رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا:روانگەی لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەمەڕ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری

ئەفشار ئەقدەسی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی ئازادیی كوردستان:
بێگومان ئەوە روونە كە هەر سەردەم و دۆخێك پێویست بە قوتبوونەوە و بەڕێوەبردنی شكڵ و شیوازێكی خەبات دەكا. بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی ماوەی 15ساڵ بوو چالاكییە پێشمەرگەیی و چەكدارییەكانیان بە دوو مەبەست راگرتبوو. لە لایەك بەو ئومێدەی كە دەرفەتێكی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی خەباتی جەماوەری و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڕەخسێ، لەلایەكی دیكەوە پاراستن و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی باشوری كوردستان بەوەی نەبینە مایەی فشارخستنە سەریان لە لایان تارانەوە، بەڵام لەو ساڵانەدا ئەوە سەلما كە هیچ دەرەتانێك بۆ بەڕێوەچوونی خەباتێكی مەدەنی لەلایان دەوڵەتی داگیركەری تارانەوە نەڕەخسا و میلیتاریزەكردنی كوردستان و گرتن و لەسێدارەدان و بێ مافكردنی كورد پەرەیان سەند.

هاوكات ئێران لە پیلان و نەخشە و سیاسەتی دوژمنكارانەی لە دژی كورد و پێشكەوتنەكانی باشووری كوردستان بەردەوام بوو. بۆیە جارێكی دیكە كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان روووی لە بەڕێوەبردنی چالاكیی چەكداری كردەوە، كە بێگومان چەخماخەی ئەو خەباتە پارتی ئازادیی كوردستان و هەڵۆكانی ئازادیی رۆژهەڵات لێیان دا و دواتر حزبەكانی تریش دەستیان پێكرد.
پارتی ئازادیی كوردستان كە لەم قۆناغەدا و لە دوای نەورۆزەوە پێنج چالاكی لە قووڵایی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەڕێوەبردووە، كە دواترینیان چالاكییەكانی كەرەندی شائاباد بوو لە رۆژی 10ی ئەم مانگە. هەروەها پارتی ئازادیی كوردستان پشتیوانی خۆی لە چالاكی و خەبات و بەرخۆدانی هەموو هێزە تێكۆشەرەكانی كوردستان لە دژی داگیركەرانی كوردستان دەردەبڕێ و دەستخۆشییان لێ دەكا.
هەر لێرەوەش سڵاوی ئەمەگداری بۆ رۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی رێگای ئازادیی و ئەم قۆناغەی خەباتی نەتەوەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەنێرین. لە كۆتاییدا دەبێ بڵێم هەموو شكڵ و شیوازێكی خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیی كورد بە رەوا دەزانین و پشتیوانی لێدەكەین، بەو مەرجەی كە بەدوور بێ لە تیرۆر و رەشەكوژی كە خۆشبەختانە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی كوردستان لێی بەدوورە.
http://www.vokradio.com/content/view/1960/84/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *