بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستان لە هەشتەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی شوانەی سەید قادر و راپەڕینی کوردستاندا

ئەمڕۆ 18ی پووشپەڕی 2713، هەشت ساڵ لە شەهید بوونی شوانە تێدەپەڕێ. هاوکات 8ساڵ لەو راپەڕینە یەک مانگییە رابرا کە خوێنی شوانە بووە چەخماخەی هەڵگیرسانی.

شوانەی سەید قادر کە لە ریزی هەڤاڵانیدا لە پارتی ئازادیی کوردستان بە ” کوردۆ” دەناسرا، بە هۆی بەربەرەکانێی بەردەوام و نەترسانەی لە گەڵ هێزە داگیرکەرەکانی تاران لە مەهاباد، ببووە جێ متمانەی لاوانی ئەو شارە و رێکخەر و هەڵگیرسێنەری زۆر لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران.

شەهیدکرانی شوانە و گێڕانی تەرمەکەی بە ناو شاردا، رۆڵەکانی کوردستانی بۆ دەنگهەڵبڕین دژی تاوانی هێزەکانی بەر فەرمانی تاران کێشایە سەر شەقامەکان و ئەو راپەڕینەی لێکەوتەوە کە مانگێکی خایاند و زۆر شاری وڵاتی تەنییەوە.

لە ماوەی ئەو راپەڕینەدا، کوردستانی داگیرکراو، جارێکی دیکە بووەوە گۆڕەپانی لەشکرکێشی تاران و هێرش و پەلاماردانی خەڵکی راپەڕیوی کوردستان لە عەرز و ئاسمانەوە. بەڵام ئەوە هەر تەنیا رۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بوون کە بە دەستی خاڵی، بە پشت بەستن بە رەوایی کێشەکەیان، ملیان وەبەر ملی رێژیمێکی داگیرکەری تووتالیتێر نابوو.

ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یان هێز و لایەنەکانی سەر بە نەتەوەی فارس، چاو و گوێی خۆیان لە حاند کوشتاری رۆڵەکانی نەتەوەی ئێمە نووقاند و ئاخنی و متەقیان لێوەنەهات.

لە حاست زەبر و زەنگی هێزەکانی ئێران و کوشتاری رۆڵەکانی کورد دا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بێدەنگیی رەچاو کرد.

رووداوەکانی 8 ساڵ لەمەوبەری کوردستان، لە سیستەمی فیکری و سیاسیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا، خوێندنەوە و ئاکامگیریی جیاوازی بۆ کرا. لە خوێندنەوەی پارتی ئازادیی کوردستاندا، رووداوەکانی ئەو رۆژانە دیمەن و وێنەی روونی پێوەندیی نێوان دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و نەتەوەی داگیرکراوی کوردبوو. ئاکامگیریی پارتی ئازادیی کوردستان بریتی بوو لەوەی کە: مرۆڤی کورد لە هەلومەرجی بندەستیی دەوڵەتی داگیرکەردا نەک هەر ماف و ئازادییەکانی، بەڵکوو کەسایەتی، کەرامەت، گیان و ئاسایشی داگیرکراوە؛ کە داد و قانوون لە هەلومەرجی بندەستییدا بریتییە لە رەواییدان بە تاوان و جینایەتەکانی هێزی داگیرکەر. بۆیە ژیان و گیان و ئاسایش و ماف و ئازادیی مرۆڤی کورد و نەتەوەی کورد، لە گرەوی نەمانی راماڵینی هێزی داگیرکەر و رزگاریی یەکجاری و بەدەسهێنانی سەروەریی( حاکمییەت) سیاسیی و ژیان لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دێموکراتیک دایە.

لە خوێندنەوەی پارتی ئازادیی کوردستاندا هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لە پێوەندیی لە گەڵ پرسی سەروەریی سیاسیی لە ئێراندا مانا دەکرایەوە. ئەو هێز و گرووپانە، کورد بوون وەک نەتەوەیەکی جیاواز، قبووڵ ناکەن و هەر بزاوتێ کە پرسی کورد زەق بکاتەوە، دژ بە گوتاری سیاسیی و بەردەوامیی سەروەریی سیاسیی خۆیانی دەبینن. ئەوان کورد تەنیا وەک” سنوور پارێزە ئازاکانی ئێران” دەناسن و بە پێجەوانەوە، رشتنی خوێنی بە حەڵاڵ.

پارتی ئازادیی کوردستان بێدەنگەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە حاست کوشتاری رۆڵەکانی کوردی، ناتەبا و نەگونجاو لە گەڵ رۆحی سەردەم دانا. پارتی ئازادیی کوردستان لە سەردەمی پیرۆز نەمانی سەروەریی دەوڵەتان وهەڵکشانی بایەخی مافەکانی مرۆڤدا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەرەچاو کردنی پرێنسیپی” بەرپرسیارێتی پاراستن” و “دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە” لە حاند رۆڵەکانی نەتەوەی کورد، بەرپرس دانا.

ئەوەندەی کە بۆ دیوی ناوەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەگەر 8 ساڵ لەمەوبەر لە گەرمەی راپەڕینی خەڵکی کوردستاندا،رەفتاری سیاسی هێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاست راپەڕین و قوربانیدانی رۆڵەکانی نەتەوەکەماندا نەبوو؛ ئەمڕۆ پاش 8 ساڵ لەو رووداوانە، بە داخەوە وەک زۆر رووداو و کارەساتی نەتەوەیی دیکەمان، باسی شوانە وەک سیمبۆلی تاوان و جینایەتەکانی دەوڵەتی ئێران دژ بە نەتەوەی کورد لەو قوناخەدا وپرسی ئەو راپەڕینە پڕ قوربانییە وەک یەکێک لە راسانە مێژووییەکانی کورد بەرانبەر تاران، شوێنی شیاوی خۆی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا بۆ دانەنراوە.

 

سڵاو لە شوانەی سەید قادر، چەخماخەی راپەڕینی مێژوویی نەتەوەکەمان دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران.

سڵاو لە شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان

 

پارتی ئازادیی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی

18 پووشپەڕی 2713

9 ژوولای 2013

www.pazadik.org

pak2691@gmail.com

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *