شێرکۆ سەلیمی:پاک چۆن خۆی لە دڵی گەلەکەمان دا جێ کردەوە؟ (بە بۆنەی 29ساڵ خەبات بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی)

پارتی ئازادیی کوردستان تاکە هێزە لە مێژووی خەباتی ڕزگاری نەتەوەکەمان کە پشتی بە هیچ کام لە داگیرکەرانی خاکەکەمان نەبەستووە و تەنیا بە باوەڕ بەخۆبوون و هێز و وزەی کچان و کوڕانی خۆمان توانیویەتی خۆی لە ساتە تەنگانەکاندا ڕزگار بکا و بگاتە قۆناغی پێشکەوتن و گەشەسەندن.
ئەو پارتە زۆر چاک بە تەواوی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی نیشان دا کە خەبات بۆ ڕزگاری کوردستان و ئازادی نەتەوەکەمان لە بندەستی دەبێ چۆن بێ و تەنیا دەبێ بۆخۆمان پشت و پەنای یەکتری بین و هیچ داگیرکەرێک ناتوانێ ببێتە جێگای متمانە پێکردن.

ئەمە خاڵێکی جەوهەری و گرینگە کە دەبینین وشەی بڕوابەخۆبوون بووەتە بەشێکی دانەبڕاوی خەباتی پارتی ئازادیی کوردستان.

هەروابێتەوە پارتی ئازادیی کوردستان تەنیا هێزە کە توانی بە دەوڵەتبوونی کوردستان بکاتە ئامانجی سەرەکی و ڕاستەقینەی خۆی و لەو پێناوە دا خەبات و تێکۆشان بکا.
پاک بیر و هزری نەتەوەیی و بڕوابەخۆبوونی تێکەڵ کرد بۆ کردنەوەی دەرگای ئازادی گەلەکەمان و ئەویش هەمانا سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کوردستانە.
تەواوی ئەوانەش لە کاتێک دا ڕوو دەدەن کە باقی حیزبەکان یان خەریکی شەڕە دندووکەن و یانیش بونەتە داردەستی داگیرکەرانمان و هیچ کام ناوێرن بە یەک وشەش باسی دەوڵەت و سەربەخۆیی بکەن.

لە لایەکی دیکەوە زیندووکردنەوەی جوغرافیای حەقیقی کوردستان کە بە تەواوی لە فکر و باوەڕی لایەنەکانی دیکە شۆرابۆوە وەک میداڵیای ئیفتیخار بە سینگی پارتی ئازادیی کوردستان دەدرەوشێتەوە و بۆ هەمیشە ئەو سەربڵیندیەی بۆخۆی تۆمار کرد.
پاک توانی بە دەست دانان لەسەر ئەو بەشانەی کوردستان کە لەبەر سیاسەتی داگیرکەرانمان لە ساڵەهای ڕابردوودا دەهاتن کە بۆ هەمیشە لە جەستەی نیشتیمانەکەمان دابڕێندرێن دیسان ڕۆڵەکانی ئەو بەشانە بە مێژوو و ڕەسەنیەتی خۆیان ئاشنا بکاتەوەو خەونی لەمێژینەی دوژمنانمانی بۆ لێکترازاندنی خاکەکەمان بۆ هەمیشە لە گۆڕ نا.

هەروەها پاک نیشانی دا کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران لە نێوان هیچ کام لە بەشە لێکدابڕاوەکانی کوردستان جیاوازی دانانێ و لەهەر کوێ دەرفەتی هەبێ پێش بە پیلانەکانیان دەگرێ.
دیتمان کە کاتێک داعش هێرشی کردە سەر باشووری نیشتیمانمان چۆن پارتی ئازادیی کوردستان بە بیرێکی ژیرانە تێگەیشت کە هێزی تاریکی خوازی داعش دەستکردی دوژمنانی گەلی کوردە بۆ زەبر لێدان لە دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان و هەر لە هەوەڵین ڕۆژەکانی هێرشیان بۆ سەر کوردستان بەرانبەریان ڕاوەستا و لە یەکێک لە گرینگترین و حەساسترین جەبهەکانی شەڕ دژی ئەو ڕێکخراوە پڕچەککراوە، بە خوێن سەنگەرەکانی بەرگریان پاراست و نەیانهێشت دوژمن تاقە بستێک بێتە پێشەوە و بگرە لە چەندین عەمەلیاتی سەرکەوتوو توانیان بەشێکی بەرچاو لە ناوچە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستان ئازاد بکەنەوە.
لە دوای ئەویش و پاش خیانەتە تاڵەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر و هێرشی حەشدی وەحشی بۆ سەر کوردستان بەرگریەکی بێوێنەیان نواند و بۆ هەتا هەتایە داستانێکیان تۆمار کرد کە نەوەکانی داهاتوومان نەسڵ بە نەسڵ باسی لێوە دەکەن.

پاک تاکە لایەنە کە لە ئێستادا داوای یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەو پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی تۆکمە و پۆشتەی سەربازی دەکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری سێدارە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتمان.
بەو مەبەستەش بۆخۆی نیشانی داوە کە چۆن کچان و کوڕانی نەتەوەکەمان لە ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بە دیسیپلین و نەزم و ماندوونەناسی، شەو و ڕوژیان لەسەر یەک داناوە و خەریکی خۆ حازرکردنن بۆ ڕزگاری یەکجارەکی نیشتیمانمان.
هەر بۆیەشە شاهیدین پاک لە ئێستادا بووەتە هێلانەی تەوارە تیژباڵەکان و هەڵۆ بەرزەفڕەکانی کوردستان.

هەر وەک دەبینین پاک کاریگەرترین هێزی جەرگەی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دژ بە دڕندەترین دوژمنی گەلی کورد و هەر ئەوەش کارێکی کردووە کە لە هەموو لایەکەوە بکەوێتە بەر پەلامار و هێرشێکی ناڕەوا بکرێتە سەری. بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەو فشار و هەڕەشانە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندنی بەردەوامە و زیاتر خۆی لە دڵی تاک بە تاکی کومەڵانی خەڵکی کوردستان دا دەبینێتەوە.
گەلەکەمان بەلەبەر چاوگرتنی تەواوی ئەو ڕاستیانە باشترین پاداشیان داوە بە خەباتی ڕۆڵەکانیان لە نێو ڕیزەکانی ئەو حیزبە دا و بە پیشاندانی پشتگیری بەردەوامیان لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان، ئاوری تۆڵە دژ بە داگیرکەران زیاتر گڕ دەدەن و خەریکە وا بڵێسەکانی داوێنی دوژمنانمان دەگرێتەوە.

دڵنیاین لەوەی کە ئەو حیزبە وەک هەمیشە ساحیبی پڕۆژە و بیری تازەیە و دیسانیش بە داهێنانی چەمکی تازە لە ئەدەبیاتی فیکری و سیاسی کوردستان دا ڕەچەشکێن دەبێ.

سڵاو لە دامەزرێنەری ئەو ڕێبازە و درێژەپێدەرانی ڕێگاکەی

هەر سەرکەوتوو بێ بەرەی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کوردستان.

http://pak-eu.com/

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *