رێبوار ئەحمەدزادە: گرنگی زمانی زگماکی و چەند تێبینییەک!

رۆژی زمانی دایک لەسەر پێشنیازی وڵاتی بەنگلادیش ناونراوە، کە لە نۆڤێمبەری ساڵی 1999ـی زایینی لەسەر ئەو بنەمایە ئاراستەی رێکخراوی یونسکۆکرا. گەڵاڵەی بەنگلادیش و ئەنجوومەنی جیهانی لایەنگرانی زمانی دایکی لە سیهەمین دانیشتنی گشتی یونسکۆدا لە لایەن وڵاتانی ئەندامەوە، پەسندکرا.

لە پەنجاوپێنجەمین دانیشتنی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، راگەیەنرا، کە رۆژی جیهانیی زمانی دایکی دەبێتە هۆی دروستبوونی رێزی بەرامبەری فەرهەنگ و زمانە جۆراوجۆرەکان و هەروەها دەبێتە هۆی دەوڵەمەندتر بوونی فەرهەنگ و داب و نەریتەکان. لەو دانیشتنەدا پێداگری کرا، کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونسکۆ بەدوای رێگاچارەیەکن بۆ پاراستنی زمانەکان وەک میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتی و سیستەمی چەند زمانی بۆ وڵاتەکان پێشنیازدەکەن.

دەیڤید کریستاڵ، زمانناسی ئینگلیزی، گرنگی جۆراوجۆربوونی زمان وەک جۆراوجۆربوونی مرۆڤەکان و هێزی ئاوەزیی زمانیش وەک توانای بیۆلۆژیکی مرۆڤ پێناسە دەکات و دەڵێت، “لەناوچوونی هەر زمانێک، بە واتای لەناوچوونی روانگە و تێروانینێکی تایبەت و ناوازەیە”.

بەشی زانستی فەرهەنگی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان- یونسکۆ، ساڵی 2008ـی زایینی وەک ساڵی زمان ناوزەدکرد.

کوئیچیرو ماتسورا، بەرپرسی یونسکۆ لە یەکێک لە پەیامەکانی خۆیدا، جارێکیتر داوای لە وڵاتان کردبوو، کە ” لە سیستەمی خوێندنی فەرمی و نافەرمی خۆیان و کاروباری بەڕێوەبەریاندا، بەرنامەگەلێک بگونجێنن، کە بە یەکەوە ژیانی هاوشێوە و بەرامبەر و پڕ بەرووبوومی زمانەکانی هەر وڵاتێک دابینبکات. بەو شێوەیە، کە ئێمە لە پاراستن و بەهێزکردنی وڵاتانی چەند زمانیدا سەرکەوتوو دەبین و ئەو کارەش دەبێتە هێمای نیشاندانی رێزی تەواو بۆ سەرجەم لایەنە جۆرواجۆرە فەرهەنگی و داب و نەریتییەکان.”

گرنگی زمانی دایکی لە چیدایە؟

زمانەکان رۆحی مرۆڤایەتین. زمانەکان میراتی مەعنەوی مرۆڤەکانن، لە دایک دەبن، پێدەگەن و لە هەندێک حاڵەتیشدا لەنێو دەچن. ئەگەر هەوڵی خۆمان بۆ رزگاری زمانەکان بخەینە گەڕ، لە بەرژەوەندی خۆماندایە. دەبێ تەواوی هەوڵی خۆمان بۆ پاسەوانی و کێشکگرتن لە زمانەکان بە کاربهێنین، کە ئەوەش لە ژێر سایەی سیستەمی فێرکاری چەند زمانیدا بە دەستدێت.

مرۆڤەکان لە رێگەی ئاخاوتن لەیەکتر تێدەگەن. رەهەندی پێگەیشتنی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا لە رێگەی زمانەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێتەوە. ئەگەر زمان لە کۆمەڵگا بستێندرێتەوە،‪سووڕ و خولی کۆمەڵگا رادەوەستێ.

زمان دەسمایەی فەرهەنگییە. کاتێک باسی پاراستن، پەرەپێدان و بەهێزکردنی دابونەریتی کۆمەڵگایەک دەکرێ، ئەوە زمانە، کە رابردوو و ئێستای ئەو کۆمەڵگایە بەیەکەوە گرێدەدا.

بێبەشکردنی هەر نەتەوەیەک لە زمانی زگماکی و دابونەریتی تایبەت بە خۆی، مەترسی هەڵوەشان و لێکترازانی بۆنە مرۆڤی و سرووشتیەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگای، بەدواوەیە.

کەسێک، کە تاوەکو تەمەنی حەوت ساڵە، بە زمانی زگماکی قسەی کردووە و دواتر لە قوتابخانە ناچاردەکرێ بە زمانێکی دیکە قسە بکات، ئەوە جۆرێک لە دایک کوشتنە و تاوەکو بڵێی بە ئێش و ئازارە.

لەم بارودۆخەدا، دەبێ بەردەوام بە شێوەیەکی دیکە بیربکەیتەوە، هەمیشە لە مێشکی خۆتدا کاری وەرگێڕان بکەی و ئەوەش دەبێتە هۆی لە ناوچوونی زۆرێک لە داهێنان و لێهاتووییەکان.

زمان یەکێک لە ئەندامە زۆر گرنگەکانی ژیان، تێڕوانین، روانگە و هەڵسوکەوتەکانی ئێمەی مرۆڤە.

بە دەگمەن کەسێک هەیە، کە بڵێت لە ژیانی رۆژانەدا لە قسەکردن بە زمانی زگماکی تاموچێژ وەرناگرێ.

هەر کام لە ئێمە هەر ئەندازەیەک، کە زاڵ بین بەسەر زمانێکی بێگانەدا، زمانی گرنگ و ژیانی بۆ دەربڕینی هەست یان تێگەییشتنمان، هەمان ئەو زمانەیە، کە بۆ یەکەمجار لە رێگەی ئەوەوە قسەمان کردووە و پەیوەندیمان گرتووە.

بەڵێ هەروەک باسکرا، زمانی دایکی تایبەتمەندگەلێکی هەیە، کە لە هیچ زمانێکیتردا بەردەست ناکەوێت. بەڵام بە داخەوە بە درێژایی دەیان دەیە، هەوڵی لە ناوبردن و سڕینەوەی زمانی کوردی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەدرێ و ویستویانە و دەیانهەوێ ئەو دیارییە سروشتییەیان لێ بستێنن و بێ ناسنامەیان بکەن، چونکە زمان گەورەترین ناسنامەی هەر گەل و نەتەوەیەکە.

لە وڵاتی بە زۆر بەیەکەوە لکێندراوی “ئێران”ی ئەمڕۆ، نزیکەی ٨٥ ساڵ لەمەوبەر و لەسەردەمی رەزا شاوە، بە مەبەستی دروستکردنی وڵاتێکی یەک نەتەوە و یەک زمان، هەوڵی تواندنەوە و لە نێوبردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوە نافارسەکان دراوە و تاوکو بە ئەمڕۆکەش لە لایەن نەوەکانیەوە بەردەوامە.

پاشماوەکانی رەزا شا لە هەوڵێکی تازەیاندا، بە مەبەستی درێژەدان بە سیاسەتی لەناوبردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوە نافارسەکان، کە یەکێک لەو نەتەوانە گەلی کوردە، دەستیان داوەتە گەونجاندنی شیعرێکی فاشیستی و رەگەزپەرستانە بە ناوی “ای زبان فارسی” لە پەرتووکی وانەیی پۆلە سەرەتاییەکاندا.

لە دەقی پەرتووکی فارسی ساڵی شەشی سەرەتاییدا، شیعرێکی غولامعەلی حەدادی عادل لە ژێر ناوی”ای زبان فارسی”بە پێدا هەڵگوتن و رێزلێنانێکی زۆر لە زمانی فارسی وەک زمانی دایکی، گونجێندراوە، کە نەک سازگار نییە لەگەڵ زمان و فەرهەنگی کۆمەڵگای فرەنەتەوەیی و چەند زمانیی خەڵکانی دانیشتووی جوگرافیای بە زۆر پێکەوە لکێندراوی “ئێران”، بەڵکو جۆرێک لە تێڕوانینی پان فارسیستی و فاشیستی و یەک زمانی بەسەر تەواوی خوێندکارانی دانیشتووی جوگرافیای ناوبراودا، کە زیاتر لە 70٪ی ئەوان زمانی دایکییان نا فارسی یە، دەسەپێنێ.

ئەم شیعرە تەنها لە پەرتووکی وانەی قوتابخانەکانی پارێزگا فارس نشینەکاندا نییە و بەسەر سەرجەم پارێزگا نافارسەکانیشدا سەپاوە و دەبێ قوتابییە نافارسەکانیش ئەو شیعرە بخوێنن و لەبەری بکەن.

دێڕی سەرەتا و کۆتایی ئەو شیعرە بەو جۆرەی خوارەوەیە:

دێڕی سەرەتا “ای زبان فارسی،ای در دریای دری /ای تو میراث نیاکان،ای زبان مادری”

دێڕی کۆتایی “فارسی را پاس می داریم، زیرا گفتەاند / قدر زر، زرگر شناسد قدر گوهر،گوهری”

وتنەوەو وانەدانی ئەم دەقە بە قوتابیانی قوتابخانەکانی وڵاتی بەزۆر بەیەکەوە لکێندراوی “ئێران”، چ ئەوانەی، کە زمانی دایکییان فارسییە و چ ئەوانەی کە زمانی دایکییان نافارسییە، ئەوە دەگەیەنێ، کە گشت خوێندکارانی ئەو “وڵاتە” دەبێ زمانی فارسی بە زمانی دایکی خۆیان بزانن و سەرەڕای ئەوەش دەبێ لە “ئێران”دا کێشکی لێ بدرێت و پاسەوانی لێ بکرێت.

حەددادی عادل چ هۆنراوەیەکی پێ خۆشە با بیهۆنێتەوە و تەنانەت دەتوانێ کرماشان، ئیلام، خوڕەم ئاوا، سنە و ورمێش بە مڵکی زمانی زگماکی فارسی ناوزەدبکات، چونکە هیچ کەس بە تاوانی پان فارسیستی یان تێکدانی بیروڕای گشتی و شەڕ لە گەڵ خوادا دادگایی ناکات، ئەو هەر جۆرێک، کە پێی خۆشە با روانگە و بۆچوونەکانی نێو مێشکی خۆی بکاتە هۆنراوە و بەرەو کوێی پێ خۆشە با ئەسپی خۆی تاوبدات، بە زمانی دایکی خۆی هەڵبڵێت و پەرتووکەکەشی چاپ و بڵاوبکاتەوە، بەڵام نە ئەو و نە هیچ کەسی دیکە لە رووی یاساییەوە بۆی نییە ئەو جۆرە شیعرانە بهێنێتە ناو پەرتووکی وانەی قوتابخانەکانی ناوچە نافارسەکان.

ئەوان چونکە جڵەوی دەسەڵاتیان لە دەستدایە، بۆیان نییە مێشکی پاک و بێگەردی قوتابیە نافارسەکان، کە زمانی زگماکییان فارسی نییە، بە سەپاندنی ئەوەی، کە زمانی دایکی ئێوە فارسییە، شێواو و ئاڵۆز بکەن.

زمانی دایکی شتێک نییە، کە بە سەپاندن و گونجاندنی زمانی زگماکی خەڵکانی دیکە لە ناو دەقەکانی پەرتووکی وانەی قوتابخانەکاندا، بتواندرێ ساوا و کۆرپەلەکان لە زمانی دایکی خۆیان بێگانە بکرێن، نەونەمامەکانی کوردستان لە سەرەتای لە دایکبوونیان، ئەوین و خۆشەویستی بێ سنووری دایکانی دڵسۆز و بە بڕیار و ئیرادە و زەحمەت و غیرەتی باوکانی خۆیان لە یەکەیەکە وشە کوردییەکاندا بە گوێچکەی دڵ بیستووە و بوونەتە هۆگری.

هەرگیز ئەو “آب”ـەی لە قوتابخانە لە گۆشەوکەناری لاپەڕە بێ گیانەکانی پەرتووکی ساڵی یەکەمی سەرەتایی بە رق و کینە و هەڕەشە و تەنانەت سزادانی مامۆستاوە فێری قوتابییەکی کورد دەکرێت تام و چێژی ئەو ئاوەی نییە، کە لە دەستانی پڕ لە خۆشەویستی دایک و باوکانی زەحمەتکێشی خۆی وەریگرتووە و نۆشی گیانی کردووە، بەڵام ئەو لە بارودۆخێکدا دەژێت بۆ فێربوونی خوێندەواری هیچ دەرەتانێک جگە لە خوێندن بە زمانی فارسی بەدی ناکات، کەوابوو چونکە ئەوان ناچارن نابێ مێشکیان بە بابەتگەلێک پڕبکرێت و بشێوێندرێت، کە هیچ پەیوەندییەکی مەنتقی و بەرچاوی لەگەڵ ژینگەی فەرهەنگی و زمانیی ئەواندا نییە.

دیارە ئێمە وەک کورد هیچ بێ رێزییەک بە زمانی فارسی یان هیچ زمانێکی دیکە ناکەین وبە مافی ئەوانی دەزانین، کە هەوڵی فێربوون و پاراستنی زمانی خۆیان بدەن، بەڵام دەبێ ئەوانیش رێزی بەرامبەر رابگرن و هەوڵی سەپاندنی زمان و دابونەریتی خۆیان بەسەر ئێمەدا نەدەن. ئەمڕۆ ئەگەر شیعری پاوانخوازانەی “زمانی فارسی” لە پەرتووکی وانەی زیاتر لە 70٪ـی قوتابیانی نافارسی دانیشتووی “ئێران”دا دەگونجێدرێت و بە ناوی زمانی زگماکی دەرخواردیان دەدرێت، بەو واتایە نییە، کە نافارسەکان زمانی دایکی خۆیان بۆ گرنگ نییە و لە دەستداوەو ناخوازن بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن، یان لە جێگای فێربونی دەقە مرۆڤدۆست و پێشکەوتووەکانی پەرتووکە کوردییەکان، دەخوازن فێری شیعرە دژە ژنییەکانی فیردەوسی توسی ببن، کە دەڵێت:

“زن و اژدها هر دو در خاک بە — جهان پاک از این هر دو ناپاک بە

چون زاد دختر دهیدش بە گرگ — کە نامش ضعیف است و ننگش بزرگ”.

هەر کوردێک وەک ئاغای حەددادی عادڵ یان هەر فارسزمانێکی دیکە، ئەوین و خۆشەویستی هەیە بۆ زمانی دایکی خۆی و بە دڵ و گیان خۆشی دەوێت و پێی خۆشە لە جێگای شعری “ای زبان فارسی” ئاغای حەددادی عادل، شیعری: بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرمـی مامۆستا هەژار لە دەقە وانەییەکانی ئەواندا بگونجێندرێت.

رۆڵەکانی گەلی کورد ئەگەر لێهاتویی زمانی خۆیان بە زیاتر لە زمانی فارسی نەزانن، لە هیچ بوارێکدا بە کەمتری نازانن و ئەوەش بە مافی بێ ئەملاو ئەولای خۆیان چاو لێدەکەن.

کەوابو بۆ پێشەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی زگماکی کوردی.

رێبوار ئەحمەدزادە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *