بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە راپەڕین و دەرفەتی راماڵینی ئێران لە کوردستان

رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان!
کوردستانییه وڵاتپارێزەکان!

ئەو راپەڕینەی لە حەوتووی پێشووەوە زۆربەی شارەکانی ئێران و چەند شارێکی کوردستانی گرتووەتەوە، هەموو لایەنێکی پێوەندیداری لە گەڵ بارودۆخێکی تازە بەرەوروو کردوە. پارتی ئازادیی کودستان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی ناسیۆنالیزمی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندنەوە و سیاسەت و هەڵوێستی خۆی بەمجۆرە رادەگەێنێ:
ئەو سەرهەڵدانە، ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خۆڕسکی ڕەوایە دژ به بێدادی وستەمکاریی حوکمی تاران کە تەواوییەتی ڕێژیمی کردوەتە ئاما‌نج؛ نه دەسکرد و هاندانی دەرەکییە، نه له بازنەی ململانێی نێوان باڵەکانی رێژیم دایه. بۆ نەتەوەی کورد و ناسیۆنالیزمی کورد له ڕۆژ هەڵاتی کوردستان، هەڵوێست لەم ڕاپەڕینه پێویستە له سەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێت و رێگا بە پاشکۆکران و بەکارهێنانی ئامرازیی کورد و خەباتەکەی، به هیچ لایەک نەدرێ.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان شانازیی ئەوەی هەیە که هەرگیز نەچووە بن باری حوکمی تاران؛ نه دەنگی به کۆماری ئیسلامی دا، نە له حاست ستەم و تاوانی تاران بێدەنگ بوو. کورد بێجگه لە شەڕی پارتیزانی، دەیان جار بە تەنیا له دژی حوکمی تاران ڕاپەڕی. بۆیه ئێستا که شارە فارسنشینەکان و نەتەوەکانی دیکه بەم ئاستە گەیشتوون و دژ بە تاران رێگایەکی وەک ڕێگای خەباتی کوردیان گرتووەتە بەر، پارتی ئازادیی کوردستان پێشوازی لەو رەوت و راپەڕینە دەکا.

ئەو ڕاپەڕینه هەر چەند پرۆسە و ئاکامەکانی لە ئێستادا روون نییە، بەڵام لە ئەگەری بەردەوامییدا بە سەرنجدان بەوەی کە ڕێژیمی حاکم تووشی قەیران و کێشەی گەورە دەکا و دەزگا و دامەزراوەکانی سەرکوت وداگیرکاریی لاواز و پڕش و بڵاو ده کا، دەتوانێ بۆکورد دەرفەتی راپەڕین و ڕاماڵینی هێزە داگیرکەرەکانی ئێران له کوردستان پێکبێنێ.
بۆیه پێویسته کورد بەهێزی بکا وبه باشترین شێوه لەم دەرفەتە که ڵک وەربگرێ وبە کاری بێنێ.
لە پێناو بەهێز کردن و سەرکەوتنی راپەڕین، دانانی پلانی هاوبەش و پێکهێنانی هاوئاهە نگی نێوان ڕێکخەران وڕێبەرانی عەمەلیی ڕاپەڕین له کوردستان و شاره راپەڕیوەکانی دیکە، بە پێویست دەزانرێ. هەر لەم پێوەندییەدا بە دوور نازانرێ حەولی لێکنزیکبوونەوەی کورد و هێندێک لایەن و رێکخراوی ئۆپۆزیسیۆنی فارس بێتە گۆڕێ. به ڵام کورد هەر لە ئێستاوه بە عیبرەت لە ئەزموونێکی زۆر و زەوەند کە ھەیەتی، نابێ بڕواتە ژێر هێژموونی سیاسیی هیچکەس و لایەنێکی ئێرانی. هەر جۆرە هیوا هەڵبەستن بەوەی کورد له چوارچێوەی ئێران و لە ئاکامی گۆڕینی ناوی دەوڵەت، سیستەمی سیاسی یان جێگۆڕکێی نێوان باڵەکانی نەتەوەی فارس به مافەکانی بگا، بەهەدەردانی هێز و وزەی نەتەوەیی کوردە. ڕێگای خەبات و بەختەوەریی کورد، ڕاماڵینی داگیرکەر و بەدەستەوە گرتنی حاکمییه تی سیاسی و سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستانه. بەڵام بۆ ئەوەی هیچکەس لە جیاتی خەڵک بڕیار نەداو بڕیاردان لە چارەنووسی کوردستان بۆ تاکەکانی خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە، پارتی ئازادیی کوردستان بەڕێوەچوونی رێفراندۆمێکی ئازاد لە کوردستان بە چاودێریی نێودەوڵەتی، بە مافێکی رەوا، ئامرازێکی دێموکراتیک و باشترین پڕۆژە و رێگا چارەی سیاسی دەزانێ.
تا ئەوجێگایەش بۆ باری نێوخۆیی کوردستان دەگەڕێتەوە، پارتی ئازادیی کوردستان لە سەر ئەم خاڵانە پێدادەگرێ:
1- جووڵە و حەولی زیاتری پارتە سیاسییەکان لە هەلوومەرجی پێکهاتوودا، نابێ ببێتە بابەت و هۆی ململانێ و ڕقەبەریی له سەر پێگە و نفووز وکاریگەریی . حیزبەکان تەنیا بە یەکڕیزی وهاوکاریی وپلانی هاوبەش دەتوانن بە دروستی بۆ بەرژەوەندیی کورد،کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن. کاتی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی گەیشتووە و پارتی ئازادیی کوردستان لەم پێناوەدا دەستی دۆستایەتی و هاوکاریی بۆ گشت هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رادەکێشێ.
2- رۆڵه کانی کورد له ڕوژهه ڵاتی کوردستان پێویسته به بێ دوا کەوتن به کەڵکوەرگرتن له هەموو ئامرازەکانی پێوەندیی، گشت شارەکان بە یەک ببەستنەوە و پلان و کاتی خۆپیشاندانەکان و راپەڕینی سەرانسەریی کوردستان دابنێن. بە خۆپێشاندانی بێ پلان و لێکدابڕاو و جیا جیای ئەم شار و ئەو شار، کورد ناتوانێ کارییگەرییەکی بەهێز لە سەر رەوت و پرۆسەی راپەڕین دابنێ. هاوکات دەرفه تی سەرکوت و دامرکاندنەوەی سەرهەڵدان، بۆ داگیرکەران زیاتر دەڕەخسێ.
3- ئاواتی رزگاریی و قینی پەنگخواردووی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان له هێزە داگیرکەرەکانی بەر فەرمانی تاران و خۆشەویستیی پێشمەرگه، بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک له خه ڵکی وڵاتەکەمان لەم دۆخەدا، داوای پێشمەرگه و عەمەلیاتی چەکداریی بکەن. پارتی ئازادیی کوردستان لە سەر ئەو باوەڕەیە کە پێویستە هەموو تواناکان بۆ راپەڕینی شارەکان تەرخان بکرێ. هاوکات هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادە باشیی تەواودا بن بۆ ئەوەی لە ئان و ساتی خۆیدا، هێزی گەل و پێشمەرگە پێکەوە دوژمنی داگیرکەر لە خاکی نیشتمان راماڵن.
4- کاتی ئەوە گەیشتووە کە حیزب و لایەنه سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگەیان لە چوارچێوەی فەرماندەییەکی هاوبەش دا یەکبخەن و پلانی یەکگرتووانە بۆ ڕۆڵی پێشمەرگه له رەوتی ڕاپەڕیندا دابنێن. جووڵەی بە جیا و هەرکەس بۆ خۆی هێزەکانی پێشمەرگە، پرێستیژی پێشمەرگه وحیزبه سیاسییەکان دادەبه زێنێ و پاشاگەردانی سەربازیی لێدە کەوێته وە.

شەکاوە بێ ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی ناوەندیی
17ی بەفرانباری 2717
7ی ژانویەی 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>