سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەندە بەوەی، رۆژئاوای کوردستانی تێکەڵ بکرێ.

ئه‌مه‌ریكا پلانێكی نوێی بۆ داهاتووی ناوچه‌كه‌ داڕشتووه‌ و له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ عێراق دابه‌ش ده‌كات، به‌شێكی باكوری عێراق و سووریا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنێت و قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی لێ دروست ده‌كات.

ئه‌مه‌ریكا ئێسته‌ دوو به‌رنامه‌ی وردی له‌به‌رده‌سته‌، یه‌كه‌میان به‌ستنه‌وه‌ی کوردی باشور و رۆژئاوا به‌یه‌كتر و دووه‌میشیان عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانی ئه‌نبار و مووسڵ به‌ ناوچه‌ سوننییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، كه‌ ئه‌و پڕۆژەیە له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه‌ به‌ ته‌واوی پاڵپشتی ده‌كرێت.
ئه‌و یه‌كگرتنانه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ و كوردیی عێراق و سووریا به‌ ناوی پرۆژه‌ی “یه‌كگرتنه‌وه‌” كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ، ئامانجیش بێ هێزكردنی وڵاته‌ كاریگه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ نێویان دا توركیا له‌ پێشه‌نگدایه‌، بۆیه‌ ئه‌و پیلانه‌ كه‌ به‌ هاوكاری ڕووسیا و ئه‌وروپا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ، هه‌موو ئامانجه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ لاوازكردنی پێگه‌ی توركیا و گۆڕینی نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئه‌مه‌ریكا جیا له‌و پیلانه‌ ده‌یه‌وێ مانه‌وه‌ی هێزه‌كان له‌ عێراق زۆر فره‌وانتر و جێگیرتر بكات، ئه‌مه‌ش به‌ داپۆشینی ناوی هێزه‌كان له‌ هێزی ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ هێزه‌كانی ناتۆ، بۆیە دەتوانیین بە یارییه‌كی سەرکی دابنێین كه‌ هه‌م خه‌ڵكی عێراق و هه‌م سیاسییه‌كانی پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن.
ڕه‌نگه‌ دیوێكی تری پیلانه‌كه‌ یه‌كخستنی كورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ بێ له‌ عێراق و سووریا و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی هاوبه‌ش بێ بۆیان. ئێستا هه‌رێمی كوردستان و ئەمریکا خه‌ریكی تواندنه‌وه‌ی سنووری نێوان سووریا و عێراقن له‌و ناوچانه‌ی به‌ ده‌ست هێزه‌ كوردییه‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌. بۆیه‌ توركیا و ئێران بەپێویستی دەزانن کە هه‌موو هه‌وڵی خۆیان وەگەڕ بخەن و سەرنەگرتنی ئەو پڕۆژەیە و مانه‌وه‌ی عێراق و سووریا به‌ یه‌كگرتوویی و ڕێگریكردن له‌ دابه‌شكردن و گۆڕینی ناوچه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و ڕووسیا.

بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی به‌غدا بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، دووباره‌ نه‌خشه‌ كۆنه‌كه‌ی دابه‌شكردنی عێراقی هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر مێز، به‌ تایبه‌ت بۆ سوننه‌كان لەئێستا دا جموجۆڵی زۆر خێرا و نامۆ هه‌یه‌، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه‌وه‌.
پاش ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ی عێراقییه‌كان دژ به‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ریان بڕی، دوای كوشتنی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سپای پاسداران، ئه‌مه‌ریكاییەكان، خه‌ریكه‌ بێ ئومێد ده‌بن له‌ هێشتنه‌وه‌ی عێراق به‌و شێوەیە، چونكه‌ له‌و بڕوایه‌دان مانه‌وه‌ی عێراق به‌م نه‌خشه‌یه‌ی ئێستا، هیچ سوودێكی بۆ ئه‌وان نابێ، به‌ڵكوو ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانی هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تی ئێران و توركیا، ئه‌وەش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نییه‌ و به‌ توندی دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌.
گه‌یشتنی ئێران له‌ ڕێی عێراق و سووریا به‌ لبنان و هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ سه‌ر ئیسرائیل و ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌، پێویستی به‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی ڕیشه‌یی هەیە، بۆیه‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ سنووری ئوردنه‌وه‌ تا توركیا به‌ ته‌واوی ئارامی و ئاسایشی ئیسرائیل ده‌پارێزێ و ده‌بێته‌ به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م ئێران.
هۆكاری سووربوونی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراق، زیاتر بریتییه‌ له‌ پرسی ڕێگریكردن له‌ ئێران و گه‌یشتنی به‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست له‌ ڕێی عێراقه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌نبار و سه‌لاحه‌دین و مووسڵ و كوردستان هه‌ن، كه‌ ئه‌مانه‌یش ڕێی گه‌یشتنن به‌ سنووری سووریا و له‌وێوه‌یش به‌ لبنان و ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ئیسرائیل.
به‌ دڵنیاییه‌وە عەرەبستانی سعوودیه‌ له‌ ڕووی مادییه‌وه‌ پشتیوانی ته‌واوی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كات، به‌ تایبه‌ت له‌ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ سوننه‌كان كه‌ ئه‌نبار به‌شی سه‌ره‌كی و دڵی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بێت.
به‌ گشتی واشنتن ده‌یه‌وێ له‌ ڕێی دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌ک له‌ نێوان كورد و سوننه‌ و سعوودیه‌ به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م ئێران دروست بكات و خه‌ونه‌كه‌ی بۆ دروستكردنی هیلالی شیعه‌ به‌ ته‌واوی كۆتایی پێ ده‌هێنێت.
هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕابردوو ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ ده‌ست بۆ هه‌نگاوێكی له‌مشێوه‌یه‌ به‌رن، به‌ڵام دۆخی ئێستا جیاوازه‌، چونكه‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو شتێك له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و به‌ زۆر ده‌كرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ لەعێراق، بۆیه‌ گومانی تێدا نییه‌، ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌وه‌ستان نابێت، ئه‌گه‌ر فشاره‌كان بۆ ده‌ركردنی زیاتر بكرێن، پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی عێراق بۆ سێ ناوچه‌ی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز باشترین بژارده‌ ده‌بێ له‌به‌رده‌م كۆشكی سپی.
ئا: لاجانی

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *