خەلیل نادری:ئێمەش باتۆزێ بازاڕی بدوێین.

زۆرێک حیزب و شەخسی سیاسیی کە هیچیان بۆ ووتن پێ نیە و نامێنێ و لە داهێنان و ڕێبازی سیاسیدا کورت دەهێنن بەرامبەر پارتی ئازادیی کوردستان..دێن زۆر ناسیاسییانە و بازاڕییانە دەڵێن پاک حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیە، یا دەڵێن لێقە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ،یا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات ناکا.

ئەگەرچی هەموو ئەو تۆمەتانە بەتاڵن و هیچ ڕاستییەکی تێدانیە…بەڵام پێم خۆشه بەچەند خاڵ یان پرسیار منیش بازاڕییانه دەگەڵ ڕاچاوی شعور و ڕێزدا وەڵامێکیان بدەمەوە بەو هیوای تێبگەن.
۱. باشە با لەبەردڵی ئەوان وا دابنێین ئێمە لقێکی پارتین یان پارتی دایمەزراندوین..ئەی باشە پێکهاتەی پاک و پێشمەرگە و کادر و ئەندام و لایەنگری پاک خەڵکی کوێن؟ مەگەر کوڕ و کچی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین؟
۲. هێزی پاک لەکوێوە بۆی دێ و پێی دەگا، مەگەر ئەو کوڕو کچانە لە شارو گوندەکانی ڕۆژهەڵاتەوە نایەن پەیوەستی پاک بن…یا لە مەریخەوە دێن، دەی ئەمە مانای ئەوەنیە کە پاک لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەیە و چالاکی سیاسی و تەبلیغاتی و سەربازیی هەیە بۆیە خەڵک دەیناسن و پێوەندی پێوە دەکەن.
۳. مەحکومین بەوەی شەڕمان کردووە بۆ باشوور، مەگەر ئەوانی تریش نەهاتن بۆ بەشداری شەڕو دواتر کشانەوە..کەوایە بڕیارێکی دروست بووە…مەگەر پەکەکە تائێستاش ناڵێن ئێمە شنگالمان ڕزگارکرد…ئایا پاراستنی خوشک و برای خۆت لە پارچەکانی کوردستان هەڵە و تاوانە یان ئەرکێکی پیرۆز؟
٤. ئایا دەزانن یەکێ لە شانازیێەکانی پارتی ئەوەیە کە بارزانی نەمر لە کۆماری کوردستاندا بەشداریی کردووە و ژەنەڕاڵ بووە و شەڕی پاراستنی کۆماری کردووە؟ دەی مەگەر ئەم ڕۆڵەی پاک لەشەڕی داعش و حەشد بۆ پاراستنی باشوور سبەی نابێتە مێژوو جێی شانازی پاک و ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات؟ مەگەر گەشەی پاک و پێکەوەنانی ئەو هێزەگەورەی زۆرێکی تۆقاندووە هەر لە ئاکامی ئەو سیاسەت و بڕیارە دروستەوە نەبووە؟
٥. سەبارەت بە پێوەندی پاک و پارتی، ئێمە لەسەر بنەمای کوردایەتی و پێکەوەبوون و بەرژەوەندی نەتەوەی کورد دەگەڵ پارتی و هێزەکانی دیکە پێوەندیمان هەیە و پێویستە ببێ..ئەمە جگە لەوەی ناکرێ تۆ لەباشور بژی و بەڵام دژی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی بی ..بەتایبەت ئەوانەی حاکم و حوکمڕانن…دەی مەگەر کۆی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەگەڵ پارتی پێوەندیان نیە..هاوکاریی ناکرێن؟ جیاوازییەک ڕەنگە ببێ ئەوەیە ئەوان دەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسێکی ئەمنیەتی پارتی لە پێوەندیدان و قسەدەکەن..بەڵام سەرۆکی پاک دەگەڵ کاک مەسعوود و سەرەوە قسەدەکا…ڕەنگە هەر ئەمەش نیگەرانی کردبن.
٦. ئێمە چیمان بۆ پارتی کردووە و بۆ خەڵکی ترمان نەکردبێ یان ئامادە نەبووبین بیکەین. پارتی چی بۆ ئێمە کردووە و بۆ ئەوانی نەکردبێ…ئەو حیزبانەی چوونە سنورەکان کێ ڕێی دان و کێ جێی پێدان و ئەو سنورەی لێین سەر بە چ پارێزگا و چ زۆنێکە.
۷. دەگەڵ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم و هەوڵەکانی بارزانی بۆ سەربەخۆیی باشور کە ڕێفراندۆم پڕۆژەی سیاسی پاکە بۆ ڕۆژهەڵات و لەمێژیشە..هەروەها سێ دەیەیە سەربەخۆیی کوردستان ئامانجی پاکە..مەگەر هەر پاک نەبووە کە زۆرترین ڕەخنەشی بووە لە بڕێ هەڵوێست و ڕەفتاری پارتی و حکومەتی باشوور..بەنمونە کاتێ یادی خومەینی لە هۆڵی پێشەوا دەکرایە و ئەم دوایێانەش کاتێ لەگەڵ کونسوڵ کێکیان بڕی و وێنەیان چرکاند؟
٨. ئەو هێزەی پاک لەکاتی پێویست بەچەند کاتژمێریک دەگاتەوە ڕۆژهەڵات و ئەرز دەگرێ و ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێ لە ڕاماڵینی داگیرکەر.
۹. هەرلەم چوار ساڵەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین چالاکیمان هەبووە بە کەمترین زیان و لە زەبرلێدان لە ئێران کەمترمان نەکردووە لە کەس.. مەگەر دوو پێشمەرگەی پاک ئاوارە و هۆشمەند ئێران لە کوێ گرتنی؟ لەبانە یان قوشتەپە؟ دەی مەگەر لەپردێ پاسدار نەهاتبوون بۆشەڕ..شەڕی پاسداران لە پردێ بکەی یان لە سیدەکان چ جیاوازییەکی هەیە؟ ئەمە وێڕای ئەوەی شەڕی پردێ بوو بەمێژوو…تا کورد مابێ داستانی پردێ و ڕۆڵی جوامێرانی پاک و ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتیش لەبیرناکرێ.
۱۰. ئەگەر پاک هێزی ڕۆژهەڵات و دژی ئێران نیە، بۆچی یەکەم تیرۆری ئەو ڕێژیمە لە باشوور تیرۆری سکرتێرو ڕێبەری پارتی ئازادیی بوو…بۆچی لەم چوار ساڵەدا چەندین جار هەوڵی تیرۆری سەرۆکی پاک دراوە لەلایان ئێران…بۆچی سەرقەبرانی شەهیدەکانمان بۆم ڕێژدەکەن و بۆچی یەکەم هێرشی لێدان لە دوورە بە گەراو کاتیوشا بۆسەر پارتی ئازادیی کوردستان بوو.
۱۱. ئەگەر هێزێکی باشووری و سەربەپارتین بۆچی ڕاگەیاندنەکانی پارتی پیشانمان نادات…ڕووداو و کوردستان بیست چوار بەنموونە…خۆ حیزبەکانی تر بپژمێن ئەو دوو کاناڵە بۆیان بڵاو دەکەنەوە.
۱۲. ئایا شەڕی نەرمی ڕێژیمی داگیرکەر زیاترلەگەڵ پاک نەبووە…جاش قەڵەمەکان دژی کێ زیاتر دەنوسن؟ ئەم هەموو حەساسیەتەی ڕێژیمی تاران دژی پاک هۆکارەکەی چیە؟
دەڵێن کاتی خۆی ئەسحابەیەک لە پێغەمبەر دەپرسێ دوای تۆ دووی کێ بکەوین..ئەویش دەفەرمێ..ڕووی شمشێرو تیرەکانی دوژمن لەکێ بوو دوای ئەو بکەون. ئێشتاش ڕووی هەموو تیرو شمشێرو گولەی دوژمنان لەپاکە…بۆیە خەڵکیش دوای دەکەوێ و ئەمەش زۆرێکی تاساندووە.
لەکۆتاییدا ببوورن ئەگەر تۆزێ بازاڕی و بەزمانی عام نوسیم…ناچاربووم…دەڵێ هەرکەس بەزمانی خۆی لەگەڵی بدوێ.

(خەلیل نادری)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *