راگه‌یه‌ندراوی هه‌واڵگری و ئاسایشی PAK سه‌باره‌ت به‌ پڕۆپاگه‌نده‌كانی تاران له‌ سۆسیالمیدیادا

رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد!
كوردستانییه‌ وڵاتپارێزه‌كان!

خێڵێك له‌ به‌كرێگیراوان و سیخوڕه‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و رێكخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و قه‌رارگای ره‌مه‌زان؛ پۆلێك له‌ سیخوڕانی سزا دراوی پێشوو به‌ ده‌ستی PAK‌ و ده‌سته‌یه‌ك دۆڕاوی په‌ڕێشانحاڵی سیاسیی و ژماره‌یه‌ك كه‌سی به‌زیو و ڕاكردوو له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ و هێندێك نه‌خۆشی گرێ له‌ دڵ؛ له‌ سوسیالمیدیادا به‌ره‌یه‌كی به‌ربڵاویان له‌ دژی پارتی ئازادیی كوردستان، كردوه‌ته‌وه‌.

كه‌ره‌سته‌ و سووژه‌كانی ده‌می بۆگه‌نی ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌ دژی پارتی ئازادیی كوردستان، له‌ ژووره‌كانی جه‌نگی نه‌رمی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، به‌رهه‌م دێن. به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ده‌زگایانه‌، سه‌ره‌تا راده‌ستی سیخوڕ و به‌كرێگیراوانیان له‌ سۆسیالمیدیا ده‌كرێن و پاشان، تاقمی هه‌ڵمه‌ته‌كاسه‌یان به‌ستێنی گونجاوی بڵاو كردنه‌وه‌یان، دابین ده‌كه‌ن و زۆڕنای بۆ هه‌ڵده‌گرن و به‌ ناو و نیشانی جیاوازه‌وه‌، رۆژانه‌ كاوێژیان ده‌كه‌نه‌وه‌.
مه‌كینه‌ی جه‌نگی ده‌روونیی و به‌رهه‌مهێنانی درۆ و سیناریۆسازیی و ساخته‌كاریی تاران به‌ دژی پارتی ئازادیی كوردستان و، كلكه‌ سووتێ و هه‌ڵسووڕانی سیخوڕ و كرێگرته‌كانیان و هاوده‌نگی و به‌پیره‌وه‌ چوونی تاقمه‌ شوێن كه‌وتووه‌كانیان له‌ سۆسیالمیدیا، پێبه‌پێی چوونه‌ سه‌رێی ناوبانگی به‌ڕێز سه‌رۆكیPAK و به‌هێز بوونی پێگه‌ی سیاسیی وجه‌ماوه‌ری PAK و پته‌و بوونی سیسته‌می سه‌ربازیی و گه‌شه‌ی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان و شكستدانی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی پلانه‌ تێرۆریستیه‌كانیان، گه‌رمتر وخێراتر ده‌گه‌ڕێ .
ئه‌وه‌ی جێی به‌زه‌ییه‌، دنه‌دان و به‌شداریی به‌رپرسان و ئه‌ندامانی هێندێك لایه‌نی كوردییه‌ كه‌ داماوانه‌ به‌ ته‌مان به‌وجۆره‌ و به‌و‌ كه‌ره‌ستانه‌وه‌، ململانێی سیاسیی وه‌گه‌رد پارتی ئازادیی كوردستان بكه‌ن.
هه‌واڵگری و ئاسایشی پارتی ئازادیی كوردستان، وێڕای ئاگادار كردنه‌وه‌ی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ پیلان و پلانه‌كانی جه‌نگی نه‌رمی تاران به‌ دژی پارتی پێشه‌نگی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، دڵنیایان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژینگه‌ی سیاسی و سه‌ربازیی پارتی ئازادیی كوردستان، قوتابخانه‌یه‌كه‌ له‌ مرۆڤدۆستی، ئه‌خلاقپه‌روه‌ریی و په‌رۆش و خه‌مخۆریی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌ربه‌ستیی بۆ په‌روه‌رده‌ و بارهێنان و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بنده‌ستیی تاكی كورد. هاوكات سیسته‌مێكی خاوه‌ن دیسیپلینی سیاسیی، رێكخراوه‌یی و سه‌ربازییه‌ كه‌ رێ به‌ گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانی و جاسووسی و به‌ڕه‌ڵایی نادا و به‌ مشتێكی پۆڵایین به‌ره‌نگاریی هه‌ر حاڵه‌ت و دیارده‌یه‌كی وه‌ها ده‌بێته‌وه‌.
بۆیه‌ داوا له‌ رۆڵه‌ به‌شه‌ره‌فه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ین، هه‌ر كه‌س لای خۆیه‌وه‌، بۆ پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ و شكستدانی ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی تاران و ریسوا كردنی خێڵی درۆ و ساخته‌چی به‌رفه‌رمانی ، هاوكار و هاوڕێی پارتی ئازادیی كوردستان بن.
به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر هاوڵاتی و هه‌ر رێكخراو و هه‌ر میدیا و میدیاكارێكی ئه‌مین و ده‌ربه‌ستی كوردستانی ، له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان و له‌ هه‌ر كوێیه‌كی جیهان، كه‌وتبێته‌‌ به‌ر كاریگه‌ریی مه‌كینه‌ی درۆ و ساخته‌كاریی تاران، ئه‌وه‌ درگای باره‌گاكانی PAK و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ته‌واره‌كانی ئازادیی له‌ سه‌ر پشته‌ بۆ هه‌ر تێگه‌یشتن و به‌دواداچوون و ناسینێكی ژینگه‌ی ناوخۆیی پارتی ئازادیی كوردستان.
ئه‌وه‌نده‌ی بۆ تۆڕی سیخۆڕانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و قه‌رارگای ره‌مه‌زان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن كه‌ PAK، ئه‌و هێزه‌‌ نییه‌ كه‌ له‌ خه‌یانه‌ت و سیخۆڕیی هه‌روا خۆش بێت. له‌ كاتی گونجاوی خۆیدا ئه‌و سیخوڕ و كرێگرتانه‌ی ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ ئامرازی ده‌ستی تاران و بێڕێزی به‌ پیرۆزییه‌كانی PAK ده‌كه‌ن، ده‌یانكێشێته‌ پای حه‌ق و حه‌ساو!

شه‌كاوه‌ بێ ئاڵای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
پایه‌دار بێ كورد و كوردستان و PAK

پارتی ئازادیی كوردستان PAK
هه‌واڵگریی و ئاسایش

22 رێبه‌ندانی 2718ك
11 فێورییه‌ی 2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *