سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستانPAK وه‌ڵامی ره‌زا په‌هله‌وی دایه‌وه‌

به‌ڕێز حسین یه‌زدانپه‌نا سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، له‌ هه‌ڵوێستێكدا، قسه‌كانی ره‌زا په‌هله‌وی له‌ مه‌ڕ مافی خوێندن به‌ زمانی دایكیی‌ له‌ داهاتووی ئێراندا، گیلانه‌، داگیركه‌رانه‌ و دژ به‌ مافه‌كانی مرۆڤ، دانا.
سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستان قسه‌كانی ره‌زا په‌هله‌وی، به‌ به‌شێك له‌ میراتی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدارێتی شكستخواردووی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وه‌ی و ده‌زگای فیكری ئه‌و به‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ناو برد كه‌ گه‌ره‌كیانه‌ و حه‌ول ده‌ده‌ن سه‌روه‌ریی داگیركه‌رانه‌ی ئێران له‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی دیكه‌ له‌و وڵاته‌دا، به‌رده‌وام بێت؛ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ پاش رووخانی حكوومه‌تی قاجارییه‌كان و هاتنه‌ سه‌ر كاری بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی، به‌ ئامانجی تواندنه‌وه‌ و ئاسمیلاسیۆن و پێكهێنانی یه‌كه‌یه‌كی سیاسیی یه‌ك نه‌ته‌وه‌، یه‌ك زمان و یه‌ك ناسنامه، به‌ پشت به‌ستن به‌ ئه‌ڕته‌ش؛ نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌ نه‌فارسه‌كانی به‌ر په‌لامار و له‌شكركێشی و كوشتار و قڕكردن دا .هه‌روه‌ها،هه‌ر دیارده‌ و نیشانه‌ و دامه‌زراوه‌ و سێمبۆلێكی غه‌یره‌ فارسی، له‌ خوێنی خاوه‌نه‌كانیان گه‌وزاند.

حسین یه‌زدانپه‌نا راده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌و میراتگره‌ بێ تاج و ته‌خته‌ی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی ده‌بوو له‌ جیاتی فه‌رمایشتی وا نه‌فامانه‌، سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌ له‌ ئه‌ژمار نه‌هاتووه‌كانی باوك و باپیری، داوای لێبووردنی له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌ ئازار چێشتووه‌كانی دیكه‌ی بنده‌ستی ئێران، بخواستبایه‌.
رێبه‌ری خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، قسه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی ره‌زا په‌هله‌وه‌ی وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ ناو برد كه‌: ته‌نیا ده‌ستاو ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ نێوان ئه‌م تاقم و ئه‌و ده‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌ی فارس له‌ تاران، كۆتایی به‌ دیكتاتۆرییه‌ت وتووتالیتاریسم و دامه‌زراندنی دێموكراسیی ناهێنێ؛ به‌ڵكوو پێویسته‌‌ ئیمپراتۆریی ئێران هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كورد و باقی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان، مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی سیاسیی خۆیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ و سنووره‌ سیاسییه‌كان به‌ پێی ویست و مافی نه‌ته‌وه‌كان، رێكبخرێنه‌وه‌.
به‌ڕێز یه‌زدانپه‌نا، داسه‌پاندنی هه‌ر جۆره‌ سیسته‌مێكی سیاسیی به‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كوردا ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و پێ له‌ سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی سیاسیی خۆی له‌ رێگای رێفراندۆمێكی ئازاد و گشتییه‌وه‌ داده‌گرێت

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی راگه‌یاندن
19ی ره‌شه‌مه‌ی2718ك
10ی مارسی2019ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *