شێرکۆ سەلیمی:ســــپای میللیــــــی کوردســـــــتان هێــــــزی هــــــزر و بــــــاوەڕی نەتەوەییــــــمان

هەبوونی سپایەکی نیشتیمانی بو هەر میللەتێک و نەتەوەیەک خاڵێکی جەوهەری و زامنێکە بۆ پاراستنی ماف و بەها گرینگەکانی ئەو میللەت و نەتەوەیە.
هەر لە کۆنەوە هەمووکات ئەو گەل و میللەتانەی کە ساحیبی سەروەت و ژێرخان و سەرخانی بە پیت بوون، دەبوونە ئامانجی هێرش و تاڵان کردن لەلایەن دراوسێ و نەیارانیانەوە. وڵاتی کوردستانیش بەو پێیەی کە خاوەنی بەپیت‌ترین خاکە و پڕیەتی لە کانزا و هەروەها لە چوارڕێیانی شارستانیەت و هاتووچۆی ئەوکات و ئێستای دونیادا هەڵکەوتووە هەموو کات چاوی تموحی گەل و نەتەوەکانی دیکەی لەسەربووە و دەبێ و دیتومانە زۆر کات ئەو گەلانەی کە خۆشیان بە دۆستی گەلەکەمان پێناسە دەکرد هرووژمیان بۆ هێناوین و جەستەی نیشتیمانەکەمانیان شەکەت کردووە و دەستیان لە هیچ دزی و تاوانێک نەپاراستووە. لەو نێوەندە دا تەنیا ئێمەی کوردین کە لە تەواوی دەورانی مێژوو دا، دەستدرێژیمان نەکردووەتە سەر هیچ گەل و میللەتێکی دیکە و هەمیشە بەرگریکار بووین لە ماف و کەڕامەت و خاکەکەمان.

بە چاولێکردن لە مێژووی گەلان لە ڕابردووەوە تا ئێستا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دونیا شاهیدی دو دەستە گەل و میللەت بووە:
دەستەیەکی کە خاوەنی هیچ ئیمکانیاتێک نین یان ئەگەر هەشیان بێ زۆر کەمە، ئەو گەلانە هەمیشە خۆیان لە نەتەوەخوازی و نەتەوەپەرستی پاراستووە و دەیانهەوێ لەڕێگای دابەشکردنی ئیمکانیاتی گەلانی دیکەی دونیایە ببنە خاوەنی سەروەت و سامانێک بۆخۆیان. هەر بۆیەشە هەر ڕۆژەو تێز و تیۆریەکی بریقەدار دەردەکەن و ڕێوشوێن بۆ خەڵکانی دواکەوتەی خۆیان دادەڕێژن.
دەستەی دوهەم ئەو گەلانەن کە بە نێوی نەتەوەپەرستی و بە کۆکردنەوەی هێز، هەوڵی چەوساندنەوە و داگیرکاری گەلانی بندەستی خۆیان دەدەن و هەوڵی بە کۆلۆنی کردنیانیان داوە بۆ دزین و تاڵان کردنی ئیمکانیات و سامانی گەلە ژێردەستەکانیان.
لەو نێوەندە دا لایەنێکی سێهەم هەیە کە لە تەواوی مێژوو دا سەرەڕای وەی کە جیاوازی خۆی نیشان داوە بەڵام نەیتوانیوە خۆی وەک فاکتەرێکی کاریگەر دەربخا و ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی لە ئاڵوگۆڕەکانی دونیادا پیشان بدا، ئەویش میللەتی کوردە.
ئێمە بە پێچەوانەی دەستەی هەوەڵ ساحیبی هەموو ئیمکانیات و سەرخان و ژێرخانێکی بە پیتین و دەوڵەمەندترین میللەتی دونیایەین.
دیسانیش بە پێچەوانەی دەستەی دوهەم هیچ کات هەوڵی داگیرکاری و تاڵانی و دزیمان نەداوە و باشترین جۆری ئینسانیەت و ئەرزش و بەها باڵاکانی ئینسانیمان بۆ دونیایە هێناوەتە دی.
هەڵەیەکی یەکجار زەق و بەرچاوی کە تا ئێستا لە زۆربەی حیزب و لایەن و تاقمەکان بەرچاو کەوتووە ئەوەیە کە دێن و میللەت و نەتەوەی کورد بەراورد دەکەن بە گەلان و میللەتانی دیکە بەڵام دەبێ بزانن کە میللەتی ئێمە جیاوازە لە هەموو میللەت و نەتەوەکانی دیکە و ناتوانین و نابێ هیچ کات خۆمان بێنینە ڕێزەی هیچ نەتەوەیەکی دیکە لە دونیایەدا.
ئێمە جیاوازین و هەڵسەنگاندنی خۆمان بە میللەتانی دیکە زووڵمێکی گەورە و گوناحێکە کە چاوپۆشی لێناکرێ جا لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێ.
ئێمە گەلێک ئیمتیاز و ئەرزشمان هەیە کە لە مێژووی چەندین هەزار ساڵەی شارستانیەتەکەمان دا بەدەستمان هێناون و هەمیشەش پابەندی بنەما وپڕەنسیپهایەک بووین و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ ڕامانگرتوون. مەگەر نابینن کە دوژمنان و داگیرکەرانمان چۆن کەوتوونەتە گیانی پەیکەری شارستانیەت و مێژووی گەلی کورد و دیانهەوێ هەرجۆرێک بێت ئاسەوارێک لە تێگەێشتوویی و پێگەێشتوویی گەلەکەمان لە هەموو دەورەکانی مێژوو دا نەهێڵنەوە. ئەوان گەرەکیانە بە لەبەین بردنی مێژوومان بمانسڕنەوە.

بەلەبەر چاوگرتنی تەواوی ئەو خاڵانەی باسمان کردن بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەبوونی سپایەکی میللی و نیشتیمانی بۆ گەل و میللەتی ئێمە چەندە پێویستە ودەبێ بۆ زیندووکردنەوەی شارستانیەت و مێژووی کۆنمان، هەستاندنەوەی بەشە داگیرکراوەکانی خاکەکەمان، پاراستنی دەستکەوت و مافەکانی ئێستامان و پێشگرتن لە ڕاماڵین و پاکتاوکردنمان هەرچی زووە، هەموومان دەست بدەینە دەستی یەکتر و جیاواز لە حیزبایەتی و دەستە دەستێن و باڵ باڵێن ئەوەی لە دەستمان دێ بۆ یارمەتی‌دانی ئەو سپایە دەریغی نەکەین وهەر کاممان و بە هر چەشنێک بێ دەبێ ڕۆڵی خۆمان لەو ئەرکە پیرۆزە دا بگێڕین و سەرفرازی لە بەرانبەر نەوەکانی داهاتوومان بۆخۆمان تۆمار بکەین.

#PAK-EU

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *