راگەیه‌ندراوی پارتی ئازادیی کوردستان سەبارەت بە پەلاماری دوژمن بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە

ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد!

کوردستانیانی نیشتمانپه‌روه‌ر!

وەک ئاگادارن شەوی ڕابردوو بەشێک لەسەنگەرەکانی پێشمەرگە بوونە ئامانجی  کردەوەی تیرۆریستیی و بەر پەلاماری 6 ڕۆکێتی گراد کەوتن.

بەپێی ئاگاداریی فەرماندەیی گشتیی سپای میللیی کوردستان کە بەشێک لەسەنگەرەکانیان لە میحوەری پردێ بەر ئەو پەلامارە کەوتووە، ئەو هێرشە لە لایان هێزەکانی حەشدی ئێرانی و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراقەوە کراون و بەخۆشییەوە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.

پارتی ئازادیی کوردستان، ئەو پەلامارە بە کردەوەیەکی تیرۆریستیی ترسه‌نۆکانە دەزانێ و بەتوندی مەحکوومی دەکا و ڕایدەگەیەنێ کە ئەم هێرشە درێژەی پیلانگێڕی و هێرشەکانی ڕابردووە کە کراونە سەر هەولێر و هێزەکانی هاوپەیمانان و بەئەزموون لە ڕووداو و هێرشەکانی دیکە، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بە ئەنجامدەری ئەو پەلامارە دەزانێ.

پارتی ئازادیی کوردستان، داوا لە وڵاتان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناوەندە سیاسیی وبڕیار بەدەستەکانی جیهان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەکا، بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆرو تیرۆریزم و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی، بەبڕیارو ڕێکاری کاریگەرو گونجاو، هێژمووونی سیاسیی و سەربازیی ئێران لەسەر عێراق و ناوچەکە هه‌ڵگرن.

پارتی ئازادیی کوردستان، جارێکی دیکە پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرێ کە بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی و نەمانی مەترسییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، پێویستە بە ڕێکاری دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە،یارمه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئیمپراتۆریی تێرۆر و تاوانی ئێران بده‌ن بۆ کۆتایی هێنان پێی.

پارتی ئازادیی كوردستان

10ی خاكه‌لێوه‌ی2721ك

30ی مارسی 2021ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *