شێرکۆ سەلیمی: تەوارەکان شەققەی باڵی ئازادی ژنان

کەلتووری ئەو میللەتانەی کە کوردستانیان پێوە لکێندراوە پڕە لە پێشێلکاری و زووڵم دەرحەق بە ئافرەت و بە سوک چاولێکردنی، بەڵام ئافرەتی کورد هیچ کات دەستی لە مافە ڕەوا و سەرەتاییەکانی هەڵنەگرتووە و بگرە ئەزموونێکی بایەخدار و بێهاوتای تێکۆشانی شێلگیرانەی لە پێناو مافەکانی نیشتیمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی هەیە.

ئەگەر ئاوڕدانەوەیەکی کورتمان هەبێ بەسەر مێژووی ئەو چەند سەدەیەی دوایی ناوچەکەدا، دەتوانین ڕۆڵی بەرچاوی ئافرەتان لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، کەلتووری و ئابوریدا شاهید بین و دەبینین کە ژنانی کۆمەڵگاکەمان لەگەڵ پاراستنی هەرێمی کۆمەڵگا توانیویانە لە بەشە جیاجیاکاندا، زۆر ژیرانە و بوێرانە ڕەچەشکێن بن.
ئێستاش لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی بە زۆر بە ئێران لکێندراوەوە بۆ هەوەڵین بار دەبینین کە هێز و توانای ئافرەتان لەخزمەت بە دەوڵەتبوونی کوردستان دا خۆی دیتۆتەوە و ژنانی شۆڕشگێڕی گەلەکەمان وا خەریکن گوڵاڵەسوورەکانی ئازادی و سەرفرازی بۆ بەهاری دوا رۆژی نەوەکانیان دەڕوێنن.
شێرە ژنانی وڵاتمان ئەو ڕاستیەیان سەلماند کە ئازادی و سەربەخۆیی نیشتیمان گرینگترین کاری سەر شانی ئەوانە و قوربانیدان لە پێناو کوردستان بە پیرۆزترین ئەرکی خۆیان دەزانن و مەرگ لەو پێناوە دا بە شانازی.
دامەزراندنی تەوارەکانی ئازادیی کوردستان بۆ ئەوەی بو کە ژنانی کورد لەسەر زێدی باوباپیرانیان بە هەموو ئەو ماف و ئازادیانەی ساڵەهای ساڵە لێی بێبەش کراون بگەن و چی‌دیکە دایکانی کوردستان شاهیدی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان و ئەنفاڵکردنی کچەکانیان نەبن و لەو پێناوەشدا نیشانیان داوە کە بۆ بەرگری لە کوردستان و دەستکەوتەکانی بە خوێنی ئاڵ و گەشیان سەنگەرەکانی پێشەوەی خەبات دژ بە تاریکی و تاریک پەرستان دەپارێزن.
(تاک) لەو بڕوایە دایە کە ئازادی و پێشکەوتنی هەر میللەتێک و نیشتیمانێک بەستراوە بە ئازادی و پیشکەوتنی ئافرەتی ئەم میللەتە و نیشتیمانە و ئافرەتی کوردی داینەمۆی خەباتی ئازادی و پیشکەوتنی کورد و کوردستانە. هەر بۆیەش دەبینین ڕوڵی ئافرەتان لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتیماندا لە ڕیزی تەوارەکانی ئازادیی کوردستان بۆتە هێما و سیمبۆلی بەرخۆدان و توانا و لە خۆڕادیتن و کوردستانێکی یەکپارچە و سەربەخۆ کە تێیدا تەواوی ئازادی و ماف و ئیمتیازاتی ژن بەدیهاتبێ ئاواتی هەر تەوارێکی تیژباڵی نێو ئەو ڕیزانەیە و خەباتەکەشیان هەر لەو پێناوە دایە و لەو بڕوایە دان کە هەر چەشنە خەباتێک کە بۆ سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کوردستان نەبێ تەنیا بەفیڕۆدانی توانا و هێزی ژنانی نیشتیمانە.
تەوارەکانی ئازادیی کوردستان لە ئێستادا بەو نەزم و دیسیپلین و خۆ ئامادەکردنەیان بوونەتە باسکی بەهێزی پارتی ئازادیی کوردستان و هەرکات ئامادەن بۆ زەبر وەشاندن لە هەر داگیرکەرێکی ئەو وڵاتەو ڕاماڵینیان لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان، لە بەرانبەریشدا ئەو بایەخ و گرینگییەی لەلایەن سەرکردایەتی (پاک)ەوە بە خەباتی ئافرەتان دەدرێ تا ئێستا لە نێو هیچ کام لە حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان دا بەدی نەکراوەو هەر ئەوەش ئیسپاتکردنی ئەو حەقیقەتەیە کە (پاک) هەردەم بەیەک چاو سەیری ئافرەت و پیاوی کردووە.
پەیوەست بوونی هەرچی زیاتری کچانی نیشتیمانمان بە ڕیزی تەوارەکانی ئازادیی کوردستان بە مانای زامن کردنی زیاتری ئازادی دواڕۆژی ئافرەتانی وڵاتەکەمانە و شەققەی باڵی هەر تەوارێک لە ئێستادا، شەققەی باڵی کۆتری ئازادی دوا ڕۆژی ژنانی نیشتیمانمانە.

تەوارەکان، شەققەی باڵی ئازادی ژنانکەلتووری ئەو میللەتانەی کە کوردستانیان پێوە لکێندراوە پڕە لە پێشێلکاری و زووڵم…

Slået op af Sherko SalimiTorsdag den 7. maj 2020

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *