سالار بابه‌شێخ حیسامی: نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ ڕێزدار مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

سڵاو و ڕێز له‌وه‌ی ڕا كه‌ به‌ كه‌سایه‌تیتان ئاشنام و دڵنیام په‌یام و پێشنیار و داواكاریی به‌رپرسیارانه‌ و دڵسۆزانه‌ به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرن و پشتگوێی ناخه‌ن، ئه‌م نامه‌یه‌ ئاراسته‌ی به‌ڕێزتان ده‌كه‌م. وه‌ك ده‌زانن، په‌تای نه‌گریسی كرۆنا،

وه‌ك سوپایه‌كی بێ به‌زه‌یی به‌ربووه‌ته‌ گیانی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و كوردستانیش نه‌ك له‌و په‌تایه‌ به‌ دوور نییه‌، به‌ڵكو به‌ چڕی و به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار به‌رۆكی پێ گرتووه‌. دیاره‌ له‌ دۆخێكی وادا، جگه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ ڕێنماییه‌كان، هیچ ڕێكارێكی دی به‌رده‌ست نییه‌، هیچ گومانێكیش له‌وه‌دا نییه‌، كه‌ برسییه‌تی و هه‌ژارییه‌كی شاراوه‌، ته‌نگی به‌ ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان هه‌ڵچنیوه‌. بێ شك‌ به‌رنامه‌ی كاری به‌ڕێزتان و لێی به‌ خاوه‌ن ده‌ركه‌وتن و و هاوكات كاره‌ خێرخوازییه‌كان و له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ هاوكاری و یارمه‌تییه‌كانی ده‌زگای بارزانیی نه‌مر، تا ئاستێكی به‌رچاو ئه‌و ئاریشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كا، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ كوردستانیش به‌ هۆی بێكاری، په‌نایان بۆ باشووری وڵات هێناوه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا، ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتیان بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك قووتی خێزانه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیانی ببه‌نه‌وه‌، له‌ كیسیان چووه‌ و ئێستا له‌و په‌ڕی بێده‌ره‌تانیدا‌ (زۆربه‌یان به‌ ساقه‌سه‌ری) ده‌ژین و خێزانه‌كانیان ته‌نیا داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ گیرفانی خاڵی و ده‌ستبه‌تاڵییش بێ. بۆیه‌ پێشنیار ده‌كه‌م، دوای ناونووسینیان و له‌ سه‌ر خواستی خۆیان، بفه‌رموون ئاسانكاریی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بكه‌ن، لانیكه‌م با ڕۆژانی قه‌ره‌نتینه‌، له‌گه‌ڵ خێزانی خۆیان به‌ڕێ بكه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ڕی ڕێزدا رۆژنامه‌نووس سالار بابه‌شێخ حیسامی

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *