شێرکۆ سەلیمی:(پاک ماڵە گەورەکەی هەموان)

بۆ لەسەر پاک دەنووسم؟

لە ماوەی ڕابردوودا گەلێک دۆست و هاوڕێ پەیوەندیان پێوە گرتووم و لێم دەپرسن ئاخۆ بۆچی ئەمنێک کە هەمیشە دژ بە حیزبایەتی بووم و لەو باوەڕە دابووم کە گەورەترین بەربەست بەرانبەر خەباتی ڕزگاری نەتەوەکەمان هەمانا حیزبایەتی و دابەشبوونە ئەدی چۆنە ئێستا بە تەواوی توانامەوە پاڵپشتی لە پارتی ئازادیی کوردستان دەکەم و لەسەر ئەو پارتە دەنووسم و لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک دا باسیان دەکەم و لەسەریان دەدوێم؟

ئایا بڵێی بیر و باوەڕم گۆڕدرابێ یان ئەوەی کە شتێکی دیکە لە ئارادابێ؟
لە جوابی تەواوی ئەو ئازیزانە دا دەمهەوێ لەو چەند دێڕەی خوارەوەدا ڕوونی بکەمەوە کە بۆچی ئەو هەڵوێستەم گرتە بەر و چۆن دەڕوانمە ئەو پارتە و هەروەها تێڕوانینی ڕێبەر و بەڕێوەبەرانی لەسەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان چ کاریگەریەکی ئەرێنی خستە سەرم و هەستم بەرانبەریان چۆنە.

بەلەبەرچاوگرتنی خەبات و تێکۆشان و ئامانج و پڕەنسیپەکانی پارتی ئازادیی کوردستان و ئاگاداربوون لە مانیفێست و تێڕوانین و خەونەکانی دامەزرێنەری هەمیشە زیندووی و سەرکردایەتی ئێستای پاک، زۆر بە ڕوونی لێمان مەعلوم دەبێ کە ئەو هێزە، دامەزراوە بۆ ڕزگاری یەکجارەکی خاکە داگیرکراوەکەمان و نەتەوە چەوسێنراوەکەمان.
جیاوازیەکی یەکجار بەرچاوی ئەو پارتە لەگەڵ تەواوی حیزب ولایەنەکانی دیکە ئەوەیە کە بە شەهامەتەوە بانگی ڕزگاری و سەربەخۆیی و سەربەستی دەدا و بە دەوڵەت‌بوونی کوردستان تەنیا ئامانجی ئەو حیزبەیە. ئەوەش ئاوات و ئارەزووی وەدینەهاتووی تەواوی کوردپەروەران و ڕزگاریخوازانی گەلەکەمانە بە منیشەوە. ئێستاش کە دەبینم لە دوای ساڵەها چەوسانەوە گەلەکەمان بووەتە ساحیبی وەها هێزێک بە ئەرکی سەر شانی خۆمی دەزانم کە هەرچی لە دەستم بێ بۆ یارمەتی دانی پارتی ئازادیی کوردستان دەریغی نەکەم و بە تەواوی توانامەوە پاڵپشتیان بکەم، چونکە ئامانجی پاکی ئەو پارتە بە ئامانجی خۆم دەزانم و دەبینم کە پاک بووەتە مەکۆی کۆکەرەوەی تەواوی نەتەوەخوازان و کوردپەروەران و لایەنگرانی بە دەوڵەت‌بوونی کوردستان.
دەتوانن باش ببینن کە جگە لە پاک، تەواوی حیزب و لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی بە ئێران لکێندراومان لەمێژ ساڵە خراونەتە گێژاوێکی کە بۆخۆشیان سەریان لێی دەرناچێ و نازانن دەبێ چۆن ڕێگای هاتنە دەر لەو سەرلێشێواویە بدۆزنەوە. زۆربەیان بەدوای ئایدۆلۆژیا و فکر و ئیدەهایەکنەوە کە هەموویان لە دونیای واقیع دا دۆڕاون و شکستیان خواردووە. بەشێکی دیکەشیان ئێستاش لە چوارچێوە لەرزۆکەکانی نێوان فێدێراڵی و خودمووختاری دا هاتووچۆ دەکەن. بۆیەشە هەر رۆژە و شاهیدی دابڕان و لێکترازان و جیابوونەوەیەک دەبن کە هەمووی تەنیا لە ئاکامی لێ حاڵی نەبوونیانە لە واقعیەتی کوردستان و ڕەمزەکانی نەتەوەییمان.
بەڵام دەبینین پارتی ئازادیی کوردستان چۆن ژیرانە توانیویەتی ڕێگای ڕاستی ڕزگاری خاک و نیشتیمان و میللەتەکەمان بدۆزێتەوە و هەڵۆ ئاسا لەسەر شاخی بەرزی سەربەستی و سەرفرازی ئەو گەلە هەڵدەفڕێ و بناغەکانی هێلانەی دەوڵەتەکەمان پتەو دەکا.
دیتوومە کە چۆن تەواوی حیزب و لایەنەکانی دیکە خوێنی لاوانی بەهەستی ئەو گەلەیان کردە فیدای بنەمای پڕوپووچ و ڕۆڵە جوانەکانمانیان کردە قوربانی نەزانی خۆیان بەڵام دەبینم کە چۆن کچ و کوڕە قارەمانەکانمان خوێنی خۆیان لە نێو پاک دا تەنیا بۆ سەربەخۆیی و بە دەوڵەت‌بوونی کوردستان دەڕێژن و ئەوەیە ئەو حەقیقەتەی هەمیشە لێی دەگەڕام.
هەموومان دەبینین کە چۆن سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی پاک، کێچی خستووەتە کەوڵی داگیرکەرانمان و چۆن چڵکاوخۆرانی سەر بە ڕێژیمی ئاخوندی شەوو ڕۆژیان لێ حەرام بووە بۆ لەمپەر درووست کردن لە بەرانبەر گەشە کردنی ئەو هێزە دا. بەڵام بە خۆشحاڵیەوە هەر ڕۆژەو لە گۆشەیەکی ئەو نیشتیمانە شاهیدی پەیوەست بوونی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانین بە کاروانی سەربەخۆییخوازی. کاروانێکی کە سەرقافڵەیەکی ئاگا و بە غیرەت ڕێبەرایەتی دەکا و بە یەقین دەگاتە سەرمەنزڵی ڕزگاری و دەستەبەر کردنی مافەکانمان.
هەر بۆیەشە پاک لە ئێستادا تین و گووڕی خەباتی ڕۆژهەڵاتە و لە داهاتووشدا بڵێسەکانی ڕزگاری نەتەوەکەمان لە هەناوی پاکەوە دێتە دەرێ.

بە بڕوای من پاک حیزب نیە بەڵکو بەرەیەکی فراوانە دژ بە دوژمنان و داگیرکەرانی خاک و وەتەنمان و قەڵایەکی قایمە بۆ پاراستنی هزری نەتەوایەتیمان و باوەڕ و خۆڕاگریمان.
پاک چەتری کۆکەرەوەی بیرە ئازادیخواز و هەستە سەربەخۆییخوازەکانی یەک بە یەکی نیشتیمانپەروەران و ئەویندارانی خاکە پاکەکەمانە.
جا بۆیە لە بڕوای مندا، پاک و ئامانج و بەرنامە و ئاوات و ئارەزووەکانی، خەبات و تێکۆشان و ڕوڵەکانی و ڕێبەرەکەی زۆر لەوە گەورەترن کە لە چوارچێوەی بیری تەسکی حیزبایەتی دا ببیندرێن و موڵکی نەتەوەیی و سامانی گشتی هەموو تاکێکی کوردستانن.

#PAK-EU

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *