🔴پەیامی سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربان جه‌ژنتان پیرۆز ( كورد، قوربانیی نه‌بوونی سه‌روه‌ریی و ده‌وڵه‌ت‌)

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و دلۆڤان

به‌ بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربان، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم پێشكه‌شی موسوڵمانانی وڵاته‌كه‌مان كوردستانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م. پیرۆزبایی پێشكه‌شی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ گشت پارچه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م. هاوكات خۆم به‌ به‌شداری خه‌م و داخی هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌زانم كه‌ جێگای ئازیزێكیان به‌ هۆی مه‌رگ یان دووریی، له‌م جه‌ژنه‌دا خاڵییه‌.

نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، قوربانیی ته‌رتیباتی رزیوی سیاسیی ناوچه‌كه‌ و ئه‌و ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وانه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كام به‌شێك له‌ نیشتمانه‌كه‌مانیان پێوه‌ لكێندراوه‌. كورد قوربانییه‌كی به‌رده‌وامی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی سیاسییه‌.

رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ كاتێكدا جه‌ژن ده‌كه‌ن‌ كه‌ له‌‌ ئاكامی سیاسه‌ت و ره‌فتاری گشتیی تاران و روانگه‌و سیاسه‌تی كۆڵۆنیالییانه‌ی تایبه‌تی له‌ سه‌ر كورد و كوردستان، سفره‌ و خوانیان زیاتر له‌ جاران هه‌ژارانه‌و به‌تاڵه‌‌.

ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ رۆژی دامه‌زراندنییه‌وه‌ تاهه‌نووكه به‌ پشت به‌ستن به‌ هێز و زه‌بروزه‌نگ،‌ داگیركاریی، فارسیفیكاسیۆن و ئاسمیلاسیۆن له‌ سه‌ر كورد، یه‌كێ له‌ پایه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بووه.‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد‌ مافی خۆیه‌تی كه‌ له‌ هه‌ر گوشارێكی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ سه‌روه‌ریی سیاسیی و هێز و توانای مه‌كینه‌ی سه‌ركوت و داگیركه‌ریی تاران لاواز بكا، پێشوازیی بكا.
هیوادارین مه‌كینه‌ی سه‌ركوت و زه‌بر و زه‌نگی تاران به‌ جۆرێك لاواز ببێ، كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌لوومه‌رجی رادانی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان و كۆتایی هێنان به‌ حاكمییه‌تی ئێران له‌ سه‌ر كوردستانی بۆ هه‌ڵكه‌وێ و كۆتایی به‌ چاخی قوربانیی كرانی، بێ.

حسین یه‌زدانپه‌نا

10ی گه‌لاوێژی 2720ی کوردی

31ی جولای ساڵی 2020ی زایینی
https://www.facebook.com/hussein.yazdanpana/videos/3288804907808121/
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *