راگەیەندراوی PAK لەمەڕ تیرۆری هەڤاڵ سیاوەش بەهرامی ” داڵاهوو کرماشانی”

لە درێژەی بیۆتێرۆریزمی دەوڵەتی داگیرکەری فارس لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دژی تێکۆشەرانی ئەم دەڤەرە، رۆڵەیەکی دیکەی کورد، لە بەندیخانە تێرۆر کرا.
پارتی ئازادیی کوردستان هەواڵی تیرۆرکرانی ” سیاوەش بەهرامی” ناسراو بە داڵاهوو کرماشانی رادەگەیەنێیت.
هەڤاڵ سیاوەش بەهرامی کوڕی کاکە، لەدایک بووی ئاوایی دەشتی مورتی سوفلای داڵاهووی کرماشان سەرەتای ساڵی 2017 هاتە ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان. پاش تێپەڕ کردنی قۆناغەکانی پەروەردە و بارهێنان، درایە هێزی پێشەوا. ماوەی دوو ساڵ لە مێحوەری ڕۆژاوای کەرکووک، لە بەرەنگاربوونەوە و شکستدانی رێکخراوی داعش و پاشان لەشەڕی پردێ‌دا بەشداریی کرد. لە کۆتاییەکانی 2018 گەڕایەوە ناوخۆی رۆژهەڵاتی داگیرکراو.
هەڤاڵ سیاوەش چەند جارێک لە لایان ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە کرماشان دەگیراو بەردەدرا. دواجار 3مانگ لەمەوبەر، بە تاوانی هەبوونی پێوەندیی لە گەڵ پارتی ئازادیی کوردستان و نیازی گەڕانەوە بۆ ڕیزەکانی پێشمەرگە، گیرا و رەوانەی گرتووخانەی پاوە کرا. رۆژی پێنجشەممە 5ی جۆزەردان، پاش لێدانی دەرزیی ژەهری کوشندەی ڕایسین لەلایان ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە؛ بەناوی مۆڵەت پێدان رەوانەی ماڵەوە دەکرێ و پاش دوو ڕۆژ لە ئاکامی کارتێکەریی ژەهرەکە، پێرێ شەممە گیانی بەختکرد. تەرمی شەھید سیاوەش دوێنێ لە زێدەکەی ئاوایی بەخاک سپێردرا. بەم تاوانەوە، ژمارەی قوربانییانی بیۆتێرۆریزمی تاران لە باشووری ڕۆژهەڵاتی نیشتمان گەیشتە 6 تێکۆشەری ڕیزەکانیPAK.
پارتی ئازادیی کوردستان بە بۆنەی گیانبەختکردنی ھەڤاڵ سیاوەش بارامیی، پرسە و سەرەخۆشیی پێشکەش بنەماڵە و کەس و کار و نەتەوەکەمان دەکات.
هۆکاری پەرەسەندنی پیلان و تاوان و تێرۆری تاران دژی خەباتگێڕانی پارتی ئازادیی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ترس و دڵەڕاوکێی تاران لە بەهێز بوونی پێگەی جەماوەریی پاک و پێشوازیی دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە لە گوتار و ستراتیژی و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی.
لەلایەکی دیکەوە کوشتنی خەباتگێڕانی نەتەوەیی کورد بەم تەرزە تایبەتە لە دەرەوەی بە ناو یاسا و حوکمی فەرمی و شەرعیی؛ بۆ بە میدیایی نەبوونی تاوانەکان و لە ئاکامدا نەشڵەژانی ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵات و پێشگیریی لە جووڵە و هەستانی خەڵکە.
ئەگەر چی شەهید کرانی هەر هەڤاڵێکمان داخێکی دیکە دەنێتە سەر دڵ و هەستمان، بەڵام ناتوانێ لە ڕێگای پیرۆزی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان ساردمان بکاتەوە و کاروانی ڕوو لە خۆری ئێمە بوەستێنێت. پارتی ئازادیی کوردستان بە هەر برینێک کە هەڵیدەگرێت جار لە گەڵ جار سوورتر و شێلگیرانەتر پێشەنگایەتی خەباتی ڕزگاریی خاک و ڕادانی دوا سەربازی داگیرکەری دەوڵەتی فارس لە ماکۆوەهە تا یاسووج و گەیشتن بە دەوڵەت و سەربەخۆیی نەتەوەیی، دەکات.
یاد و ناوی شەهید سیاوەش و شەهیدانی خەباتی 31 ساڵەمان، هاندەرێکی بەهێزە بۆ بڕینی ئەو ڕێگا پڕشانازییە.
پارتی ئازادیی کوردستان
9ی جۆزردانی 2722 ک
30ی مای 2022 ز
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *