بەیاننامەی لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات سه‌باره‌ت به‌ لێشاوی گرتنی رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵات

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

لاوانی شۆڕشگێڕ و خوڕاگری کورد!

لە ماوەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەکوو نەریتی هەمیشەیی خۆیان هەوسار پساو دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری لە کوردستانی ئێران و بە دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی لاوان، ئەمنییەت و ئاسایشی کوردستانیان ڕوبەڕووی مەترسی جدی کردۆتەوە.

ڕۆژانە چەندین لاوی کورد بێ سەر و شوێن دەکرێن و لە زیندانە نەهێنییەکانی ڕێژیم دەکەونە ژێر گۆشاری دەروونی و جەستەیی و ژیانیان لە مەترسی دایە.
شەپۆلی بەکۆمەڵ دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد لە پێناو زاڵکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکی و هەروەها نائەمن کردنی کوردستان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت، چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگە پارێزانی کوردستان.
بۆ کۆمەڵگای کوردی ڕوونە کە ئەم توێژانە لە پێناو پاراستن و گەشەی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات هەنگاو هەڵدەگرن، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی ئازادی کە لە ساختار و بناغەی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەدا هەرگیز نەبیندراوە، بە تۆمەت و پەروەندەسازی و وەپاڵ خستنی کەیسی سیاسی و ئەمنییەتی ، هەوڵی ناچالاک کردن و دروستکردنی دڵەڕاوکی لە نێو کۆمەڵگای کوردستان دەدات و هەروەها لە ڕێگای سینەمای بە زاهیر ئیسلامی کراو، هەوڵی ناشیرین کردن و چەواشە کردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدات.
کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێران!
پایە لەرزۆکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەرگیز لە کوردستانی ئێران قایم نەبوون و هەنووکە کە کوردستان ترسی خستۆتە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو ترسەشە بۆتە هۆی ئەویکە ڕێژیم، بەردەوامیی و ئیرادە و خۆڕاگری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە تایبەت لاوانی دەرەوەست و ئازادیخواز، بە مەترسی لەسەر مانەوەی خۆی بزانێت.
بە تەواوت ڕوونە کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتەوە کە کوردستان داگیرکراوە، لە بەرامبەر زەبر و زەنگ و شەڕی داسەپاو لەسەر وڵاتەکەیان بێدەنگ نەبوون و نابن، هەر بۆیە ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە هیچ ئاکامێکی دڵخوازی بۆ ڕێژیم نابێت و ناتوانن دەنگی مافخوازی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی لە کوردستان کپ بکەن.
ئێمە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، وەکوو هەمیشە ئەو کردوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین و ڕایدەگەینین کە هاودەنگ و شان بە شانی خەڵکی تێکۆشەری و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ ئێران لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی ڕێژیم بێدەنگ نابین و دەبینە دەنگی هەموو تێکۆشەرانی ڕزگاریخواز لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.
هەروەها لاوانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە شێلگیرانە هەوڵ دەدەین کە بە یەکگرتووییمان پاشەکشە بە ڕێژیم بکەین و بە تێکۆشانی فرە چەشنمان ڕێژیم لەو کردەوە دژە ئینسانیانەی پەشیمان بکەینەوە و ڕێگە نەدەین چیدیکە داگیرکەران بە کوشتن و بڕین و بەندیخانە وڵامی مافخوازی نەتەوەکەمان بدەنەوە.

لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات
پێکهاتووە لە:

یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات

ڕێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان

ڕێکخراوی لاوانی پێشرەو

یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *