووری کوردستان، بە خوێنی ١٧ شەهید و ٣١ بریندار و لە رۆژاوای کوردستان بە خوێنی ٢ شەهید و ٣ بریندار تۆمار کراون کە تاهەتایە وەک تاجی شانازیی خۆرهەڵاتی کوردستان دەمێنێتەوە.
شکاوە بێ ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان
سڵاو لە شەهید و بریندارەکانی شاجەنگی کورردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە
14 گەلاوێژی2718
5 ئاگۆستی 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>