راگه‌یه‌ندراوی پارتی ئازادیی كوردستانPAK سه‌باره‌ت به‌ هێرشی ده‌وڵه‌تی تركیا بۆ رۆژاوای كوردستان

سه‌ره‌نجام له‌ ئاكامی بێده‌ربه‌ستیی سیاسیی و دابه‌زینی به‌هاكانی ئه‌خلاق و جوامێری بۆ ئاستی دۆلار و دراو، لای سه‌ركۆماری ئه‌مریكا و پشتكردن له‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئه‌فسانه‌ی داعشی تێكشكاند، دیسان ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی تركیا هه‌ڵكه‌وت تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هێڕش بۆ سه‌ر رۆژاوای كوردستان ده‌ست پێبكات.

له‌م ئان و ساته‌دا له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد له‌ ئاستی جیهاندا بێ دۆست و پشتیوان نییه‌، به‌ڵام بۆ په‌كخستن و شكستپێهێنانی هێرشی سوپای داگیركه‌ری تركیا، پشت به‌خۆبه‌ستن بۆ به‌رخۆدانێكی لێبڕاوانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی‌،گرینگترین فاكته‌ره‌ .
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تۆزێ دره‌نگتر، له‌م رۆژانه‌دا، كاتێ كه‌ سوپاكانی به‌غدا و تاران به‌هاوكاریی تركیا و سپۆنسه‌ری بریتانیا و لاشلكردنی ئه‌مریكا، پاش داگیركردنی كه‌ركووك، له‌ ٢٠ی ئۆكتۆبردا بۆ داگیركردنی هه‌ولێری پایته‌خت و كۆتاییهێنان به‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌وتبوونه‌ رێ و گه‌یشتنه‌ شارۆچكه‌ی پردێ،؛ رۆڵه‌ ئازا و نه‌به‌رده‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌،به‌ جۆرێ فیداكارانه‌ به‌ره‌نگارییان بوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌و سوپا هاوبه‌شه‌ی پێشكه‌وتووترین ده‌بابه‌ی ئه‌مریكی سه‌رقافڵه‌یان بوو، تێكشكا. شه‌ش رۆژ دواتر هاوپه‌یمانانی ئه‌و پیلانگێڕییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ سحێلاو مه‌حموودییه‌، جارێكی دیكه‌ به‌ختی خۆیان تاقیكرده‌وه‌. به‌ڵام له‌وێش وه‌ها تێكشكان كه‌ ئیتر توانا و ده‌رفه‌تی هێرش هێنانه‌وه‌یان لێ زه‌وت كرا.
به‌و به‌ره‌نگارییه‌ مێژووییانه‌، پیلانگێڕی و گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ها تێكشكا كه‌ هاوكێشه‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و كورد له‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌رباز بوو.‌.
بۆیه‌ ئێستا، كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و نه‌به‌رده‌ سه‌ركه‌وتووه‌ مێژووییانه‌، رێگای به‌ره‌نگارییه‌كی فیداكارانه‌ بگرنه‌ به‌ر.
له‌م رۆژ و دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا، پارته‌ سیاسییه‌كانی باكووری كوردستان له‌سه‌ریانه‌، رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌و به‌شه‌ی نیشتمان وله‌ شاره‌كانی تركیا بۆ رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان رێكبخه‌ن،هاوكات ئه‌و هه‌زاران گه‌ریلایه‌ی له‌ سه‌ر سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان نیشته‌جێن، به‌هانای رۆژاواوه‌ بڕۆن و به‌ره‌نگاری داگیركه‌ران ببنه‌وه‌.هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌ستانی ده‌سه‌ڵاتی رۆژاوا، له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ونه‌ گفتووگۆ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ بچێت.
له‌م هه‌لوومه‌رجه‌دا، كاربه‌ده‌ستانی په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌، له‌سه‌ریانه‌ هه‌موو له‌مپه‌ڕه‌كانی چوونی هێزه‌كانی له‌شكری رۆژ به‌ فریای خاك و خه‌ڵكی خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵگرن.
هه‌روه‌ها وه‌ك پارتی ئازادیی كوردستان، داوا له‌ كاربه‌ده‌ستانی سیاسی و سوپایی رۆژاوای كوردستان ده‌كه‌ین، ئاسانكاریی بكه‌ن و رێوشوێنی چوونی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان بۆ رۆژاوا و گه‌یشتنیان به‌ هێزه‌كانی به‌ره‌ی به‌ره‌نگاریی‌، دابنێن.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
17ی ره‌زبه‌ری 2719ك
9ی ئۆكتۆبری 2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *