راگه‌یه‌ندراوێك له‌ سه‌رۆكی PAKه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵكشانی گرژیی نێوان ئه‌مریكا و ئێران

له‌ دابه‌شكرانی كوردستانه‌وه‌، نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ به‌ر هێڕشی تووناكردن و كوشتار و ماڵوێرانی ده‌وڵه‌تی ئێراندا بووه‌.
له‌ 40 ساڵی پێشوودا، تارانی كۆماری ئیسلامی، درێژه‌ده‌ری ئه‌و رێگایه‌ بووه‌ و له‌ هیچ تاوانێك دژی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌ستی نه‌پاراستووه‌‌.

هاوكات ده‌ستی تێرۆر و تێكده‌رانه‌ی تاران گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و په‌ری دونیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ هۆی تارانه‌وه‌، ته‌ژی له‌ شه‌ڕ و ناسه‌قامگیرییه‌.
ئێستا ئیتر، تاران نه‌ك هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ ومه‌ترسییه‌ له‌ سه‌ر كورد و نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی دیكه‌، به‌ڵكوو بووه‌ته‌ مه‌ترسیی له‌ سه‌ر ئاشتیی و ئاسایشی جیهانیی.
له‌ ٤٠ ساڵی رابردوودا، هه‌موو ئه‌و حه‌ول و تێكۆشانه‌ی له‌ ناوخۆی ئێراندا،بۆ رێفۆرم یان گۆڕانكاریی دران، به‌ هۆی زه‌بروزه‌نگی بێ سنووری تاران، تووشی شكست هاتن. هه‌روه‌ها سیاسه‌تی سازش و نه‌رمیی نواندنی ئوروپا و ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا، ته‌نیا بوونه‌ هۆی ملهووڕی زیاتری تاران و به‌هێز بوونی سیاسه‌ت و توانا و ئامرازه‌ تێرۆریستییه‌كانی.
له‌ روانگه‌ی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانییه‌وه‌، له‌م دۆخ و هه‌لوومه‌رجه‌دا، ده‌ورگێڕانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپایمانه‌كانی بۆ هه‌وسار كردن، توندكردنی سزا و گه‌مارۆكان و، دواجار به‌كارهێنانی هێز، دژی تاران، راست گونجاو و هاوته‌ریبه‌ له‌ گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی كورد. گومانیشی تێدا نییه‌، كه‌ نه‌ته‌وه‌ی مه‌ینه‌تبار و كاره‌سات دیتووی كورد، پشتیوانیی له‌و بڕیار و هه‌نگاوانه‌ ده‌كا.
بۆیه‌ پارتی ئازادیی كوردستان،پێشوازی و پشتیوانی له‌ هه‌ر هه‌نگاو و بڕیارێكی ئه‌وتۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دژی تاران و مه‌كینه‌جه‌نگیی و تێرۆریستییه‌كه‌ی ده‌كا و به‌ ده‌رفه‌تێكی سیاسی- سه‌ربازی بۆ كوردی ده‌زانێ.

حسین یه‌زدانپه‌نا
سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستانPAK

30جۆزه‌ردانی 2719ك
20ژووئه‌نی2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *