رِاگه‌یێندراوی هاوبه‌شی ٦ رِێكخراوی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن

خه‌ڵكی ئازادیخواز و شۆرِشگێری كوردستان!

ژنانى خه‌باتكار و یه‌كسانیخوازى كورد!
رۆژی ٨ی مارس كه‌ به‌ رۆژی جیهانیی ژنان ناسراوه‌، له‌هه‌موو تێكۆشه‌ران و ئه‌و مرۆڤه‌خاوه‌ن هه‌ڵوێستانه‌ پیرۆز بێت كه‌ ژیانی خۆیان له‌پێناو به‌رابه‌ری ومرۆڤایه‌تی به‌خت كردووه‌.
پیرۆز بێت له‌ ژنانی خه‌باتكار و پیاوانی مرۆڤ دوست كه‌ ئێستا سه‌رسه‌ختانه‌ و به‌ بێ‌ گوێدان به‌ كێشه‌ و له‌مپه‌ره‌كانى سه‌ررێگا، ره‌وتی خه‌باتی به‌رابه‌ری درێژه‌ پێده‌ده‌ن و ئه‌م رێگا پرِ هه‌وراز و نشێوه‌ ده‌برِن. بێگومان ژنانی یه‌كسانیخواز به‌ پاڵپشتی پیاوانی مرۆڤ دوست و هۆگرانى ئازادی بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنى ژیانی باشتر بۆ چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا، مێژوویێكی زێرینیان له‌م پێناوه‌دا دروست كردوه‌ و به‌گیانبازی و قۆربانیدان لاپه‌ره‌كانی دیرۆكی ئه‌م قۆناغه‌یان نه‌خشاندوه‌. یه‌كێك له‌و رۆژ و قۆناغه‌ مێژووییانه‌ی كه‌ به‌رهه‌می خه‌باتی ژنانه‌، تۆماری رۆژی ٨ی مارسه‌كه‌ دروشم و ئامانجه‌كانی ژنان تێدا نه‌خشاوه‌. ئه‌م رۆژه‌ كه‌ لوتكه‌ی شۆرش و موبارزه‌ی ژنانه‌، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندییه‌ كه‌ باس له‌ مافی یه‌كسانى، ئازادی، دێموكراسی، عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، فره‌ رِه‌هه‌ندی و جیهانێكی نوێتر و باشتر ده‌كات و رِه‌د كه‌ره‌وه‌ی هه‌موو جیاوازیه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كانه‌، كه‌ ده‌توانین بڵێن سه‌مبۆلێكه‌ له‌ وێنه‌ی ژیان و هه‌وڵ و بیر و كرده‌وه‌ی ژنانه‌، كه‌ به‌ باوه‌ر به‌م چه‌مك و سیستمانه‌، به‌بێ‌ كینه‌ وتۆڵه‌، هه‌وڵیانه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافى مرۆڤ و جیهانێكی خۆشتر به‌ بى جیاوازى

ژنانی تێكۆشه‌رى كوردستان!
دیاره‌ كێشه‌ی ژنان له‌ وه‌ڵاتێكه‌وه‌ بۆ وه‌ڵاتێكی دیكه‌ جیاوازی هه‌یه‌ و به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ جێگه‌یێكدا هه‌ڵكه‌وتوین كه‌ جیاوازیه‌كى زۆر له‌ نێوان ئێمه‌ و زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌یه‌. ئێمه‌ بێجگه‌ له‌ كێشه‌ گشتگیره‌كان، له‌گه‌ڵ سته‌می چینایه‌تی و ئه‌وپه‌ری جیاوازی له‌ نێوان مرۆڤه‌كان، سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیشمان له‌سه‌ره‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پێكهاته‌ و شیرازه‌ی وه‌ڵاته‌كه‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی رِه‌گه‌زی بونیاد نراوه‌، له‌باری نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ چه‌وساوه‌ترین نه‌ته‌وه‌ین و له‌م پێوه‌ندیه‌دا گرێ‌ وگۆڵێكی زۆرمان له‌به‌رده‌م دایه‌. سیستمی سونه‌تی كۆمه‌ڵگا و هه‌وڵی داگیركه‌ران بۆ هێشتنه‌وه‌مان له‌ تاریكیدا، ئه‌ركی ئێمه‌ی ژنانی چه‌ندقات كردوه‌. ئێستاش له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ره‌و پیری رێز گرتن له‌و رۆژه‌ جیهانیه‌ ده‌چین به‌ داخه‌وه‌ ژنانی كورد له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی دواكه‌وتوو و دژه‌ ژنی كۆماری ئیسلامیدا، له‌ هه‌موو مافێكی ئینسانی بێبه‌شن و رووبه‌رووی سه‌خترین سزاو پێشلكاریه‌كان ده‌بنه‌وه‌.به‌ڵام به‌ خۆشییه‌وه‌ كه‌م نین ئه‌و ژنه‌ئازا و شۆرِشگێرانه‌،كه‌ ئه‌مرۆكه‌ تاویان داوه‌ته‌ خه‌باتێكی چه‌ن رِه‌هه‌ندی وبه‌ شكاندنی پێكهاته‌باوه‌كان كه‌ مرۆڤی له‌ تاریكیدا رِاگرتوه‌، رِه‌وتی چوونه‌ پێش ده‌پێون و به‌ بێ‌ ترس له‌ مه‌ترسیه‌كانی پێشهاتوو، رِێچكه‌یێكیان گرتۆته‌ به‌ر كه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ لایه‌نگرانی په‌ره‌ ده‌ستێنێ.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سڵاو له‌ پێشرِوان و رِێبوارانی رِێگه‌ی به‌رابه‌ری و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ پێناو نه‌هێشتنی جیاوازی و خه‌باتی یه‌كسانیخوازى هه‌نگاوێكیان هه‌ڵگرتووه‌.
یه‌كیه‌تی ژنانی دێموكراتی كوردستان
كومیته‌ی ئافره‌تانی سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران
یه‌كیه‌تی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات
رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد
رێكخراوی ئازادى ژنانى كوردستان – نینا
٨ى مارسى ٢٠١٤ى زایینى
١٧ى ره‌شه‌ممه‌ى ١٣٩٢ى هه‌تاوى

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>