حوسێن یه‌زدان په‌نا: به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو كورد له‌ رۆژهه‌ڵات به‌هێزتر ده‌كا

“زۆر له‌ میدیاكانی باشووری كوردستان له‌ژێر هه‌ژموونی ئێراندان”

پارتی ئازادیی كوردستان كه‌ پارتێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، له‌م قۆناغه‌دا خاوه‌ن بیرۆكه‌ی به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كوردستانییه‌ بۆ پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، داواشی لێ كردوون خه‌بات بكه‌ن تا گه‌لی كوردستان له‌و پارچه‌یه‌ش پرسه‌كه‌ی به‌ ریفراندۆم یه‌كلا بكاته‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، چونكه‌ ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆنی كوردی نییه‌ حكوومه‌تی ئێران بڕووخێنێ، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكی دیكه‌، حوسێن یه‌زدان په‌نا، جێگری سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستان كه‌ ئێستا فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی پارته‌كه‌یه‌تی له‌ باشووری كوردستان و له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعشدایه‌ له‌ میحوری كه‌ركووك و تا ئێستا ژماره‌یه‌ك شه‌هیدیش داوه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی (باس) ده‌داته‌وه‌.
(باس) له‌م قۆناغه‌دا به‌ره‌ی یه‌كگرتوویی كورد بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چ گرنگییه‌كی هه‌یه‌؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: ئێمه‌ له‌ روانگه‌ی پێویستی و زه‌ڕووڕییه‌ته‌وه‌ ئه‌و پێشنیازه‌مان بۆ پارته‌كانی دیكه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌روه‌كو پارچه‌كانی دیكه‌ش گۆڕه‌پانی سیاسیی یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك پێكهاته‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ ڕووی حزبایه‌تییه‌وه‌ فره‌ڕه‌نگی و فره‌حزبییه‌، له‌ حاڵێكدا كه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌یه‌ و بووه‌ به‌ واقعێك، ئه‌گه‌ر بێت و له‌ هه‌ناوی ئه‌و فره‌حزبییه‌دا یه‌كگرتنێك دروست نه‌بێت و سه‌نته‌رێكی بڕیاری سیاسی نه‌بێ، ئه‌وا ده‌توانین بڵیین لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی فره‌چه‌شنی و حزبیی پڕۆلارزیم راست پێچه‌وانه‌وه‌ بسووڕێت، له‌بری ئه‌وه‌ی قازانجی هه‌بێ بۆ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ببێت به‌ به‌ڵا بۆ كوردستان، ئێستا له‌وه‌ ده‌چێ فره‌حزبی له‌ناو كورددا له‌بری ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بكات بووبێت به‌ به‌ڵا و بووه‌ته‌ مایه‌ی دابه‌شبوونی بڕیار و وڵات و خاك و ده‌ستكه‌وته‌كان و له‌ناوچوونیشی، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت كار بكرێت ئه‌و فره‌حزبی و فره‌چه‌شنییه‌ نه‌بێت به‌ به‌ڵا، به‌ڵكو ده‌بێ وای بسووڕێنین كه‌ له‌ فره‌ڕه‌نگیدا ناوه‌ندییه‌ت و ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی و سه‌ربازی له‌ بزووتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا دروست بێت، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌و ناوه‌نده‌ ده‌توانرێت گوتارێكی یه‌كگرتوومان هه‌بێ بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی به‌هێزتری ده‌بێ بۆ خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان.
(باس) باشه‌ ئێستا ده‌توانین بڵێین به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو هه‌یه‌، یان په‌رته‌وازه‌یه‌؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هێشتا له‌ قۆناغی هه‌وڵ و خه‌باتدایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی حوكمڕانیی سیاسی، دابه‌شكارییه‌كه‌ نه‌بووه‌ته‌ دابه‌شكاریی خاك یان ناوچه‌ و زۆنێك كه‌ به‌رجه‌سته‌ بێت و دیار بێت، به‌ڵام به‌ڵێ دابه‌شكاری هه‌یه‌، له‌ قاڵبی بوونی هێز و وزه‌ی خه‌باتگێڕاندایه‌، واته‌ حزبایه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ تواناكان و وزه‌ی خه‌ڵك و خه‌باتگێڕان یه‌ك بخات، به‌ڵكو به‌داخه‌وه‌ دابه‌شی كردووه‌.
(باس) ئه‌و دابه‌شكارییه‌ به‌هۆی هه‌ژموونی ئیقلیمی یان فكری یان به‌هۆی چییه‌وه‌یه‌؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: ئه‌و دابه‌شكارییه‌ شتێكی زۆر بنه‌ڕه‌تی و مێژووییه‌، واته‌ شتێكی ساده‌ نییه‌، هۆكاری سه‌ره‌كیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باری مه‌عریفی و تێگه‌یشتنی ئینسانی كورد و سیاسه‌تمه‌دارانی له‌ دۆخی خۆی، سه‌ره‌تای دابه‌شبوونه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ كه‌ كورد له‌ ناسینی خۆی و دوژمنه‌كانی ده‌رچوو، خۆی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست لێ تێكچوو، وه‌كو ئۆپۆزسیۆنی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست سیاسه‌تی كرد، دوور كه‌وته‌وه‌ له‌ ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تبوون، لێره‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ئه‌و فره‌چه‌شنییه‌ ناته‌ندروسته‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ شێوه‌یه‌ك ئۆپۆزسیۆنی كوردستان نابێ وه‌كو ئۆپۆزسیۆنێكی فارس خه‌بات بكات، نابێ كاری ئه‌و رووخاندنی حكوومه‌تی ئێران بێت، كاری ئه‌و ده‌بێ رزگاركردن و گه‌یاندنی گه‌لی كوردستان بێت له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان به‌ مافه‌كانی.
(باس) ئه‌گه‌ر بڕیار لای ئێوه‌ بوایه‌ چیت ده‌كرد؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: ئه‌وكات ده‌مگوت میلله‌تێكی بنده‌ستی بێ ده‌وڵه‌ت پێویست ناكات فره‌حزبی له‌نێودا هه‌بێت، میلله‌تێكی بنده‌ستی بێ ده‌وڵه‌ت یه‌ك هێزی پێویسته‌، یه‌ك سه‌ركرده‌ی پێویسته‌ كه‌ ببێته‌ چه‌تری به‌ده‌ستهێنانی مافی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌، په‌ڕینه‌وه‌ی بۆ وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و هه‌بوونی ده‌وڵه‌ت، ئه‌و كاته‌ی كه‌ بوو به‌ وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و ده‌وڵه‌تت دروست كرد، ئه‌وكات ده‌توانی نه‌ك ته‌نیا له‌ پارچه‌یه‌كی كوردستان پێنج حزب و ده‌ حزب بوونی هه‌بێ، با په‌نجا حزب هه‌بێ، ئه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك نابێ، به‌ڵام تازه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ كه‌ هه‌یه‌ واقعییه‌ و ناتوانین له‌گه‌ڵ واقعدا كار نه‌كه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ قه‌ناعه‌تم وایه‌ دوای رووخانی كۆماری كوردستان ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌ستی پێكردووه‌، به‌لاڕێداچوونی فكر و سیاسه‌ت ئه‌و قۆناغه‌ی دروست كردووه‌ كه‌ ئێستا بوونی هه‌یه‌ و ناچارین وه‌كو خۆی ته‌عامولی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئه‌وانه‌ی دوای كۆماری كوردستان هاتنه‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌ته‌وه‌ له‌ ئامانجی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و كۆماره‌ لایاندا، ئه‌و كۆماره‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بوو، ته‌نیا بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت من پێموایه‌ هه‌ڵه‌یه‌ بگوترێ كۆماری كوردستان، ته‌نیا كۆمارێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو كورد بووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ له‌سه‌ر خاكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌، به‌ڵام ته‌نیا سه‌ركرده‌كانی رۆژهه‌ڵات نه‌بوون ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یان دروست كردبوو، به‌ڵكو سه‌ركرده‌ و پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵات و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بوون ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یان دروست كرد، ئه‌وه‌ش باسێكی فكرییه‌ و ده‌بێت زۆری له‌سه‌ر بگوترێ، كه‌ بۆچی له‌دوای ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان به‌و په‌رش و بڵاوییه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ تا ئێستا كۆكردنه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ندێكی بڕیارداندا زه‌حمه‌ته‌.
(باس) به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌ن، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری بۆ ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان چۆن ده‌بینن؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: نه‌ك هه‌ر به‌ شیاوی ده‌زانم، به‌ڵكو پێموایه‌ له‌ نه‌بوونی خه‌باتێكی توندوتۆڵی چه‌كداری، رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی په‌راوێز خستووه‌ له‌ جووڵه‌، هه‌روه‌ها موسیبه‌ت و كاره‌ساتی زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و گه‌له‌ی كورد له‌و پارچه‌یه‌دا هاتووه‌، رۆژگارێك كه‌ خه‌باتی چه‌كداریی گه‌رموگوڕ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌بوو، شیرازه‌ی كورد له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان به‌هێزتر و پته‌وتر و ساغتر بوو، دوای ئه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری لاواز بوو، بگره‌ هه‌ر وه‌ستاش. نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ له‌ ره‌هه‌ندی سیاسییه‌وه‌ تووشی گیروگرفتی زۆر هاتین، به‌ڵكو په‌راوێزیش خراین و كۆمه‌ڵگاكه‌شمان نوقمی فه‌سادی و گه‌نده‌ڵی كرا، وڵاتی ئێمه‌ ئێستا زۆر له‌ لاوه‌كانی گیرۆده‌ی مه‌وادی موخه‌دیر كراوه‌، به‌ها كوردایه‌تییه‌كه‌ و به‌ها شۆڕشگێڕییه‌كه‌ زه‌بری قورسی پێكه‌وتووه‌، ئێران به‌ پلان و نه‌خشه‌یه‌كی به‌ به‌رنامه‌دانراو توانی ئه‌و زیانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌باتی چه‌كداری به‌ پێویست ده‌زانین و پێشمان وایه‌ ته‌نیا خه‌باتێكی چه‌كداریی توندوتۆڵ ده‌توانێ ده‌رگا له‌سه‌ر خه‌باتێكی مه‌ده‌نیی به‌هێز بكاته‌وه‌.
(باس) به‌ڵام بۆچی به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانتان چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، ئایا هیچ كات حكوومه‌تی ئێران ده‌ستپێشخه‌ریی نه‌كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی ئۆپۆزسیۆندا قسه‌ بكات و چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه‌ بدۆزنه‌وه‌، نه‌وه‌كو شه‌ڕ كه‌ هه‌موومان ده‌زانین ماڵوێرانیی له‌دواوه‌یه‌؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: كردوویه‌تی، به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو له‌ ساڵی 1989 له‌ ڤیه‌ننا له‌ دانیشتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حزبی دیموكرات كه‌ گفتوگۆیه‌ك ره‌خسابوو، به‌ڵام له‌ راستیدا پیلان و داوێك بوو بۆ تیرۆركردنی دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، سكرتێری ئه‌و پارته‌ كه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ تیرۆری كرد، ئه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی تارانه‌ بۆ گه‌لی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یكا به‌گومانه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانین، نه‌وه‌كو پلانێكی جدی بۆ چاره‌سه‌ری، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر جارێك شتێكی وا به‌ پارته‌كه‌ی ئێمه‌ گه‌یشتبێت ره‌تمان كردووه‌ته‌وه‌.
(باس) به‌ڵام ئێوه‌ ئێستا خۆتان و پێشمه‌رگه‌كانی پارته‌كه‌شتان له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری له‌ خاكی كوردستان له‌ باشوور له‌به‌رامبه‌ر به‌ داعش وه‌ستاون، ئایا خه‌باتی چه‌كداری له‌ رۆژهه‌ڵات نابێته‌ هۆكارێكی خراپ له‌سه‌ر باشووری كوردستان و ئه‌وه‌ی ئێستا ئێوه‌ بۆی ده‌كه‌ن به‌ پێشمه‌رگه‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: له‌و خه‌باته‌ چه‌كداره‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه‌ رامان گه‌یاندووه‌ كه‌ پێشه‌نگ بووین تیایدا و په‌لاماری ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی ئێرانمان داوه‌ كه‌ پێمان وایه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد به‌رده‌وامن له‌ رۆژهه‌ڵات، به‌هێز و وزه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر به‌ داعش وه‌ستاون، هه‌ڵنه‌گیراوه‌. به‌ڵكو هه‌ر له‌نێو رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خه‌ڵكی خه‌باتگێڕ و له‌ژێر چه‌تری هه‌ڵۆكانی ئازادیی كوردستان خۆیان رێكخستووه‌ ئه‌و چالاكییانه‌ ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ میدیای ناوخۆیی باشووری كوردستان نه‌یانتوانی گرنگییان پێ بدا، به‌هۆی ئه‌و هه‌ژموونه‌ی ئێران به‌سه‌ریانه‌وه‌.
(باس) ئه‌ی ئێستا باس له‌ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان ده‌كرێ و پرسێكی گه‌رمه‌، ئه‌و پرسه‌ ئه‌گه‌ر روو بدات چه‌ند كاریگه‌ریی ده‌بێ به‌سه‌ر خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: بێ گومان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی، ئه‌وه‌ كاریگه‌ریی زۆر باشی كردووه‌ته‌ سه‌ر پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ئیتر ئه‌گه‌ر بگات به‌ سه‌ربه‌خۆیی بێ گومان ئه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی زۆر زیاتر ده‌بێ، چونكه‌ به‌وه‌ كورد سه‌نته‌رێكی بڕیاردانی ده‌بێ و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی باشی بۆ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ.
(باس) هه‌ڵوێستی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌توندی دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی باشووره‌، هۆكار چییه‌ن؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: كۆماری ئیسلامی له‌به‌ر سێ پرس دژایه‌تیی باشوور و ره‌وتی سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان:
یه‌كه‌م: هه‌ر له‌ جێدا ده‌وڵه‌تێكی دژ به‌ ماف و ئازادییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌.
دووه‌میان: هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستان دروست بێت سروشته‌كه‌ی دیموكراسی ده‌بێ، ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین له‌ گه‌مارۆی ده‌وروبه‌ر و بودجه‌دایه‌، له‌ قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئابووریدایه‌، به‌ڵام خه‌سڵه‌تی دیموكراتیی خۆی هێشتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ دراوسێیه‌تیی ئێران باش نییه‌.
سێیه‌میان: ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی گۆڕانكارییه‌ له‌ جیۆپۆله‌تیكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ ئاكامی ئه‌و گۆڕانه‌ش هاوپه‌یمانیه‌تیی نوێ دێته‌ ئاراوه‌، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی ئه‌وانه‌ن كه‌ دۆستی تاران نین و ئه‌و دژایه‌تییان ده‌كا، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ باش نابینێ و له‌گه‌ڵیدا نییه‌.
(باس) ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ په‌یامی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ریفراندۆم و رۆڵی وی به‌م سه‌روبه‌نده‌ی شه‌ڕدا؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: پێموایه‌ كاك مه‌سعود ده‌رفه‌ته‌ نه‌وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئێستا و پاشه‌ڕۆژی كوردستان، رۆڵی كاك مه‌سعود له‌ ئێستا زۆر له‌ كورسی و پێگه‌ یاساییه‌كه‌ی به‌هێزتره‌، له‌ راستیدا ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێین له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وه‌ كورده‌ پێویستی به‌ (كاك مه‌سعود)ـه‌، ئه‌گه‌رنا وه‌كو خۆی من قه‌ناعه‌تم وایه‌ پێویستی به‌و كورسییه‌ی نییه‌، ئه‌گه‌ر بڕواته‌وه‌ له‌ ماڵی خۆیشی دابنیشێت، له‌و كاته‌شدا بارزانی هه‌ر مه‌رجه‌عی سیاسیی وڵات ده‌بێ.
(باس) په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان حزبێكی دروست كردووه‌، بۆ رۆژهه‌ڵاتیش په‌ژاكی دروست كردووه‌، له‌ كاتێكدا سه‌ركرده‌كان ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆمان ناوێ، ئه‌مه‌ چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه‌؟
حوسێن یه‌زدان په‌نا: ئێمه‌ وه‌كو خۆمان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقع ده‌كه‌ین، ئه‌و واقعه‌ مادام بوونی هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و ره‌تی ناكه‌ینه‌وه‌، په‌ژاك واقعێكی سیاسییه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئیتر ئی په‌كه‌كه‌ بێت یان نا، به‌ڵام حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌، ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ سیاسییه‌ (حزب دروستكردن بۆ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان وه‌كو به‌كارهێنان بۆ ئامانج)، ئه‌وه‌ به‌ شتێكی سه‌ركه‌وتووی نازانین و ده‌بێته‌ مایه‌ی ئاڵۆزی و كێشه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ی حه‌ره‌كه‌یه‌ك له‌ ره‌سه‌نایه‌تیی خۆی، وا باشتره‌ په‌كه‌كه‌ له‌بری ئه‌و سیاسه‌ته‌ یارمه‌تیده‌ر و هاوكاری بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌و پارچه‌یه‌ بێت، نه‌ك حزبی بۆ دروست بكات و خه‌ڵك به‌ گژی یه‌كدا بكات، هه‌نگاوێك هه‌ڵگرێت كه‌ ببێت به‌ مایه‌ی ته‌بایی، نه‌وه‌كو ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی.
 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>