توێژه‌رانی ئەمەریکایی: کورد براوەی سێیەم جەنگی جیهانه‌.. کاتی سەربەخۆییی کوردستانە

توێژەرە دیارەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی کۆکن لەسەر ئەوەی کە کورد لەگەڵ ئەوەی براوەی جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆر بوو، ئەم جەنگە بە سێیەم جەنگی جیهانی ده‌زانن، هاوکات ئه‌م قۆناغه‌ بە کاتێکی گونجاو دەزانن تا دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان دەست پێبکات.

لە ئێستادا شەستوچوار دەوڵەتی دنیا لە جەنگی دژ بە تیرۆردایە بە تایبەت لە جەنگی دژ بە داعش، توێژەرە سیاسییەکانی ئەمەریکایش ئەم جەنگە بە جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆر ده‌زانن و، هەندێ جاریش دەڵێن ئەمە سێیه‌م جەنگی جیهانە. پێشمەرگە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا توانیویەتی گەورەترین سەرکەوتن لەو جەنگەدا بە دەست بێنێ. سنوورەکانی دیاریی کرد و ئامانجەکانی داعشی لەبار برد و سەقامگیریی سیاسی گەڕاندەوە ناوچەکە.

پێوەست بە سیاسەتی ئێستای هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنەکانی کوردستان توێژەرە سیاسییەکانی ئەمەریکا بۆ دوای قۆناغی داعش، زومی بۆچوونەکانیان خستووەتە سەر پاشه‌ڕۆژی هەرێمی کوردستان و لە پێنووسی هەموویاندا کورد لە گۆڕانکاریی ناوچەکەدا هه‌رێمی كوردستان دەوڵەتە. توێژەرە ناودارەکانی ئەمەریکا کە کاریگەریی راستەوخۆیان بەسەر سیاسەتی وڵاتەکەیانه‌وه‌ هەیە، بە تایبەت بۆ پرسی رۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەتی توێژینەوەکانی پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و سەنتەری ئاسایشی ئەمەریکا کە پێوەست بە رۆژهەڵاتی ناوین توێژینەوەکانی رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا هەیە.

(نیکۆلاس هراس) توێژەری تایبەتمەند بە پرسی رۆژهەڵاتی ناوین لە سەنتەری ئەمنیی ئەمەریکا دەڵێ، ئێدارەی نوێی ئەمەریکا زیاتر پشتی کورد دەگرێ لە جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆر و، ئەمەریکا متمانەی زۆری بە کورد هەیە. ئەم توێژەرە جەنگی دژ بە تیرۆی ناو بردووە بە سێیه‌م جەنگی جیهانی و، بەهۆی سەرکەوتنی کورد لەو جەنگەشدا دەڵێ، چاوەڕوانکراوە کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا زیاتر پشتی کورد بگرن.

بە گوێرەی (دەیڤد رۆمانۆ) کە مامۆستای زانکۆیە لە ولایەتی میسووری، ئیدارەی (ترەمپ) بە شێوازێکی زۆر جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش وایکردووە هەندێ وڵاتی ناوچەکە بکەونە دڵەڕاوکێ و ترسیان لەوە هەیە کە دەرگای سەربەخۆیی بۆ کوردەکان بخرێتە سەر پشت. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی (مایکل نایتس) لە پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، باشترین بژاردە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەڕێگای دیالۆگ بگەن بە رێککەوتن پێوەست بە پرسی سەربەخۆیی یان کۆنفیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان. (نایتس) دەشڵێ، رێگای سەربەخۆییی کوردستان ئەگەر بە بەغدادا تێبپەڕی زۆر باوەڕپێکراوترە لەوەی کە بە ئانکارا و کۆشکی سپیدا بڕوات، هه‌ڵبه‌ت مەبەستی (نایتس) رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە لەسەر پرسی سەربەخۆییی کوردستان.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی (هارلمان ئۆلمان) راوێژکار لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەتلەنتیکی ئەمەریکایی، باشترین بژاردە بۆ سەقامگیریی عێراق، دابەشوونی عێراقە لە نێوان شیعە و کورد و سوننەدا.

(هارلمان) دەڵێ، ئەم بابەتە لەلای (ترەمپ) بە بایەخەوە لێی دەڕواندرێ و لە دوای نەمانی داعشدا ئەمە باشترین چارەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.

پێگەی ئەلمۆنیتەر بە پشتبەستن بە لێدوانی (وەلید فارس)ی راوێژکاری سیاسیی (دۆناڵد ترەمپ) بۆ پرسی رۆژهەڵاتی ناوین، کە رایگەیاندووە (ترەمپ) دەیەوێ دۆستایەتی لەگەڵ کورد زیاتر بکات و هیچ لاریی نابێ بۆ هەر بڕیارێک کە ئەمەریکا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بیدات، جا ئەگەر کورد بڕیاری سەربەخۆییش بدەن، ئەوا ئەو لاریی نابێ.

بەگوێرەی شیکەرەوە سیاسییەکانی ئەمەریکا (ئیدارەی ترەمپ) پێویستی بە هەرێمی کوردستانە، چونکە بۆ پاشه‌ڕۆژ لە ناوچەکەدا، کوردستان ئاوێنەی پێشکەوتنی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە دەبێ و ئەمەش بەلای ئەمەریکاوە گرینگە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *