راگه‌ێندراوی‌ هه‌واڵگریی و ئاسایشیPAK سه‌باره‌ت به پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ پلانێكی تێرۆریستیی تاران

رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی كورد!
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی له‌شكری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان!

جارێكی دیكه‌ش، هه‌ڵۆ چاوتیژه‌كانی‌ “هه‌واڵگری و ئاسایشی پارتی ئازادیی كوردستان”، پلانێكی تێرۆریستیی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێرانیان پووچه‌ڵ كرده‌وه‌و، وه‌ك زۆر جاران، سه‌ریان پێ شۆڕ كرد.

له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ نه‌رم و ده‌روونییه‌ی كه‌ تاران و كلك و گوێ له‌ مسته‌كانی له‌ ناو خه‌ڵك و له‌ سۆشیاڵمیدیادا، له‌ دژی پارتی پێشه‌نگی كوردایه‌تی و له‌شكره‌ داعش و حه‌شد و پاسدار به‌زێنه‌كه‌ی: پارتی ئازادیی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات؛ هاوكات له‌ گه‌ڵ به‌ستنی كۆنگره‌ی به‌ ناو مه‌شاهیری كورد له‌ سنه‌و، گاڵته‌جاڕیی وتووێژ له‌ ئۆسلۆ، وه‌زاره‌تی تێرۆر و تاوانی ئیتلاعاتی ئێران، به‌ ناردنی به‌كرێگیراوێكی تێرۆریست، به‌ ته‌ما بوو، به‌ زه‌برێكی تێرۆریستی له‌ مه‌كۆی قایمی كوردایه‌تی و ملنه‌دان به‌و شانۆگه‌رییانه‌، باجی هه‌ڵوێسته‌كانی لێوه‌ربگرێت و تووشی خه‌ساره‌تی بكات.
به‌كرێگیراو محه‌ممه‌د عه‌لی موختاری، كوڕی حوجه‌تووڵا، له‌ دایكبووی ساڵی ١٩٩٣ی قوم و دانیشتووی شارستانی فردیسی كه‌ره‌ج، رۆژی 5/6/2019، له‌ لایان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئیتلاعاتی پارێزگای كه‌ره‌جه‌وه‌، به‌ ئامانجی خۆ خزاندنه‌ ریزه‌كانی پارتی ئازادیی كوردستان و تێرۆری فه‌رمانده‌ باڵاكانی، ره‌وانه‌ كراوه‌‌. به‌ڵام به‌ وریایی هه‌ڤاڵانمان و هاوكاریی و زانیارییه‌كانی سه‌ربازانی ونی كوردایه‌تیی، پاش شناسایی و ساخبوونه‌وه‌مان له‌ سه‌ر زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان، قۆڵبه‌ست كرا. ناوبراو له‌ گه‌ڵ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ به‌ڵگه‌ و زانیارییه‌كان، به‌چۆكدا هات و به‌ بێ هیچ گوشارێك، زبانی دانپێدانان و هه‌ڵڕشتنی ورده‌كاریی ئه‌ركه‌ تێرۆریستییه‌كه‌ی وه‌گه‌ڕ كه‌وت.
“هه‌واڵگریی و ئاسایشی “PAK، به‌ هاوكاریی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كان، پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان،‌ ئه‌ندامان و دۆستان و پشتیوانانی به‌رینیPAK، وریا ,چاوتیژ وله‌سه‌ر هه‌سته‌ و به مستی پۆڵایینه‌وه‌، به‌ره‌نگاری پیلانه‌ تێرۆریستییه‌كانی تاران ده‌بێته‌وه‌.
هاوكات له‌ گه‌ڵ ئه‌م راگه‌ێندراوه‌، چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له‌ دانپێدانانه‌كانی تاوانبار، بۆ رای گشتی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌ها راده‌گه‌ێننین كه‌ ئاماده‌ین بۆ میدیاكاران، حیزب و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ر تاكێك، ده‌رفه‌تی دیدار و پرسیار له‌ گه‌ڵ تاوانبار، بڕه‌خسێنین.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
هه‌واڵگری و ئاسایش

١٧ی پووشپه‌ڕی ٢٧١٩ ك
٨ی ژوولای ٢٠١٩ ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *