سڵاو له‌ رۆژی به‌ده‌وڵه‌تبوونی كورد به‌یاننامه‌ی پارتی ئازادیی كوردستانPAK، به‌ بۆنه‌ی حه‌فتاوچواره‌مین ساڵهاتی، دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان

رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی گەورەی کورد!
کوردستانییه‌ وڵاتپارێزەکان!
فه‌رمانده‌كان، پێشمه‌رگه‌كان و‌خه‌باتگێڕانی رێگای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان!

74 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ میتینگێکی جه‌ماوه‌رییدا له‌ شاری مهاباد،
ده‌وڵه‌تی جمهوریی کوردستان راگه‌یه‌ندراو پێشه‌وا وه‌ک سه‌رکۆمار سوێندی خوارد که‌: ” تا ئاخر هه‌ناسه‌ و ئاخر تنۆکی خوێن، به‌گیان و به‌ماڵ له‌ ڕێی راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستاندا” تێبکۆشێ.
دامه‌زراندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان رەتکردنەوەی ناسنامەی ساختەی “ئێرانیبوون” و سووربوون لە سەر ناسنامەی راستەقینەی “کورد بوون” بوو. هه‌روه‌ها ره‌تكردنه‌وه‌ و به‌زاندنی ئه‌و سنوور و ته‌رتیباته‌ سیاسییه‌ بوو كه‌ له‌ “زه‌هاو” و “لۆزان”ه‌وه‌، به سه‌ر كوردا،

سه‌پێندرا بوون.
به‌دامه‌زراندنی جمهوریی کوردستان، نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ به‌شێک له‌ نیشتمانه‌که‌یدا بووه‌ خاوه‌ن سه‌ره‌وه‌ریی سیاسیی و ده‌وڵه‌تێکی مۆدێڕنی نه‌ته‌وه‌یی بنیات نا.
ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان متمانه‌ و باوه‌ڕبه‌خۆبوونی بۆ مرۆڤی کورد گه‌ڕانده‌وه‌ و نیشانه‌ و ئاسه‌واره‌ سیاسی و کولتورییه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری بەر راماڵیندا. 
کۆماری کوردستان له‌ هه‌رێمێکی پچووكی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دامه‌زرا، به‌ڵام به‌ قه‌واره‌ و په‌یام و ئامانج قەوارەیەکی گه‌وره‌ی کوردستانیی بوو. کۆمار ببووە مەکۆی هەموو شۆڕشگێرانی کورد و ئامانج و ئاواتی گشت کوردی له‌خۆ گرتبوو. کۆمار به‌ ته‌ما بوو، پرشنگی رووناکه‌ییه‌که‌ی بگاته‌ هه‌موو پارچه‌ و به‌شه‌کا‌نی نیشتمانی داگیر کراو. هه‌ر بۆیه‌ ببووه‌ قیبله‌ی سیاسیی و هێمای یه‌کبوونی نه‌ته‌وه‌یی کورد.
هه‌موو ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی یازده‌ مانگ ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستاندا وه‌دییهاتن؛ ماوه‌یه‌ک که‌ بۆ خۆڕێکخستن و خۆ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ته‌نیا چرکه‌یه‌ک‌ له‌ مێژوو ده‌ژمێردرێ؛ ئه‌وه‌ش له‌ کردن نه‌ده‌هات ئه‌گه‌ر ژیریی و دڵسۆزیی گه‌وره‌ سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌ک پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و پشتیوانی وەک مەلامستەفا بارزانی نه‌بایه‌.
مخابن، کۆماری کوردستان بوو به‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌کان و سات و سه‌وداکانی رێژیمی داگیرکه‌ری تاران. ئاستی توانای کوردیش نه‌یتوانی هاوکێشه‌کان به‌ قازانجی خۆی رابگرێ و پیلان و ته‌ون و به‌سته‌ سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پووچه‌ڵ بکاته‌وه‌. سه‌ره‌نجام کۆماری كوردستان له‌ لایان ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ داگیركرا؛ سه‌رۆک کۆمار و ژماره‌یه‌ک له‌ باشترین کاربه‌ده‌ست و ئه‌فسه‌رانی کۆمار له‌ مهاباد و بۆکان و سه‌قز له‌ لایان رێژیمی شا و 4 ئه‌فسه‌ره‌که‌ی “هه‌یئه‌تی ئازادیی”ش له‌ عێراق له‌ سێداره‌ دران. خه‌باتگێڕانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ماڵیان لێتێکچوو و په‌ڕه‌وازه‌ بوون.
داگیركرانی کۆماری کوردستان گورزێکی کاریگه‌ری سیاسی و سایكۆلۆژیی بوو له‌ ناسیۆنالیزمی کورد و ئاکام و خه‌ساری گه‌وره‌ و گرانی به‌ دواداهات. به‌م رووداوه‌، کورد له‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌ره‌وه‌ریی سیاسی که‌وت و هه‌موو ده‌سکه‌‌وته‌کانی له‌ کیسچوون. بێجگه‌ له‌وه‌ش پاش چەن ساڵێک، بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد له‌ ناسنامە و رێگای راسته‌قینه‌ی خۆی ترازا و ئامانجی روونی رزگاری و سەربەخۆیی گۆڕا بە حه‌ولی پڕ خه‌رج به‌ڵام بێئاكامی دێموكراتیزه‌ كردنی ئێران . رۆحی ئێرانچێتی و ئایدۆلۆژیای بێگانه‌ ترنجایه‌ نێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد و ئه‌و بنه‌ما فکرییانه‌ی کۆمارییان له‌ سه‌ر بنیات نرا بوو، کرچ و کاڵ بوونه‌وه‌‌ و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له‌ رۆژ‌هه‌ڵاتی کوردستان ناسنامەی‌ “ئێرانیی” بەبەردا کرا.
 هه‌رچه‌ند کۆماری کوردستان داگیركراو، ئه‌و ئاکامه‌ تفت و تاڵانه‌ی بۆ کورد به‌ دواداهات‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و چرایه‌ی له‌ چوارچرا هه‌ڵکرا له‌دڵی رۆڵه‌ به‌ ئه‌مه‌گه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا نه‌کوژایه‌وه‌؛ تێکۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ دۆخ و قۆناخی جۆراوجۆر و هه‌رجاره‌ی له‌ پارچه‌یه‌کی نیشتمان ئاڵای خه‌باتیان هه‌ڵکرده‌وه‌. لە 25ی سێپتامبری 2017دا باشووری کوردستان لە رێفراندۆمێکی مێژووییدا دەنگی بە سەربەخۆیی کوردستانداو، ئەو پەیامەی گه‌یانده‌ جیهان کە نەتەوەی کورد سەرەڕای دژاواییەکانی ئەو رێگایە، دەست لە ئامانجی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت هەڵناگرێ.
دووی رێبەندان، جه‌ژنی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کورد، لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە كه‌ ده‌وڵه‌ت و رێژیمی سیاسیی ئێران، نوقمی قه‌یران بووه‌ و رمانی ته‌خت و به‌ختی ئاخونده‌كان وهاتنی سه‌رده‌می گۆڕانكاریی له‌ ئێران، بووه‌ته‌ ئه‌گه‌رێكی به‌هێز.

له‌ دۆخ وبارێكی ئه‌وتۆدا، پارتی ئازادیی كوردستان، وه‌ک میراتگری راستەقینەی پەیام و بنەما فکری و سیاسییەکانی کۆماری کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ بە عیبرەت لە ئەزموونی زۆر و زەوەندی یه‌ك سه‌ده‌ی رابردوو ، كورد نابێ بڕواتە ژێر هێژموونی سیاسیی هیچکەس و لایەنێکی ئێرانیی . نابێ رێگا بده‌ین خوێنی لاوانی كوردستان و تاقه‌ت و توانای كورد، ببێته‌ پردی په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌وتاقمانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی فارس كه له‌ دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ ناسنامه‌ و ماف و ئازادییه‌كانی كوردا، له‌ ده‌سه‌ڵاتی حاكم، كه‌متر نیین‌. هیوا هەڵبەستن بەوەی کورد له چوارچێوەی ئێران و لە ئاکامی گۆڕینی ناوی دەوڵەت، سیستەمی سیاسی یان جێگۆڕکێی نێوان باڵەکانی نەتەوەی فارس، به مافەکانی بگا، بەهەدەردانی هێز و وزەی نەتەوەیی کوردە.
پارتی ئازادیی كوردستان، پێداده‌گرێ كه‌ پێویسته‌ كورد، به‌ پێوه‌ری گه‌ڤ و ده‌رفه‌ت، هه‌ڵسووكه‌وت له‌ گه‌ڵ هه‌ر رووداوێكی سیاسیی و له‌شكریی له‌ ئێران بكا و كۆی ده‌رفه‌ته‌كان بكاته‌، ڕێگا و هه‌لی راماڵینی هێزه‌داگیركه‌ره‌كانی به‌رفه‌رمانی تاران له‌ كوردستان و هه‌ڵگرتنی سه‌روه‌ریی ئێران [وه‌ك ده‌وڵه‌ت] له‌ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و بەدەستەوە گرتنی سه‌روه‌ریی سیاسی و گه‌یشتن به‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی.
پارتی ئازادیی كوردستان، هاوكات، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌خاته‌وه‌‌ روو كه‌ پاراستنی كورد له‌ هه‌ڕه‌شه‌كان و ده‌رفه‌تسازیی و به‌كارهێنانی ده‌رفه‌ته‌كان له‌ گره‌وی یه‌كێتی و ته‌بایی هێزه‌ سیاسییه‌كاندایه‌. له‌ نه‌بوونی یه‌كێتی و ته‌باییه‌كی پێناسه‌كراوی خاوه‌ن چوارچێوه‌ی قایمی هێزه‌ سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، ده‌رفه‌ته‌كان كه‌متر و گه‌ڤ و هه‌ڕه‌شه‌كان زیاتر ده‌بن.
ده‌با بیره‌وه‌ریی ٢ی رێبه‌ندان ، ئیلهامبه‌خشی خه‌باتمان بێ له‌ پێناو ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جمهووری کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK

کۆمیته‌ی ناوه‌ندی

2 رێبه‌ندانی2719ك

22 ژانویه‌ی 2020ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *