راگەیەندراوی گرووپی کاری لاوان و قوتابیانی PAK بە بۆنەی شەهید بوونی هەڤاڵ نیگار حسەینییەوە

بە داخ و کەسەری گرانەوە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ١٥ خەرمانانی ٢٧١٤، رێکەوتی ٦ سێپتامبری ٢٠١٤، هەڤاڵ نیگار حسەینی لە یەکێک لە مێحوەرەکانی شەڕ دژی هێزەکانی داعش لە باشووری کوردستان لە لایەن دوژمنانی کورد و کوردستانەوە شەهید کرا.

شەهید نیگار حسەینی لە ١٦-٩-١٩٩٥ زایینی لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دونیا هەڵێناوە و لە پاش تەمەنی ٦ ساڵی خراوەتە بەر خوێندن. لە ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ بنەماڵەکەی هاتووەتە ناو ریزەکانی PAK لە باشووری کوردستان.
شەهید نیگار هەر لە تەمەنی منداڵییەوە عەوداڵی ئازادیی نیشتمان و وڵاتەکەی بوو، پاش گەیشتنی بە تەمەنی یاسایی (١٨ ساڵ) بە بڕیاری خۆی، لە ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستاندا چەکی پێشمەرگایەتی هەڵگرت. 
شەهید نیگار جگە لەوەی پێشمەرگەیەکی دڵسۆز بوو، خاوەن توانا و بەهرەیەکی باشی هونەرییش بوو. ئەو یەکەم بەرهەمی هونەریی خۆی لە رێوڕەسمی ٢٣ ساڵەی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستاندا پێشکەش کرد.
ئەندامەتی لە گرووپی کاری لاوان و قوتابیانی پارتی ئازادیی کوردستان یەکێکی دیکە لە بەستێنەکانی خەباتی شەهید نیگار بوو. رۆڵی بەرچاوی نیگار لە هەڵسووڕاندنی کارووباری لاواندا بە جۆرێک بوو کە هەر زۆر زوو گەشەی کرد و پلەی کادرێتی وەرگرت.
شەهید نیگار خۆشەویستی لاوان و قوتابیان و سەرجەم ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بوو، ئەو تێکۆشەرێکی جێی هومێدی سەرۆکایەتی PAK بوو، کەم بۆنە و رێوڕەسمی پارتی ئازادیی کوردستان بە گشتی و لاوان و قوتابیانی PAK بە تایبەتی هەبوو کە نیگار دەوری تێدا نەگێڕێ و نەیڕازێنێتەوە. ئەو بەو توانا و بەهرانەوە سەرنجی هەموو لایەکی بۆ خۆی رادەکێشا. نیگار عەوداڵێکی لێبڕاوی وەدیهێنانی ئامانجەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بوو، خەونی گەورەی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کوردستان بوو. 
لە ماوەی رابردوودا شەهید نیگار لە ریزی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستاندا کە لاوان بەشی بنەڕەتیی پێکدەهێنن، لە بەرەکانی شەڕی پاراستنی خاک و خەڵکی باشووری کوردستاندا وەک بەرپرسی پاراستنی سەنگەری هێزی ژنانی پارتی ئازادیی کوردستان دەوری بەرچاو و بوێرانەی هەبوو.
بەمجۆرە نیگار حسەینی بوو بە یەکەم شەهیدی ژن لە بەرەکانی پاراستنی خاک و خەڵکی باشووری کوردستان و سێمبولی بەشداریی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو بەرگرییە رەوایەدا.
بەمبۆنەیەوە لەوپەڕیی شانازییدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان پێشکەشی بنەماڵە و سەرجەم رۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە گشتی و ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بە تایبەتی دەکەین.
رۆحی شاد و رێگەی پڕ رێبوار بێ
بژی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان
گرووپی کاری لاوان و قوتابیانی پارتی ئازادیی کوردستان
١٨ خەرمانانی ٢٧١٤
٩ سێپتامبری ٢٠١٤

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>