راگەیەندراوی رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان- نینا بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژن ژنانی ئازادیخوازی نەتەوەکەمان! تێکۆشەرانی یەکسانیخوازیی!

ئەمساڵ ژنانی نەتەوەکەمان لە هەلومەرجێکدا یادی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن دەکەنەوە کە زیاتر لە هەموو کاتێک نەتەوەکەمان پێویستی بە یەکریزی و یەکدەنگی و پتەوکردنی ریزەکانی نێوان ژن و پیاو و سەرجەم چین و تویژەکانی کۆمەڵگای کوردستانە. ئێمە لە دۆخێکدا یادی رۆژی جیهانی ژن دەکەینەوە کە ژنی کورد نەک هیچ پێشکەوتنێکی بە ئاراستەی دابینکرانی مافە زەوتکراوەکانی بەدەسنەهێناوە، بەڵکوو مۆتەکەی تیروریزمی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە تاوانی گەورەی لە دژی ژنی کورد بەڕێوەبرد و تراژیدایای قێزەونی خولقاند. ژنانی کورد لە سەردەمێکدا یادی رۆژی ژن دەکەنەوە کە بە بەرچاوی جیهانەوە هەزاران ژنی کورد بە دەستی تیرۆریستانی داعش و ریکخراوە تیرۆریستییەکان کووژران و فرۆشران و بێسەروشوێن کران.

ئەگەرچی وڵاتانی رۆژاوایی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە شێوەی گشتی لە ئاست تاوانی تیرۆریستان دژ بە رۆڵەکانی نەتەوەکەمان بێدەنگ نەبوو، بەڵام جێی داخە کە کۆر و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ نەیانتوانی بە پێی پێویست نەهامەتییەکانی ژنی کورد و ئەو تاوانانەی لە ناوچەکانی شنگال لە دژی کرا لە قاو بدەن و گرینگی پێبدەن. بارودۆخی نالەباری ژنی کورد لە شنگال و رۆژاوای کوردستان بە گشتی و کۆبانێ بە تایبەتی هیچ کەلێنێکی بۆ باس لە سەر رەوشی ژیانی ژن لە ئاستی دەرەوەی کوردستاندا بۆ ئێمە ژنانی کورد نەهێشتووەتەوە. بارودۆخی ژیانی ژنی کورد لە یەکساڵی رابردوودا بە جۆرێک ئەستەم و پڕ لە چەوسانەوە و نەحەسانەوە و زۆڵم و زۆر و راوەدوونان و ئاوارەیی و نەهامەتی بووە کە جێی خۆیەتی بۆ پڕستۆکردنی ئەو تاوانانە کۆڕ و سیمیناری گەورەی لە ئاستی جیهاندا لە رۆژی جیهانی ژن بۆ رێکبخرێ. ئەمرۆ ژنانی کورد لە جیاتی هەموو ژنانی جیهان وێڕای برا و هاوسەر و هەڤاڵەکانیان بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و لە پێناو پاراستنی کەرامەتی ئینسانی خۆیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەشەڕدان و قوربانی مەزن پێشکەش دەکەن، ئەم هەلوومەجە و کۆڵنەدان و تێکۆشانی ژنانی کورد لە دژی تیرۆریستان، خەباتی ژنی کوردی لە ئاستی کوردستانەوە گواستەوە بۆ خەبات لە پێناو بەرگریی لە هەموو مرۆڤایەتی. جێی خۆیەتی ژنانی جیهان رێز لە ئازایەتی و قوربانیدانی ژنانی کورد بگرن و لە پێناو پشتگیری لە کورد و ژنانی کورد لە هیچ حەولێک خۆنەبوێرن. لە ئاستی نێوخۆی کوردستانیشدا پێویستە پیاوان و ئازادیخوازان و رۆشنبیرانی نەتەوەکەمان هەڵوێست و ئازایەتی و خەباتی ژن لە یەکساڵی رابردوودا لە بیر نەکەن، بەشداریی ژنان لە بەرەکانی شەڕ و تاقەت هێنانیان لە بەرانبەر هەموو ئەو سەختی و نەهامەتییانەی ئەم هەلومەرجە بە سەر ژنی کوردیدا سەپاند، هێمای هاوچارەنووسی ژن و پیاوی کورد پێکەوەیە. بێگومان دابین کردنی مافەکانی ژنان لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا، بەختەوەریی کۆمەڵگای کوردستانە. ژنانی رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا، لەم هەلوومەجەدا وێرای هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانیان لە پارتی ئازادیی کوردستان، ماوەی 8 مانگە بێپسانەوە لە بەرەکانی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش بەشدارن، بۆ ئێمە جێی شانازییە کە دەرفەتی بەرگریی لە خاکی نیشتمانمان بۆ رەخساوە، بۆ ئێمە شانازییە کە قوربانیمان لە پێناو پارێزگاری لە خاک و خەڵکی کوردستان پێشکەش کردووە. لە ئێستادا گرینگترین ئەرکی تاکی کورد بە ژن و پیاوە وە بەرگریی و راوەدوونانی داگیرکەرانی کوردستانە. رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا، بە بۆنەی گەڕانەوەی 8ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژن، وێرای پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی، جارێکی دیکە سوور بوونی خۆی لە درێژەدان بە خەبات لە پێناو دابین و دەستەبەر کردنی مافەکانی ژنان لە کوردستان رادەگەیەنێ و هاوکات بۆ وەدیهێنانی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ کە تیایدا مرۆڤسالاری بچەسپێ تێدەکۆشێ. سەرکەوێ خەباتی کورد لە پێناو بەدەوڵەتبوونی کوردستان شەکاوە بێ ئاڵای یەکسانیخوازی و مرۆڤسالاری لە کوردستان رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا 8 مارس 2015

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *