راگه‌یه‌ندراویPAK سه‌باره‌ت به‌ لێشاوی گرتنی رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵات

رەشبگیریی دەوڵەتی داگیرکەر لەکوردستان، ئیرادەی کورد لە تێکۆشان بۆ سه‌ربه‌خۆیی ناشكێنێ! ده‌وڵه‌تی داگیرکەری ئێران ، لە زۆربەی شارو دەڤەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلی گرتن‌ و راوەدوونان و سەرکوت و کوشتاری ڕۆڵەکانی کورد و خەڵکی کوردستانی به‌رینتر کردووه‌.

بەجۆرێک کە لەماوەی كەمتر لە مانگێکدا نزیک بە 100 رۆڵه‌ی كورد له‌ چین و توێژی جیاواز، گیراون و له‌ زیندان توندكراون. ئەم ڕەشبگیرییە هاوکاتە لەگەڵ په‌ره‌سه‌ندنی هه‌وڵه‌كانی تاران بۆ تێکدانی باری دیمۆگرافی بەشێک لە دەڤەرەکانی کوردستان ؛ شێواندنی ناسنامه‌ و کلتور و که‌سایه‌تی کورد؛ گیرۆده‌كردنی زیاتری كچان و كوڕانی كورد به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و تێكدانی باری ده‌روونی به‌شێكی زۆر له‌ لاوانی كورد؛ پیلانگێڕیی بۆ پچڕاندنی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كورده‌واریی؛ سووتاندنی دار و دارستانه‌كانی كوردستان و زیادبوونی کوشتاری بێ ڕەحمانەی کۆڵبەرانی کورد و سەپاندنی حوکمی زیندانی درێژخایەن و ئێعدامی زیندانیانی دیکە، هەروەها كوشتنی ژماره‌یه‌ك زیندانی له‌ ژێڕ ئه‌شكه‌نجه‌ی تاقه‌تپڕووكێن. هەر لەم ماوەیەدا رێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، تێکۆشەرێکی پارتی ئازادیی کوردستانی لە کرماشان تێرۆر كرد. هەموو ئەم تاوان و پێشێلکارییانەی دەوڵەتی داگیرکەر له‌ دژی ڕۆڵەکانی کوردستان ، تەنیاله‌سه‌ر کورد بوون و كوردستانی بوونە.ڕۆڵەکانی كوردستان لەبەر جیاوازیی ناسنامە و سوور بوونیان له‌ سه‌ر پاراستنی ناسنامه‌ی نەتەوەیی، تووشی ئه‌م په‌لامار و كوشتاره‌ ‌هاتوون‌. ئه‌گه‌رچی تاران ئه‌م تاوان و جینایه‌تانه‌ به‌ نیشانه‌ی ئیقتیداری خۆی له‌ سه‌ر كوردستان داده‌نێ، به‌ڵام به‌ رووكاری ئه‌و دیویدا بریتییه‌ له‌ شكستی یه‌ك سه‌ده‌ پیلان و پڕۆژه‌ی ئاسمیلاسیۆن و ته‌فریس و ته‌تریكی كوردستان . پارتی ئازادیی کوردستان، داوا لە رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كا، هه‌ر تاك و گرووپێك له‌ لای خۆیه‌وه‌، دژی گرتن و به‌ند كردنی لاوانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو، ده‌نگ هه‌ڵبڕن. هه‌روه‌ها داوا له‌ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات به‌ هانای خه‌ڵكی به‌ر په‌لامار كه‌تووی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ بێن و به‌ فشار خستنه‌ سه‌ر تاران، رێ له‌ درێژه‌ی ئه‌و ره‌شبگیرییه‌ بگرن و تاران بۆ به‌ردانی گیراوه‌كان بخه‌نه‌ ژێر گوشاره‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌و مه‌ینه‌ت و ئازارانه‌ی تاران به‌ سه‌ر كوردستان و رۆڵه‌كانیدا دێنێ؛ كوردستان و ڕۆڵەکانی هەر به‌ سه‌ربه‌رزی ده‌مێننه‌وه‌‌ و بە خۆراگری و بەرخۆدانی یەکگرتووانە ، خەون و پیلانەکانی داگیركه‌ر گۆڕ ده‌كه‌ن. ئیراده‌ی رۆڵه‌كانی كوردستان بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی، به‌ گرتن و كوشتن له‌ شكان نایه‌ت.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK

3ی رێبه‌ندانی 2720ك

22ی ژانویه‌ی 2021ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *