حكوومه‌تی عێراق، پێشمه‌رگه‌یه‌كی پێشووی پارتی ئازادیی كوردستانی، راده‌ستی سوپای پاسداران كرد

حكوومه‌تی عێڕاق پاش سێ مانگ راگرتن، كه‌مال ساڵحی، پێشمه‌رگه‌ی پێشووی پارتی ئازادیی كوردستانی راده‌ستی هێزی تێرۆریستیی سوپای پاسدارانی ئێران كرد.
كه‌مال ساڵحی كوڕی عه‌لی، له‌ دایكبووی 1972ز له‌ گوندی گامێشانی سه‌ر به‌ شاری مهاباد، ماوه‌ی ساڵێك بوو له‌ ریزه‌كانی پارتی ئازادیی كوردستاندا، وه‌ك پێشمه‌رگه‌، ئه‌ركی چێشتلێنه‌ری هێزی خۆشه‌وی خه‌لیلی به‌ڕێوه‌ ده‌برد. دواتر له‌ سه‌ر ویست و بریاری خۆی، چه‌كی دانا و ده‌ستی له‌ خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵگرت.

كه‌ماڵ، رۆژی 24ی فێورییه‌ی 2019، به‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ له‌ رێگای كه‌ركووكه‌وه‌، به‌ره‌و سلێمانی بڕواو پێیوا نه‌بووه‌ حكومه‌تی عێراق و كه‌ركووك و رێگاوبانه‌كه‌ی له‌ به‌ر فه‌رمان و كۆنترۆڵی سوپای پاسداراندان، به‌ ئاشكرا و ئاسایی به‌ رێگای پردێ- كه‌ركووك دا تێده‌په‌ڕێ و له‌وێ، ده‌گیرێ.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێزه‌كانی پارتی ئازادیی كوردستان، له‌ 20ی ئۆكتۆبری 2017 دا،ده‌ورێكی گرینگیان له‌ تێكشكاندنی له‌شكره‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌غدا و تاران له‌ پردێ گێڕا كه‌ بۆ داگیركردنی هه‌ولێر و كۆتایی هێنان به‌ قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان هێرشێكی گه‌وره‌یان هێنا بوو؛ حكومه‌تی عێڕاق، ته‌نانه‌ت رێزی له‌ سه‌روه‌ریی نه‌بووی خۆیشی نه‌گرت و پاش سێ مانگ، له‌ سه‌ر فه‌رمانی سوپای پاسداران كه‌ماڵ ساڵحی كه‌ له‌ كاتی گیرانیدا، ته‌نیا كه‌سێكی ئاسایی و بێچه‌ك و مه‌ده‌نی بوو، راده‌ستی سوپای پاسداران ئێران كرد.
حكومه‌تی عێراق به‌م كاره‌ی، په‌ڵه‌یه‌كی شه‌رمی دیكه‌ی خسته‌ سه‌ر نێوچه‌وانی خۆی و به‌رفه‌رمانیی خۆی بۆ تاران و سوپای تێرۆریستیی پاسداران پتر ئاشكرا كرد.
پارتی ئازادیی كوردستان، ده‌وڵه‌تی شكستخواردووی عێڕاق و سوپای پاسداران به‌ به‌رپرسی چاره‌نووسی كه‌ماڵ ساڵحی ده‌زانێ و په‌یجووری ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌بێ و ده‌وڵه‌تان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ له‌و تاوانه‌ تێده‌گه‌یه‌نێ.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی راگه‌یاندن

12ی گوڵانی2719ك
2ی مایسی 2019ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *