تێرۆری تێكۆشه‌رێكی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ كرماشان

تێرۆری تێكۆشه‌رانی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ شاره‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو، درێژه‌ی هه‌یه‌.
له‌ پلانێكی جینایه‌تكارانه‌دا، رێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هه‌ڤاڵ “بابه‌ك باقری”( كیاكسار) ئه‌ندامی پارتی ئازادیی كوردستانی تێرۆر كرد.
پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی 22.12.2020، تیمێكی رێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، پاش هه‌ڵگرتنی شوێن پێی هه‌ڤاڵ “بابه‌ك باقری”، له‌ رێگای كرماشان- بووژان، به‌ تراكتۆرێك ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كرد به‌ ژێره‌وه‌و له‌ ئاكامی وێكه‌وتنی زه‌بری قورس له‌ سه‌ری، هه‌ر له‌جێدا، گیانی به‌خت كرد.
هه‌ڤاڵ بابه‌ك باقری، له‌ دایكبووی ساڵی 1995ی كرماشان، ساڵی 2016 تا 2018 له‌ریزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستاندا له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دژ به‌ داعش و حه‌شدی شه‌عبی و سپای پاسداران، ئه‌ركی پێشمه‌رگانه‌ی برده‌ سه‌ر. ساڵی 2018 گه‌ڕایه‌وه‌ كرماشان و له‌وێ درێژه‌ی به‌ تێكۆشان دا. ساڵی2019 له‌ لایان ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه‌، رفێندراو خرایه‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاره‌وه‌.به‌ڵام سه‌ربه‌رزانه ‌به‌رگه‌ی گرت و رووسوورانه‌ رزگاری بوو.
سه‌ره‌نجام دوژمنی داگیركه‌ر، قینی خۆی له‌ رێبازی نه‌ته‌وه‌یی و ئامانجی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌و پێشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ره‌ رشت و به‌و ته‌رزه‌، لاپه‌ڕه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ تاوان دژ به‌ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، تۆمار كرد.
ئه‌مه‌ سێهه‌مین تێكۆشه‌ری پارتی ئازادیی كوردستان له‌ ناوچه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ كه‌ به‌و جۆره‌‌، تێرۆر ده‌كرێت. پێشتر هه‌ڤاڵان “كیومه‌رس ده‌بوستانزاده”‌( پاكزاد) له‌ ئه‌ندیمێشك و “سه‌یكازم ئه‌بووشامه”‌(مه‌لیك كه‌لهوڕ) له‌ ئیلام، هه‌ركام به‌ شێوه‌یه‌ك تێرۆر كران.
ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ هه‌واڵگریی و ئاسایشییه‌كانی به‌رفه‌رمانی تاران له‌‌ ناوچه‌كانی باشووری كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵی خۆیان، دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌شڵه‌ژێت و و سه‌رنجی میدیاكان نه‌چێته‌سه‌ریان و هاوسۆزیی ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتیان بۆ پێكنه‌یه‌ت و له‌ ئاكامدا ڕێبازه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌كه‌یان پڕ رێبوارتر نه‌بێت؛ هه‌ر تێكۆشه‌رێكی پارتی ئازادیی كوردستان بكه‌وێته‌ به‌ر سه‌رنجیان، به‌و شێوازانه‌ تێرۆری ده‌كه‌ن. به‌ڵام خه‌یاڵی دوژمنی داگیركه‌ر ده‌كه‌ینه‌ بڵقی سه‌رئاو و رۆڵه‌ جوامێره‌كانی كوردستان، له‌ كرماشان و گشت رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو و له ریزه‌كانی‌ سپای میللیی كوردستان دا، به‌ خه‌می هه‌ڤاڵه‌ شه‌هیده‌كانیان تیغی تۆڵه‌یان له‌ داگیركه‌رانی تاوانبار ده‌ساون و رێگای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌هێزتر ده‌كه‌ن.
شه‌كاوه‌ بێ، ئاڵای خه‌بات له‌ پێناو ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی راگه‌یاندن
3ی به‌فرانباری 2720ك
23ی دیسامبری 2020ز
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *