راگه‌یه‌ندراوی پارتی ئازادیی كوردستانPAK له‌ مه‌ڕ داماڵینی ناسنامه‌ی كوردستانی له‌ ناوچه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ لایان ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێرانه‌وه‌

ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، پێكهاتوو له‌: حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، رۆژی14ی خاكه‌لێوه‌، رێكه‌وتی 3ی ئه‌پریلی 2019، په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ستانی لافاو و زیانه‌كانی له‌ باشوور و رۆژاوای ئێران، بڵاو كرده‌وه‌ته‌وه‌.

هه‌ر چه‌نده‌ پارتی ئازادیی كوردستان له‌ ته‌ك سیاسه‌تی هه‌ركام له‌ لایه‌نه‌كانی ناوه‌ندی هاوكاریی و پارادۆكسه‌كانی سیاسه‌تی ئێعلامیی و عه‌مه‌لییان، ئاشنایه‌؛ به‌ڵام به‌و په‌یامه‌، پرسیاری گه‌وره‌یان لا دروست كردوین كه‌ داخۆ له‌ پای چی وا ناسنامه‌ی كوردستانییان له‌ كرماشان و ئیلام و لوڕستان داماڵیوه‌ و به‌تاكه‌ وشه‌یه‌كیش ئاماژه‌ به‌ كوردستانیبوونی ئه‌و هه‌رێم و ناوچانه‌ ناكه‌ن؟ داخۆ حیكمه‌تی ئه‌وه‌ی به‌دێڕێك باس له‌ پێوه‌ندیی ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌ سیاسه‌تی داگیركه‌رانه‌ی تاران‌ له‌ سه‌ر كوردستان  نه‌كراوه‌، له‌ چیدایه‌؟ ئایا ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌رۆكی كوردیان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گرتووه‌، وه‌ك له‌ په‌یامه‌كه‌ی ناوه‌ندی هاوكارییدا هاتووه‌، ته‌نیاكه‌مته‌رخه‌می و ئه‌نجامی مودیرییه‌تی هه‌ڵه‌ی به‌رپرسانی رێژیمه‌؟

   راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی ئه‌و چوارلایه‌نه‌، به‌ راده‌یه‌ك رۆحی ئێرانچێتی به‌سه‌ردا زاڵه‌ و ئه‌وه‌نده‌ به‌تاڵه‌ له‌ بیروهه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی وكوردستانیكه‌ له‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی وه‌هادا، له‌ په‌یامێكی دوور و درێژدا، ته‌نانه‌ت یه‌كجاریش ئاماژه‌ به‌ كورد بوونی دانیشتوان وكوردستان بوونی ئه‌وپارێزگایانه‌، ناكا!

  داماڵینی ناسنامه‌ی كوردستانی له‌ كرماشان و ئیلام و لوڕستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ناوه‌ندی هاوكاریی دا، نه‌ك هه‌ر ڕوانینێكی نادروست و ناڕه‌وایه‌ له‌ سه‌ر ناسنامه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ و گرینگی نه‌ته‌وه‌ و خاكی كوردستان، به‌ڵكوو هه‌ڵوێستێكی ناكۆكیی خوڵقێن و دژ به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزی كوردستانیان و هێزه‌ سیاسییه‌كانیه‌تی.

  ئه‌گه‌رچی عاده‌ت وایه‌ كه‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌ هه‌ڵه‌ی یه‌كتر كه‌یفخۆش بن، به‌ڵام پارتی ئازادیی كوردستان، له‌و هه‌ڵوێسته‌ نادروسته‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌داخه‌؛ چونكه‌ بابه‌تی جێی باس، پرسێكی حیزبیی نییه‌؛ به‌ڵكوو بابه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌.

داماڵینی ناسنامه‌ی كوردستانی له‌و هه‌رێمانه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی نیشتمانی داگیركراو، دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی پێدا نه‌كرێت و راست نه‌كرێته‌وه‌، له‌ داهاتوودا ده‌توانێ، ئاكامی ناله‌باری لێبكه‌‌وێته‌وه‌.

 

پارتی ئازادیی كوردستانPAK

 

17ی خاكه‌لێوه‌ی 2719ك

6 ی  ئه‌پڕیلی    2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *